ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “چەمکی داهێنان، لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا”

ناوەندە ئەکادیمییەکان لە هەر وڵاتێکدا بزوێنەری جوڵەی مەعریفی و زانستی و پەروەردەیین، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تا هەنووکە ناوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان تا هەنووکەش لە ئاستی پێویستدا نین و ئەرکە مەعریفی و زانستی و پەروەردەییەکەیان بەجێ نەهێناوە، بەو پێیەی تا هەنووکەش نەیانتوانیوە بزوێنەری کۆمەڵگە بن و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی و ئابووریی سیستمی حوکمڕانی کوردی هەبێت.

ناوەندی ئەکادیمییەکان لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەو جێگەیەن کە بەرچاوڕوونی دەدەنە حوکمڕانان و پلان و بەرنامەی دوورمەودا بۆ سێکتەرە جیاوازەکان پێشنیار دەکەن و زۆرجاریش ئەو پلان و بەرنامانە دەبنە ئەجێندای دەوڵەت و بەپێی ئەو توێژینەوە و داتایانەی ناوەندە ئەکادیمییەکان هەنگاوەکانی حوکمڕانی دەچنە پێشەوە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تا ئێستا ناوەندی ئەکادیمی لای ئێمە ئەو گوتارە زاڵەی نییە و رێنیشاندەر و بەرچاوڕوونی نییە بۆ زۆربەی سێکتەرەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا.
وێڕای ئەو تێبینیانەی لە سەرەوە خرانەڕوو، بەڵام ناوە ناوە وزی داهێنەرانە و دەنگی جیدی لەم ناوەندانە دەبینرێن، ئەگەرچی ئەم دەنگ و وزانە کەمن، بەڵام جێگەی ئومێدن و دەکرێت ببنە سەرەتایەک بۆ زیندووکردنەوەی ناوەندە ئەکادیمییەکان و لەوێشەوە وزە و چالاکی بەبەری تەواوی ناوەندەکاندا بکرێت. لە چەند رۆژی ڕابردوودا کتێبی “چەمکی داهێنان، لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا”م خوێندەوە، کتێبێکی گرنگ و جێ سەرنج، کتێبێک کە ناونیشانی لێکۆڵینەوەیەکی مامۆستا و توێژەر “دیلمان قادر ئەحمەد”ـە، کە ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند و لە دوتوێی 368 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. توێژینەوەکە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەری توێژەرە، کە تێیدا کاری لەسەر تێڕوانینی شاعیرانی کورد کردووە بۆ چەمکی داهێنان و هاوکات توێژینەوەکەی سنووردار کراوە تەنها بە شاعیرانی کرمانجی خواروو لەنێوان ساڵانی 1920- 1970. کاتێک خوێنەر ئەم جۆرە توێژینەوانە دەبینێت هەست بە دڵخۆشی دەکات، کە تا هەنووکەش کەسانێک لەو ناوەندە ئەکادیمییەکاندا ماون بەو وردەکارییەوە سەرقاڵی توێژینەوەن.
لە کتێبەکە بەشی یەكەم تەرخان کراوە بۆ چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی جیهانیدا، هەر ئەم بەشە دابەش کراوە بۆ چەند پارێک لە پاری یەكەمدا باس لە چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی ئەوروپیدا کراوە و لە پاری دووەمدا باس لە چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی عەرەبی ئیسلامیدا خراوەتە بەرباس و دواتریش باس لە چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی عەرەبی و بنیاتی قەسیدە و چەمكی یەكێتی قەسیدە. کراوە و لە دواتریشدا توێژەر باسی لە چەمكی داهێنان لەڕەخنەی فارسیدا کردووە. بە وردبوونەوە لە توێژینەوەکە و ئەم بەشانەی نووسەر خستوونییەتییەڕوو هەست بە ماندووبوونی توێژەر و کونجکۆڵی ئەو دەکەین کە چۆن ویستوویەتی لە ڕوانگەی جیا و لە کولتووری جیا و لەنێو زمانی جیاوە لەم چەمکە بکۆڵێتەوە، کە ئەمە جێگەی دەستخۆشییە.
هەرچی بەشی دووەمە تەرخان کراوە بۆ تاقیكردنەوەی شیعری لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا. هەر ئەم بەشە بۆ چەند پارێک تەرخان کراوە و لە پاری یەكەمدا چەمكی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا خراوەتە بەرباس و لە پاری دووەمدا باس لە سەرچاوەی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا کراوە و هەرچی پاری دواترە توێژەر بۆ ئەركی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا تەرخان کردووە. پاری دواتریش تەرخانە بۆ کۆنی و تازەیی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا.
بەشی سێیەم و کۆتایی توێژینەوەکەش تەرخانە بۆ بنیاتی هونەری شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا. هەر لەم بەشەدا باس لە وێنەی شیعریی و زمانی شیعریی کراوە.
بێگومان لەم ڕانانە کورتەدا ناتوانین، کە وردەکاریی توێژینەوەکە بۆ خوێنەر بگوازینەوە، بەڵام گرنگە ئەوە بڵێین کە توێژینەوە لە ئاستێکی ئەکادیمی و مەعریفی گرنگدایە، زۆر توێژینەوە هەیە تەنها گرنگی بە ئاکادیمیبوون داوە و خودی مەعریفەی پشتگوێ خستووە، خۆشبەختانە نووسەری ئەم توێژینەوە پێبەپێ هەردوو لایەنەکەی بە وردی ڕەچاو کردووە و هەست بەوە دەکرێت کە توێژینەوەکە لە چەشنی ئەو توێژینەوانە نییە کە تەنها بۆ وەرگرتنی بڕوانامە کرابێت، بەڵکو هەست بە خەمێکی مەعریفی دەکرێت تێیدا، کە خودی ئەم خەمەیە کە جوانی و سەنگینی بەم توێژینەوەیە بەخشیوە.

ھەواڵی زیاتر