قەیرانی خوێنەر و خوێندنەوەی کتێب لە کۆمەڵگەی کوردیدا..

خوێندنەوە یەکێکە لەو بابەتە گرنگ و ھەستیارانەی کە بە ئامرازێکی زۆر پێوسیت و سەرەکی دادەنرێت بۆ پێشکەوتن و شارستاندنی ھەر کۆمەڵگایەک.
ئێستاکە کتێبخانە و شەقام و بازارەکانی ھەرێم پرن لە کتێبی جیاواز بەڵام کێشەی گەورەیان کەمی خوێنەر و کڕیاری کتێبە.

لەم سەردەمەدا وای لێھاتووە کڕیارانی کتێب و سەردانیکەرانی کتێبخانەکان وخوێنەران زیاتر کەسانێکن کە خوێندکارن و بۆ باتێکی دیاریکراو یان توێژینەوەیەکی زانستی پێویستیان بە خوێندنەوەی کتێبە نەک کەسانێک کە لە کاتە فەراغەکانیاندا کتێب بخوێننەوە و تینوی وەرگرتنی زانیاری بن.
بە واتایەکی تر لە ئێستادا ژمارەی خوێنەری جددی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوی لە کەمی کردووەژمارەی خوێنەر و ئاستی خوێندنەوە لە ھەرێمدا لە مەترسیدایە.
بەو پێیەی خوێندنەوە گرنگە بۆ گەشەی تاک و کۆمەڵ و پێشکەوتن لە هەموو لایەنەکانی وەک: تەندروستی و خێزانی و ئابووری و ڕۆحی و کۆمەڵایەتی و پێگەیشتن و گەشەکردن و دیاری کردنی ژینگەی پاک و لەباری ژیان و گەشەکردنی کلتووری و ئەدەبی و زمانەوانی واتە ئەمانە هەمووی لە خوێندنەوەی بەردەوام دەیزانین و پێی دەگەین و دەرکی دەکەین کەواتە هەموو بوارەکانی ژیان و دیراسە و توێژینەوەیان هۆکارێکن بۆ باشتر کردنی ژیانی مرۆڤ وە هەر دەبێ ئەوەش ئامانجیان بێت.

ھۆکارەکانی کەمی خوێنەر و خوێندنەوە :-
• بەربڵاوی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت
زۆرێک پێیان وایە ھۆکاری کەمبونەوەی خوێنەر بەتایبەتی لەم ڕۆژگارەدا پێش کەوتنی تەکنەلۆژیایە کە وای کردووە ئاستی خوێنەر ڕوو لەلاوازبوون بکات کە خەڵکی زیاتر سەرقاڵی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانن و خۆیان بە تەکنەلۆجیا خەریک کردووە لە بری خوێندنەوە. ئەمەش ئەرک و ڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەیە . بۆ کردنەوەی کتێبخانەو فێرکردنی فێرخوازان و ئاشنا کردنیان بەخوێندنەوە . هەر لەقۆناغی سەرەتای خوێندن تاکو تەواو کردنی ئاستی زانکۆش . کە بەداخەوە کتێب لای هەندێک کەس چەند پەڕەیەکی بێ نرخەو هیچی تر نا.
•لاوازی باری ئابوری خەڵک
لە لایەکی ترەوە لاوازی باری دارایی و ئاستی گوزەرانی خەڵک لەم چەند ساڵەی دواییدا ھۆکارێکی ترە بۆ کەم بوونەوەی خوێنەر کە خەڵک بە گشتی سەقاڵی پەیدا کردنی بژێوی ژیانیەتی وکاتێکی ئەوتۆی نیە بۆ خوێندنەوە یاخود بە واتایەکی تر زۆر کەس خوێندەوە بە کوشتنی کات ناو دەبەن چونکە ھیچ دەستکەوتێکی ماددی لێ پەیدا نابێت.
•ماندوویەتی باری دەروونی
تاکی ئەم نیشتیمانە بەداخەوە لە ڕووی دەرونییەوە زۆر ماندووە بەو پێیەی کێشەکانی کورد ھەرگیز دوایی نایەت. ھەر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە کە خەڵک وێڵی ئازادی بوون و بەردەوام شەر و مەینەتی و دەردەسەری بەرۆکی تاکی کوردی بەرنەداوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت گرفتی گەندەڵی و نا دادپەروەری کە ھەر ڕۆژە جۆرە قەیرانێک سەرھەڵدەدات لەم ھەرێمە وەنەبوونی پاشەڕۆژێکی ڕۆشن بۆ گەنج و لاوەکانمان وە چەندین گرفتی ھاوشێوەی ئەمانە بوونەتە مۆتەکەیەک بەسەر سنگی تاکی ئەم میللەتەوە کە بە ڕاستی نەک لە خوێندنەوە بەڵکو لە زۆر شتی تریش دووری خستونەتەوە.
•چەق بەستوویی و ھەوڵنەدان بۆ گۆڕانکاری
بە داخەوە تاکی ئەم وڵاتە وەکو کەشتی بئ چارۆکە وایە بەبێ ئامانج ھەنگاو دەنێتو خۆیانداوەتە دەست قەدەر بۆ کوێ دەیانبات گرنگ نیە ھەموو ھەوڵ ماندووبوونیان تەنها بۆ ئەوەندەیە کارێکیان دەست بکەوێت ھەرگیز چاویان لە داھێنان و نوێگەری نیە و گرنگی بە لایەنی ڕۆحی و خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن نادەن.
•کەمی نووسراوی بەسوود
لەگەڵ ئەوەشدا کە ژمارەی خوێنەر کەمە زۆرێک لەوانەشی کە ئەھلی خوێندنەوەن کاتێک دەست بۆ کۆمەڵێک نووسین و بابەتی بێ کەڵک و دووبارە دەبەن تاقەتی خوێندنەوەیان نامێنێت و دەکشێنەوە چونکە بەداخەوە زۆربەی نووسینەکانی ئەم ھەرێمە دابەش بوون بۆ ھەندێکبابەتی وەک سیاسی و ھونەری کە خەڵکی ئێرەش بە گشتی لەم دوو بابەتە بێزارە چونکە بابەتی زۆر سوواو و دووبارەن.
بە کورتی ئەوەی پێویستە بیزانین ئەوەیە کە کتێب کاڵایەکی گرینگی ڕۆحییە و رێزگرتن لە کتێب و نرخی کتێب لای نەوەی پێشووتر بوو، چونکە ئەو نەوەیە لە نرخی کتێب و خوێندنەوەی دەگەیشتن، جاران خەڵک زیاتر لە هەوڵی خوێندنەوەدا بوون و تاکە هۆکاریش بۆ خۆ رۆشنبیرکردن تەنیا کتێب خوێندنەوە بوو، بەڵام ئێستا سۆشیال میدیا شوێنی کتێب خوێندنەوەی گرتۆتەوە و ئەگەر مەبەستیان بێت سوودی زۆر لێ دەبینن. هاوکات کتێب لەپاڵ زانیارییەکانەوە ئارامبەخشیشە و ئاسوودەی بە رۆح دەبەخشێت…. دواجار دەبێت ھەوڵبدەین نەوەی نوێ لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبدا ئاشتبکەینەوە و ھەوڵی بە کلتور کردنی خوێندنەوە بدەین چونکە، کتێب پێداویستیەکی سەرەکییە و دەبێت هەمیشە لە ھەموو ماڵێکدا هەبێت.

ھەواڵی زیاتر