پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كه‌ تۆ هاتی

كاروان عه‌بدوڵڵا

كه‌ تۆ هاتی…
دڵۆپه‌ بارانێك نه‌ئه‌باری
كه‌چی بۆنی بارانت لێئه‌هات
کە تۆ هاتی
دڵت خستبوه‌ نێو میهری په‌نجه‌كانت
به‌سه‌ر ته‌لبه‌نده‌كانی مەحالیشدا بازت ئه‌دا
كه‌ تۆ هاتی..من بینیم
له‌دواته‌وه‌ چ تۆفانێكی سه‌رشێت راوی ئه‌نای
كه‌ گه‌یشتی..
له‌پێك لە شەوقی خۆر
ئامێزێك لە نەرمی باوەش
گوڵێكی شەکەت لە تەنیایی
شەڵالی بێئۆقرەییم بوون
كه‌ هاتی..
چاوه‌كانت
گۆمێكی قوڵی پڕ گومان بوون
ماسیه‌ بزێوه‌كانی ئه‌وین
له‌ نێویاندا، مه‌له‌وانترین مه‌له‌وان بوون
تۆ کە هاتی، حه‌زت لێبوو..
ته‌نیاترین مه‌خلوقی خودا و
تاریكترین رۆژه‌كانی تاریكی بین
حه‌زم لێبوو..
بێكه‌سترین كه‌سانی سه‌ر زه‌مین و
خه‌یاڵیترین ساته‌كانی ته‌مه‌ن بین
تۆ کە هاتی
مشتێک بووی لە گڕ و ئاو
لەمندا بوویتە خۆڵ و
لەتۆدا بوومە هەتاو
كه‌ تۆ هاتی..
لە چاومدا خۆرێک لە بینین کوێر ئەبوو
لە رۆحمدا تەلارێک دائەکەوت و
نغرۆی خەرەندەکان ئەبوو
هەر کە هاتی
حه‌زت لێبوو..
حه‌زم لێبوو..
درێژترین سه‌فه‌ری عیشق و
بێكۆتاییترین گۆرانیه‌كانی ئه‌وین بین
كه‌ تۆ هاتی..
حه‌زمان لێبوو
به‌سه‌ر حه‌رفه‌ شیرینه‌كانی عاشقبووندا
پیاسه‌ی نه‌مریی بكه‌ین
پەڕێک لە دەفتەری فیڕاق
بە تەڕترین ماچ و
شەپۆڵە گەرمەکانی ئامێز
پڕ کەینەوە
چ له‌حزه‌یه‌كی نوورانی بوو، كه‌ تۆ هاتی
چ گومانێكی پڕ یه‌قین بوو، كه‌ رۆیشتی!!