زمانی پیرۆزی دایک

حەمەسەعید حەسەن

٢١ی فێبریوەری ڕۆژی زمانی دایکە. ئەوە قەدەغەکردنی زمانی دایک بوو، پاکستانی کرد بە دوو بەشەوە ، ئاخر دەیانویست زمانی ئوردوو بەسەر بەنگالییەکاندا بسەپێنن. ئەگەر ڕێز لە هەموو زمانێک نەگیرێت، باسکردن لەسەر فرەیی و پێکەوە ژیان، لە قسەی پووچ بەولاوە هیچی تر نییە. ئەوە مافی هەموو منداڵێکە هەر لە باخچەی ساوایانەوە، بە زمانی دایکی دەرسی پێ بگوترێت. باخچەیەکی ساوایان لە ستۆکهۆڵم کرا بووەوە، هەم منداڵەکانی کوردی باکوور بوون، هەم مامۆستاکانیشی و بە کوردییش دەیانخوێند. ئەمباسادۆری تورک لەوێ، ئەوەی پێ هەرس نەکرا، ناڕەزایی دەربڕی و داوای کرد، خوێندن لەو باخچەیەدا بە تورکی بێت! زارا (سنەیی) بە (تاوان)ی ئەوەی منداڵانی کورد، فێری زمانی دایکیان دەکات، دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران، پێنج ساڵ زیندانی بۆ بڕیوەتەوە!

هەزاران زمان لە دونیادا هەن، نزیکەی نیوەی ئەو زمانانە، چونکە خزمەت ناکرێن، یان قەدەغە کراون، مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. ئەوە زمانە کەلەپووری گەلان دەپارێزێت، کە باس لە ناسنامە دەکەین، بە پلەی یەکەم مەبەستمان زمانە. مردنی زمانێک، مەرگی میللەتێکە، ئاخر خۆ زمان هەر کۆمەڵێک وشە نییە. زمانمان بیرکردنەوەمانە، چونکە بە زمانی خۆمان بیر دەکەینەوە. هەر زمانێک بەردەوام خزمەت نەکرێت، داهاتووی ڕۆشن نییە، عەرەب کە نزیکە ٣٦٠ میلیون کەس دەبن، بیست و دوو دەوڵەتیان هەیە و ڕووبەرێکی فراوانی دونیایان داگیر کردووە، مەترسی لەسەر زمانەکەیان هەیە، ئاخر هەر وەڵاتە بە شێوەزارێکی ناوچەیی دەپەیڤن و زمانێکی ستانداریان نییە. ئەوە ڕاست نییە کە دەڵێن: قورئان زمانی هاوبەشی عەرەبە، ئاخر خەڵکی هیچ گوندێکی عەرەبستان، بە زمانی قورئان ناپەیڤن.

هەموو زمانێک پەند و قسەی نەستەقی هەیە، کە بە زمانێکی چڕی ئەدەبی گوتراون، وەک شیعری جوان ئەوپەڕی ڕەوانبێژییان تێدا ڕەچاو کراوە و بە هۆیانەوە بە کەلەپووری گەلان ئاشنا دەبین. ئەرستۆ ئەو قسە نەستەق و پەندانەی بە پارچەی بچووکی نەمری فەلسەفی پێناسە کردووە. زمان ئاوازی تایبەت بە خۆی هەیە، ئاواز بەشێکە لە زمانەکە، هەندێک جار بە هۆی ڕیتمی وشەکانەوە، لە ماناکانیان تێدەگەین. هەر میللەتە و زمانی خۆی هەیە، بەڵام موسیک زمانێکی جیهانییە و هەمووان لێی تێدەگەن و بە ئاسانی ئاوازی شاد لە هی خەمناک جیا دەکەنەوە. پیرۆزترین خەباتێک بەشداریم تێدا کردبێت، خزمەتکردنی زمانی دایکم بووە.

ھەواڵی زیاتر