پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بـــــــەفر

سەلما تۆما کاکۆ

نەرم نەرم.
بەبێ لەخۆبایی بوون
بەرزایی ئاسمانت جێهێشت
لەئاوەدانی و دەشت و کێو
گیرسایەوە!
هەموو ئاقارو ئاواییت
سپی پۆش کرد بەجوانیەکەت
ڕازایــــەوە
زوقمی ساردت سامی نەبوو،
لێی نەترسان
گەورە و بچووك بەبارینت
گەشایـەوە
زۆری نەبرد وەك مرۆڤە
دڵڕەقەکان
لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا
تۆش بووی
بە چلوورەو شەختەو
بێ بەزەیی
ورەی بەرزی هەژارەکان
لە دڵی خواپێداوانی نیشتیمانا
هێدی. هێدی توایــــەوە!
وەکو زەماوەندی هەتاو
سەمای هەورو بروسکەو تەم
تاوێ باران
بەشەڕە تۆپەڵە و یاری
مناڵانی وردی گەڕەك
زۆری نەبرد
کەوتیتە ژێر پێی پیادەو
ئاسەوارت بڕایەوە!
نازانم سرووشتت وایە
یا پەیامێکەو
دەینێری و تێیدا دەڵێی:
هەرچەند بەرزو ڕەونەقداربی!
سپی و بێگەرد، بێ ئازار بی
هەردەم جوان و لەسەرزاربی
کە نەرم و نیانیت ڕۆیی
لە کوێستان و گەرمیانی دڵ
خۆت ناگری
کڵپەو مەشخەڵی ئاگری
دڵی سووتاو
ڕۆژێ دەتکا بەخۆڵەمێش
وەکو بەفر، دەتوێیەوە!
سەلما تۆما کاکۆ