پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مانیفێستی دڵڕەقیی

به‌رزان هه‌ستیار

وامزانی که‌روێشک له‌ ساتی سه‌ربڕیندا ئه‌گری،
تومه‌س، گله‌ییه‌، به‌ ده‌نگی به‌رز له‌ ئێمه‌ی ئه‌کا!

که‌ڵه‌شێر، به‌یانیان..
خوێنڕێژیی دوێنێمان بیر ئه‌خاته‌وه‌،
نه‌ک ڕۆژبوونه‌وه!!‌

که‌و، یه‌که‌مین وانه‌ی براکوژیی…
له‌ قابیله‌وه‌ فێر بوو

شه‌مشه‌مه‌کوێره‌،…
به‌ ڕۆژ له‌ بێمروه‌تیی ئینسان چاو دائه‌خا و
به‌ شه‌و، بۆ ورده‌ شووشه‌ی گوناهه‌کانمان ئه‌گه‌ڕێ

گوێدرێژ له‌ ئیفلیجییمان دڵنیایه‌،….
بۆیه‌ به‌ کۆڵ، کوێمان بوێ ئه‌مانگێڕێ

کوونه‌په‌پوو، ئه‌و که‌لاوانه‌ ئه‌ژمێرێ…
که‌ ئێمه‌ له‌ ته‌لاره‌کان دروستی ئه‌که‌ین

ڕه‌نج به‌خه‌سار، سه‌گ‌‌،…
هه‌ر کلیلی وه‌فامان ئه‌داته‌ ده‌ست و
ونی ئه‌که‌ین

ئاسك، له‌ مه‌رگی خۆشیدا..
(میسک) مان پێئه‌به‌خشێ و
ڕووزه‌رد نابین!!

بزن نانی شوان ئه‌خوا و
شوان، بزنه‌که!‌

گورگ، دوو پێی تر قه‌رز ئه‌کات بۆ هه‌ڵهاتن…
که‌ ئێمه‌ به‌کوڵ پێئه‌که‌نین!

که‌ به‌ پشیله‌ ئه‌ڵێین سپڵه‌،
ئه‌و له‌ دڵی خۆیدا..
بۆ حاڵی ئێمه‌ ئه‌داته‌ قوڵپی گریان

خاڵخاڵۆکه‌ ماڵی خاڵیشمان پیشاندا…
لێناگه‌ڕێین بگاته‌وه‌ به‌ر ده‌رگای خۆی!

که‌سێ، دڵ نابه‌خشێ به‌ مه‌یموونه‌ غه‌مگینه‌کان
ئه‌و مه‌یموونانه‌ی، ئای چه‌ند قاقامان…
به‌ دیار زه‌لیلبوونیانه‌وه‌ لێدا.

ئه‌ڵمانیا/ کۆلن
مارتی 2013