سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

كتێبی لەبیركردن .com

سەدیق سەعید ڕواندزی

هیچ مرۆڤێك نییە، بە جۆرێك لە جۆركان لە كاروانی ژیانیدا، ڕووبەڕووی شكست و دۆڕان و نەهامەتییەك نەبووبێتەوە. جا ئەو شكستە چ لە ڕووی پیشەیی و كۆمەڵایەتی و سیاسی بێت، یاخود سۆزداری و پەیوەندییە ڕۆمانسی و كۆمەڵایەتییەكانەوە بێت. ئەمە سرووشتی ژیانە و تەواوەتی تەنها بۆ پەروەردیگارە. گەلێك جار ئەو شكستانە، مرۆڤ بەرەو داڕووخان و گەلێك جاریش، بەرەو بەهێزبوون و خۆڕاگریی و تەنانەت داهێنانی گەورەشی دەبن.

لە ژیانی مرۆڤەكاندا، دابڕانە سۆزدارییەكان و گرفتە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكان، پانتایەكی گەورە لەو شكستانە دەگرن و شكست لەم ڕووەوە بۆ بەشێكی زۆری مرۆڤەكان، كاریگەریەكی گەورەی ڕوحی و دەروونی دروست دەكات. كاریگەریەتییەك كە زۆرجار تا تەمەنی، وەك تارمایی بەسەر ژیانییەوە دەمێنێتەوە و ناتوانێت هەڵسێتەوە و پەنجەرەیكی دیكەی هیوا و ئومێد بكاتەوە. ئەو شكستانە، بە داخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە كارەساتی دڵتەزێن، وەك كوشتن و خۆكوشتن كۆتاییان دێت و ناتوانن ئۆڤەرێكی دیكە بدەنە ژیان و چیتر بە تاسەی ڕابردوو، یادگارییەكان و ساتەكانی ڕابردوو، وەك مرۆڤێكی بریندار نەتلێنەوە و جارێكی تر هەڵسنەوە. چۆن بتوانین ئەگەر شكست و دابڕانێك، یان كارەساتێكی دڵتەزێنمان لە ژیاندا تووش هات، لە بیری بكەین و جارێكی تر هەڵسینەوە؟ كتێبی (لەبیركردن دۆت كۆم) باس لەو گرفت و شكستە سۆزداریی و خێزانی و كۆمەڵایەتییانە دەكات، كە لە كۆمەڵگە عەرەبییەكاندا، ڕووبەڕووی ژنی عەرەب دەبنەوە و ڕێنوینییان دەكات كە چۆن هەڵسنەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لە چەند وتە و دەربڕینێكی نووسەر پێكهاتوون، بۆ كەسایەتی ژن و ڕوانگەی خۆی وەك مرۆڤێك بۆ ژن دەخاتە ڕوو. ئەگەر سەرنج لە بەشێكی زۆری ئەو وتانە بدەین كە لە دوو توێی كتێبەكەدا هاتوون، دەبینین بە جۆرێك لە جۆرەكان، لەو پەیوەندییە سۆزداری و خێزانییانە دەدوێت، كە لە میانەی پەیوەندی هەردوو ڕەگەز بە یەكترییەوە دروست دەبن. ئەم كتێبە، ئەگەر چی بە دیدگایەكی ژنانە نووسرلوە و لە هەندێك شوێن، ڕەخنەی توند و تەشەرەشی بۆ پیاوان تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گەلێك سەرگوزشتە و چیڕۆكی جوانی تێدایە، كە نووسەر بە زمانێكی ئەدەبییانەی جوان و ساكار دەیانگێڕێتەوە. نووسەر بە زۆری ڕووی قسەكانی لە ڕەگەزی مێیە و ڕێنوینییان دەكات كە تووشی شكست و نەهامەتییەك بوون، چۆن خۆیان ڕزگار بكەن. بێگومان دیارە ڕەگەزی مێ، سۆزدارتر و ڕۆمانسیترن بە بەراورد لەگەڵ ڕەگەزەكەی تر، ئەمەش سرووشتی بایۆلۆژیانەی ئافرەتە، بۆیە ئەو ڕەهەندە سۆزدارییە لە ژیانییاندا وادەكات كە لە پیاوان زیانر، بە شكست و دابڕان و كەوتنەكان، بریندارتر ببن و زیاتر گیرۆدەی خەم و ناسۆرییەكانی ژیان ببن. نووسەری كتێب، ڕێنوێنییان دەكات كە باشترین بژاردە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر كەوتن و شكستێك لە ژیان، لە بیركردنییەتی. ئەگەر چی لە بیركردنی ڕووداوێك و كارەساتێك، ڕەنگە كارێكی ئاسان نەبێت و ورە و خۆڕاگریی و هێز و توانایەكی دەروونی و جەستەیی زۆری بوێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەو مرۆڤانەی لە ژیانییاندا دەكەون، هەڵنەستنەوە و هەر بەو شكستەی خۆیان بتلێنەوە، هیچ لە واقیعەكە دەگۆڕێت؟ بە بڕوای نووسەر ئەمە گرفتێكی گەورەی ئافرەتە لە ژیانیدا، كە زۆرجار بە هۆی شكست لە پەیوەندییە سۆزدارییەكان و تەڵاق و جیابوونەوە، تووشی دەبێت. ئەم شكستانە، زۆر جار ژنان لەواقیعی ژیانییان دا ئەبڕێت و دەبنە دیلی ساتەكانی ڕابردوو، یادگارییەكانی دوێنێ، ئەمەش هیچ لە ژیانییان ناگۆڕێت و شەمەندەفەری ژیان جێیان دیڵێت، بە بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن و كاتێكیش بە ئاگا دێنەوە، ژیانیییان بەسەر چووە. بۆیە بە بڕوای نووسەر، باشترین بژاردە لەم بارودۆخەدا، كردنەوەی دەروازەیەكی دیكەی ژیانە و لە بیركردنی ڕابردووە و هەستانەوەیە لە دوای ئەو شكستانە، بە گڕو تینێكی ترەوە. هەروەك نووسەر دەڵێت:(ئاكامی شكست هێنانی خۆشەویستی، یەكسەر لە سەر دەم و چاوی ژن بە دیار دەكەوێت، هەرچەند ئارایشت بكات، ماندووبوون و شەكەتی پێوە دیارە، بۆیە ئەم پیاوە لە سەردەم و چاوت لادە، تا هەموو بەیانییەك كە سەیری ئاوێنە دەكەی نەیبینی. لا 100) ڕەنگە خوێنەرانێك كە كتێبەكە دەخوێننەوە و ئەو ئەزموونەی ژیانییان دیوە، بە سەر سوڕمانەوە بپرسن، ئایا لە بیركردنی هێندە ئاسانە؟ وەك ئەوەی نووسەری كتێبەكە بە دوو دێڕ گوزارشتی لێ دەكات؟ بەڵام پرسیاری لەوە گرنگتر ئەوەیە، كە جگە لەبیركردنی، هیچ چارەیەكی دیكە هەیە؟ دەكرێت مرۆڤ داهاتووی كە ڕەنگە سەدان خەونی دیكەی تێدا بێت، بكاتە قوربانی ڕابردووێك كە بە سەر چووە و ناگەڕێتەوە؟ بە بڕوای من لێرەدا گرنگی ناونیشانی ئەو كتێەبەمان بۆ دەردەكەوێت كە لە بیركردنە. بەو مانایەی ئەگەر لە دوای هەر كەوتن و شكستێكی ژیاندا، جارێكی تر تێی هەڵنەچینەوە، ئیدی لەو ژیانە دەدۆڕێین و دەبینە دیلی ڕابردوو. هیچ شتێكیش وەكو دیل بوون، دەروونی مرۆڤەكان ناڕووخێنێت، ئەم جۆرە مرۆڤانەش واز لە ژیان دێنن تا قەدەر و چارەنووس بیان با بەڕێوە. بۆیە نووسەر ئامۆژگاری مرۆڤەكان دەكات و پێیان دەڵێت: گەر دەتەوێت ژیانت ئارام بێت، ئەوا خۆت مەخەرە نێو كێشەكانەوە و ڕووكەشانە لێی بڕوانە، چونكە چەند قووڵ ببیتەوە، ئەوەندە هەستەكانت تووشی شەڕت دەكەن. لا 123
باسێكی دیكە كە نووسەری كتێبەكە، دەتوانم بڵێم بە یەك دەربڕینی بچووك قووڵترین گوزارشتی لێكردووە، دیاردەی ناپاكییە لە نێوان مرۆڤەكان و بە تایبەتیش هاوسەرەكان. بە داخەوە ئەم دیاردەیە لە كۆمەڵگەی ئێمە یەكجار زۆربووە و چیڕۆكی نێو دادگاكانیش گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن. بە بڕوای نووسەر خیانەت لە شتی بچووكەوە دەست پێ دەكات و سەردەكێشێت بۆ شتی گەورە. بۆیە نووسەر دەنووسێت:
ـگەر بە تەلەفۆن خیانەتی لێ بكەم، بەیانی دڵم خیانەتی لێ دەكات، دواتریش جەستەم. لا 263
ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە ناپاكی، ڕەنگە لە شتێ بچووكەوە، كە رەنگە بە لای کەسەکەوە ئاسایی و بێبەها بێت، دەست پێ بكات و ئیدی ئەو درزە گەورەتر و قووڵتر دەبێتەوە، تا دەگاتە جەستە و سەرجێییش. بۆیە ڕاستگۆیی و ڕاشكاوی مرۆڤەكان لە پەیوەندیی نێوانیاندا، پردی پەیوەندییەكی پتەو دروست دەكات، كە ڕەنگە بە هیچ كەسێك نەڕووخێت، تەنها خۆیان نەبێت. بۆیە ناپاكی گەر گەورە بێت یان بچووك، بێگومان هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، كە هەردووكییان ناویان خیانەتە! ئەم كتێبە گەلێك سەرگوزشتە و دەربڕینی دیكەی جوان و پڕ مانای تێدایە، كە ڕەنگە دەرفەت نەبێت هەموویان باس بكەین. بەڵام كتێبێكە بە زمانێكی سادە لە كێشە و گرفتەكانی ژیان و چارەسەرییەكانی دەدوێت. ئەگەرچی لە بەرگی پێشەوەی كتێبەكە نووسراوە (فرۆشتنی بۆ پیاوان قەدەغەیە) بەڵام بە پێچەوانەوە، دەكرێ پیاوانیش كتێبەكە بخوێنەوە. چونكە ناوەڕۆكەكەی پەیوەستە بە كێشە و گرفتەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و وسۆزداری مرۆڤەكان و ئەمانەش هەر تەنها گرفتی ڕەگەزی مێ نین، بەڵكو زۆر جار پیاوانیش گیرۆدەی ئەو خەمانەن. دواجار دەڵێم، چێژم لە خوێندنەوەی ئەو كتێبە بینی و دەستخۆشانە لەوەرگێڕی كتێبەكە دەكەم.

  • پەراوێز: ناوی كتێب: لە بیركردن.com، نووسین: ئەحلام موستەغانمی، وەرگێڕان: كۆسرەت ئەحمەد بێكەس، بڵاوكراوەی كتێبخانەی مەم و زین، ساڵی چاپ: 2019.