ئازار؛ دووەم ڕۆمانی ئاراز ئەحمەد محەمەدە

لە نوێترین بەرهەمیدا نووسەر و ڕۆماننووس ئاراز ئەحمەد محەمەدە، نوێترین ڕۆمانی بەناونیشانی “ئازار” چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ئەم بەرهەمەی نووسەر لەلایەن کتێبخانەی ڕۆمانەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە. نووسەر لەبارەی ئەم بەرهەمەیەوە دەڵێت “هیوادارم چەندە نووسینی ئەم رۆمانە ئازاربەخش بووە بۆ من، دوو هێندە خوێندنەوەی بۆ ئێوە برین-ساڕێژکەر بێت.” هەروەها دەڵێت “ئەم ڕۆمانەم بە فرمێسک و خوێن نوسیوەتەوە، کە ڕەنگە هەندێکتان بەرگەی ئەو ژان و برین و زامە قووڵەی نەگرن، یان لەگەڵ خوێندنەوەیدا ئازار و دەرد و خەمۆکیی تەنگتان پێهەڵبچنێت.”

دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “ڕۆمانەکە تێڕامانێکە لە برینە ساڕێژنەکراوە هەتاهەتاییەکانی مرۆڤ؛ گەڕانێکە بەناو دوورگە تاریکەکانی نەستدا بەهیوای گەیشتن بە قووڵاییە نەبینراوەکان؛ وردبوونەوەیەکە لە ئەو زامە پەنهانانەی کە جەستە و دەروون و ئاوەز دەیانەوێت و کۆشش دەکەن بیانشارنەوە، بەڵام ناتوانن. ئازار گەشتێکی تولانییە بۆ گۆشە توێتوێکانی ناوەوە و پشکنینی بەشە فەرامۆشکراوەکانی ناخ؛ ڕۆمانێکە بۆ ئاڕاستەکردن و ئاڕاستەکردنەوەی مرۆڤە دڵشکاوەکان بەرەو خودی خۆیان بە ئامانجی گەیشتن بە تروسکاییەک ئەگەر چیی هیوای گەیشتن بە ئەو تروسکاییە لەئاستی نەبووندایە. ئازار سەفەرێکی دوو دیوە بەناو قەهر و تاڵاوییەکانی نیشتیماندا: بەدیوێکدا لێی هەڵدێیت و دەتەوێت بۆ هەمیشە لە یادگەدا بسڕێتەوە، بەڵام بەدیوەکەی تردا هێزەکەی هێندە کەمەندکێشکەرە ناتوانیت بەئاسانیی لە تەوقەکەی ڕزگارت بێت. ئازار گوزارشتە لە ئەو چولەکەیەی کە دەیەوێت بفڕێت بەڵام بۆئەوەی بتوانێت لە شەقەی باڵەکانی بدات ناچارە بەرگەی برینداربوون و زامی قاچە کڵۆمدراوەکەی بە تەلە دڕکاوییەکەوە بگرێت.
پێشتر هەمان نووسەر یەکەم ڕۆمانی بەناونیشانی “موچڕکەی مەرگ و موحیبەت” چاپ و بڵاوکردووەتەوە و بڕیارە لەم مانگەدا ئەم ڕۆمانە نوێیەی بڵاو بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر