ته‌رمێك بەكۆڵی ئەوینەوە

به‌كر ئاڵه‌یی

ڕۆژێكی دی لە ڕۆخی تۆ دەكەوم
بەدیار باران و دەنگی ئاوازێكی حەزین سەرقاڵی
تەرمێك دەستم دەگرێ
وچانێك پێم پێدەكەنێ
دروشمێك ڕێگاكەم لێ تێك دەدا
بەدیار
دڕدۆنگی خۆتەوە گۆرانی دەڵێی
بە ژێر چەكمەیەكی قوڕاوی دا ڕوحی باڵندەیەك دەڕوا
بە ژێر دار حەیزەرانێكی شێت دا دڵێك فێ دەگرێ
لەبەر دەمی تۆ دا دەكەوم
نیگات هەر لەسەر ڕوخانی ڕوحی تووڕە وگریانە شكاوەكانە
بەدەم ژێ یەكی پساوی ئێوارەوە دەمرم
بەدەم بروسكەیەكی جێماوی خوداوە دەكەوم و دەمرم
بەدەم گەڕەلاوژێی ئاسمانەكانەوە دەخزێم و ناگەمەوە ماڵەوە دەمرم
ڕۆژێكی دی دێم
لە ناو دەستەكانت دا دەكەوم نامناسیتەوە
دێم لەژێر پێڵوەكانی چاوت دەكەم نامبینی
لە بەردەم هەناسەیەكتدا ڕادەقەنێم و دەرم دەكەی
لە شەقامێكی هەتیودا دەكەوم
لە ژێر بەردێكی دێریندا دەمرم
دەستم ناگاتە دیدارت لەسەر خەڵفی گریانێكی حەزیندا بەردبمەوە
ئەو قسانەی بۆ ئاوێنەی تۆم كردبوون لە سەمایەكی شێتانەدا ون بوون
ئەو كارمامزەی بەدەست ڕاوچییەكە كوژرا
دەركرابوو
ئەو كۆترەی بە دارلاستیكی شێتێكدا گەوزا
ساباتی دڵی سووتابوو
دێم
لەسەر ڕێگەیەكی چۆڵ و هۆڵدا دەكەوم
تەنها نامەو دڵدانەوەی ڕێڕەوی قەرەجەكان دەمبینن
سەرم لەسەر دەركە دارەكە هەڵدەواسن
لە دەروازەی ڕەنگەكاندا فڕێم دەدەن
لە ئەشكەوتێكی شێ داردا دەبمەوە بەخۆم بانگت دەكەم
ئەوە لێرەم
دەزانم سەرقاڵی لەت لەتكردنی ئەو شتانەی
كە بۆنی تەنیایی منی لێ دێ

ھەواڵی زیاتر