غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا نوێترين کتێبى
خۆى (رسالتي من اجل كوردستان) دەناسێنێ

غەفوور مەخمووری: پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردن و سیستماتیکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان

پاشنیوەڕۆى ڕۆژى 3 / 3 / 2022 لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كرا و، لە رێوڕەسمەکەدا نوێترین کتێبى چاپکراوى خۆى بەناوى (رسالتي من اجل كوردستان) ناساند و پێشكەشى ئامادەبووانى كرد.

پاشنیوەڕۆى ڕۆژى پێنجشەممە لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كراو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیر و رۆژنامەڤان رێوڕەسمێکى بۆ ناساندن و خستنەڕوو و واژۆکردنى نوێترین کتێبى چاپکراوى خۆى بەناوى (رسالتي من اجل كوردستان) بۆ رێک خرا، لەسەرەتاى رێورەسمەکەدا نووسەرو شاعير بەڕێز قەهار شێخانى بەناوى کتێبخانەى ئاشتى بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و، باسی لە گرنگی رۆڵى غەفوور مەخمووری لە بوارى نووسین و رۆشنبیرى کوردستان كرد, ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میواندارییە و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی کتێبخانەى ئاشتى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان، دواتر کورتەیەکى سەبارەت بە ناساندن و ناوەڕۆکى کتێبەى پێشکەشکرد و، وتى : (ئەمڕۆ نوێترین کتێبى خۆم پێشکەشى ئێوەى بەڕێزى دەکەم، کتێبەکەم “رسالتي من اجل كوردستان” بریتییە لە گوڵبژێرێک لەو پەیام و وتارانەى کەوا لە چەند کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەکى کوردستانى و ناوچەیى و نێودەوڵەتیدا پیشکەشمان کردووە، هەروەها لەم کتێبەدا چەند راپۆرتە هەواڵیک هەن کەوا تایبەتن بە بەشێک لە کۆڕو سمینارە تایبەتەکانمان کە لە کوردستان و دەرەوەدا ئەنجاممانداون،
هەروەها باسى لەوە کرد کەوا کتێبى (رسالتي من اجل كوردستان) بە زمانى عەرەبییە و، کتێبەکە زیاتر ئاراستەیە بۆ ناوەندى عەرەبى بۆئەوەى زیاتر ئاشناى پرسى گەلى کوردستان بن، ئاماژەى بەوەشدا کەوا پێویستە ناوەندى عەرەبى ئەو راستییە بزانن کە چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە و، وتى: (دەتوانم بڵێم لەم کتێبەدا هەوڵم داوە دوو پرسیار بوروژێنم کە ئێمە کێین؟. چیمان دەوێت؟ بۆ ئەمەش وەڵاممان ئەوەیە کەوا ئێمە کوردین و ، وەکو هەر نەتەوەیەکى دیکە مافى نەتەوەیى خۆمان دەوێت).
مەخموورى، لە درێژەى بابەتەکەیدا؛ تیشکى خستە سەر رەوشى سیاسى کوردستان و، وتى: (کوردستان لە رەوشێکى زۆر ناسک و هەستیاردایە و پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردن و سیستماتیکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و، وابکەین حکوومەتى کوردستان بکەینە حکوومەتێکى بەهێز. و مۆدێرن بۆ هەموو خەڵکى کوردستان.
مەخموورى، لە درێژەى بابەتەکەیدا جەختى کردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستانى وەک دەرمانى هەموو دەردەکان وەسفی کرد و، وتى: (تەنهاوتەنها یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەردەکانمان دەرمان دەکەن و لە سەرکەوتن نزیکمان دەکەنەوە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە وەک چۆن دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان بە جیاوازى ئایدۆلۆژى و بەرژەوەندییەکانییان لە دژى ئێمە یەکیان گرتووە، پێویستە ئێمەش بۆ پاراستنى خۆمان و بەرگرتن لە هەڕەشەکان یەکبگرین و رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەییمان بکەین و پێویستە شاندى کوردستان بە یەکگرتوویى بچێتە بەغداو شوێنانى دیکە.
. شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبى (رسالتي من اجل كوردستان) لە نووسینى غەفوور مەخمووری سازكرا، مەخمووری كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن، ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.

ھەواڵی زیاتر