سێ چاپکراوی نوێی پلاتفۆڕمی مینێرڤا

دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەی یەکەمی بڵاوکراوەی “مینێرڤا”، کە تایبەت بوو بە “ئەڤانگاردەکان. لە نوێترین بڵاوکراوەیاندا پلاتفۆڕمی مینێرڤا، سێ لە نۆبەری چاپکراوەکانیان پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد، کە سێ کتێبی پێویست و گرنگن بۆ کتێبخانەی کوردی. یەکەمیان کتێبی ” ژنی نوێ”یە لە نووسینی ئەلێکساندرا کۆلۆنتای و لە وەرگێڕانی خەڵات عەلی-یە. کتێبی دووەم نوێترین کتێبی “پێشڕەو محەمەد”ە بەناونیشانی “ڕەچەڵەکناسیی کەمپ؛ لە کەمپی کۆڵۆنیالیزم-ئاوشڤیتزەوە بۆ کەمپی پەنابەران”، کە لێکۆڵینەوەیەکە سەبارەت بە ڕیشەکانی کەمپ وەکو مۆدێلێکی نوێی داماڵینی مرۆڤ لە چالاکی و دەستبەسەرداگرتنی جەستەیی و هزریی. یان کەمپ وەک شوێنی لەسیاسەتخستنی پەنابەر، کە مۆدێلیکی نوێ، یان فۆڕمێکی نوێی دەوڵەت-نەتەوەیە
هەرچی کتێبی سێیەمە کتێبیکی تیۆدۆر ئادۆرنۆیە بەناونیشانی “ڕووخسارەکانی ڕاستڕەوی نوێی توندڕەو”، کە هێرۆ خوسرەوی کردوویەتی بە کوردی. ئەم وانەوتارە لە ساڵی (١٩٦٨) نووسراوە کە ڕامانەکانی ئەو دەربارەی ڕاستڕەوی نوێی توندڕەوی ئەوکات بوو و هەڵبەت ڕیشەی درێژبۆتەوە بۆ هەنووکە. ئەم وانەوتارەی ئادۆرنۆ کە بۆیەکەمجار لە ٢٠١٩دا بڵاوکرایەوە، هۆشداریی ئەوەمان پێدەدات کە ئێمە ئێستا لە مێژووی ئەڵمانیادا کەوتووینەتە بەردەم بارودۆخ و هەلومەرجێکی زۆر تایبەتەوە.
سەرپەرشتیارانی پلاتفۆڕمی مێرنیڤا ئەوە دەخەنەڕوو کە ئەم بڵاوکراوانەیان بەبێ پاڵپشتی دارایی و بەشێوەیەکی خۆبەخشانە چاپ و بڵاوکردووەتەوە و ئومێدیان وایە کە بتوانن بەردەوامی بەم کارە بدەن.
پلاتفۆڕمی مینێرڤا؛ پلاتفۆڕمێکی هزریی نوێخوازانەیە و دەخوازێت کار لەسەر فیکریی نوێ و پرسە هەنووکەییەکان بکات و کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕ لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان سەرپەرشتی دەکەن.

ھەواڵی زیاتر