سەمای ژان و کڵپەی ئەوین

قادر میرانی

لە بانێژەی ئەوینەوە
بێ ئۆقرەیی کاسم دەکا
وەک مەلێکی باڵ شکاوم
لە کەنارێکی چۆلەوانیدا
گوڕو تینم کوانێ
بێ ئومێدیم لە ڕادەیە
دووریت ژانێکی بە تینە
کڵپەی ئەوین دەمسووتێنێ و
دەبمە قەقنەس
ژیانم وەک سەرابێکە
خۆزگەم دەخواست
بۆ ساتێکی بمدیبایە
چەشنی تاوس دەرکەوتبا
فەنەر ئاسا
جەزمی باڵای شەنگی دەبووم
کە نەرمە با
تاڵ تاڵ قژی وەلا دەنا
کوڵمی ئاڵی لە گەشیدا ڕەونەق دەدا
خەنی دەبووم
ئەگەر بێت و تەنها جارێ
بزەی سەر لێوان فەریک با
بەخەندەوە بیدواند بام
دڵی سوارم هێور دەبوو
خۆ تۆ ئازیز باش دەزانی
چۆن خوێن بێ هیمۆگڵۆبین نابێ و
کانی بێ خوڕەی ئاو و
منیش ئاوا بێ تۆ ناژیم
بێ تۆ ژینم وەک خەزانە
گەڵای بەختم دادەوەرێ
لام مەحاڵە بێ تۆ بژیم
وەختە لە سوێت
ئارک ئارک بە زەویدا بچم و بتوێمەوە
گلێنەکەم
ئەوسا تا هەتایێ ئۆغر دەکەم
جارێکیتر
نام بینیەوە و نات بینمەوە

19 / 4/ 2013 سۆران

ھەواڵی زیاتر