یەکەم بەشی بەرهەمەکانی پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر ئامادەیە بۆ چاپ

ساڵێك دەبێت لەلایەن لێژنەیەكەوە كار بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم بەرهەمە زانستییەكانی خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر ئەحمەد دەكرێت؛ لە ئێستاشدا بەشێك لە پرۆژەكە ئامادەیە بۆ چاپكردن.

لێژنەكە پێك هاتوون لە پرۆفیسۆر د. جەبار قادر، پرۆفیسۆر دكتۆر ئازاد عوبێد، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر دڵشاد مەحموود عەبدولڕەحمان و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر كامەران حاجی.
لەم بارەیەوە د. جەبار قادر، كە یەكێك لە ئەندامانی كۆكردنەوەی ئەو پرۆژەیە لە لێدوانێكیدا بۆ (هەولێر) گوتی: “نزیكەی ساڵێكی تەواوە لێژنەی كۆكردنەوەی سەرجەم بەرهەمە زانستییەكانی خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر ئەحمەد خۆبەخشانە خەریكی كۆكردنەوە و ئامادەكردنی بەرهەمەكانی ئەو مێژوونووسە گەورەیەی كوردە”.
ناوبراو گوتیشی: بەشی یەكەمی ئەم پرۆژە زانستییە گرینگە گەیشتە ئەنجام. ئێستا 7156 لاپەڕە ئامادەیە بۆ چاپ. ئەمە تەنها كتێبەكانیەتی بە زمانی كوردی و عەرەبی. وتار و كتێبەكانی بە زمانی ڕووسی، ئینگلیزی، توركی و فارسی بەشەكانی دیكەی ئەم پرۆژەیە پێك دێنن.
د. جەبار قادر، دەشڵێت: “لە كارەكانماندا (عوسمان پیرداود) ڕۆڵێكی گەورەی بینی بۆ پاقژكردنەوە و سپیكردنەوە و دیزاینكردنی لاپەڕەبەلاپەڕەی ئەو كتێبانە و ئەندامە بەڕێزەکانەی لێژنەكەش دێڕبەدێڕی هەموو نووسینەكانیان چەند جارێك خوێندووەتەوە و هەر هەڵە و پەڵەیەك ڕووی دابێ چاكیان كردووەتەوە، منیش هەندێ لە كتێبەكان كە بە قەبارە بچووك بوون دەبوایە تایپیان بكەمەوە.

ھەواڵی زیاتر