که‌س وه‌ک تۆ خۆشی نه‌ویستووم

حەمەسەعید حەسەن

هه‌ر هه‌موو دونیا بگه‌ڕێم
سه‌رینێ نابینمه‌وه‌
ئه‌وه‌نده‌ی باسکت نیان بێ
هاوژینێ نابینمه‌وه‌
ئه‌وه‌نده‌ی تۆ دلۆڤان بێ

هه‌ر هه‌موو دونیا بگه‌ڕێم
هاوڕازێ نابینمه‌وه‌
ئه‌وه‌نده‌ی تۆ تێبگا لێم،
دڵخوازێ نابینمه‌وه‌
ئه‌وه‌نده‌ی تۆ خۆشی بوێم

ئه‌وه‌ شنه‌ی چرپه‌ی تۆیه‌
ته‌می خه‌می
غه‌ریبیی من ڕاده‌ماڵێ
ئه‌وه‌ هه‌ر لاولاوی سۆزی
گه‌رمی تۆیه‌
له‌ به‌ژنی ڕۆحی ته‌زیوی
من ده‌ئاڵێ

ئه‌وه‌ تۆ بووی فێرت کردم
کرۆکی ژیان ئه‌ڤینه‌،
ئه‌وه‌ تۆ بووی فێرت کردم
خۆشه‌ویستی هه‌ر به‌خشینه‌

که‌س وه‌ک تۆ خۆشی نه‌ویستووم
هه‌میشه‌ چیت شک بردبێ
بێ دوودڵی پێت به‌خشیوم،
هه‌رگیز هیچت لێ نه‌ویستووم

ھەواڵی زیاتر