نۆڤه‌مبەرەکانم ئازاریان لێ دەتکێ

حەیات مەجید

(١) ی نۆڤەمبەر

‎ژیان تەقەل دوور ده‌کەم
‎ بە شوژنی رەقی رۆژگار
‎ھەر تەقەڵێک جوانیەک دەنەخشێنم.

‎(٢)ی نۆڤەمبەر

‎ژیان وەکو نۆڤەمبەرەکانم
‎بێ رەحمە لەگەڵم
‎منیش دەبمە
‎ھەوێرێک بۆ دێمێکی دوور.

‎(٣)ی نۆڤەمبەر

‎نۆڤەمبەرەکانم پڕن لەو نھێنیانەی
‎کە ھاڕەیان بە رۆحم کردوە
‎تا قیامەت نا وترێن.

‎(٤)ی نۆڤەمبەر

‎کە دڵم شکا، گیانم بوو بە شەختە
‎ھاوارێک لە تۆ ئەم شەختە
‎بڕمێنە.

‎(٥)ی نۆڤەمبەر

‎ ئەوەندە تارە شەوەکانی
‎نۆڤەمبەرم
‎وەختە لە بیری کەم
‎ئاسمان پڕە لە ئەستێرە.

‎(٦)ی نۆڤەمبەر

‎لە شەوێکی نۆڤەمبەرا
‎زایەڵەی دەفە
‎جێ پێکانت،
‎لەسەر دڵی منە ئەڕۆی
‎نەک لەسەر زەوی.

‎(٧)ی نۆڤەمبەر

‎نۆڤەمبەرەکان
‎لە جنسی زوقمن
‎رێک لە تۆ دەچن
‎ساردن، سارد.

‎(٨)ی نۆڤەمبەر

‎زەنگیانەی وردە خەمەکانم
‎بە دەزووی جریوەی
‎بەیانیەکی نۆڤەمبەر
‎ئەھۆنمەوە، تا لە گوێما بزرنگێتەوە

‎(٩)ی نۆڤەمبەر

‎وتت ئێوارە پەیوەندی ئه‌کەم
‎یەک ھەفتەی نۆڤەمبەرە، لای من بەیانیەو
‎ئێوارە دانایە.
‎(١٠)ی نۆڤەمبەر

‎دوعاکانی نۆڤەمبەر
‎گیرا نابن،
‎دەستم بەرز کردەوە بێ تۆ نەبم
‎ببینە بەرەکەت کەوتە تەنیایمەوە.

‎(١١)ی نۆڤەمبەر

‎نۆڤەمبەرەکان کپن لە وشە
‎ئەو کپیە دڵم شەقار دەکاو بە بێدەنگی
‎دەیشکێنێ.

‎ (١٢)ی نۆڤەمبەر

‎نۆڤەمبەرەکانم
‎پریان کردووم لە چاڵ
‎رێگەش تارە
‎یا چرایە یا خۆت ھەڵکە با نەکەوی.

‎(١٣)ی نۆڤەمبەر

‎بەبێ شەڕ و ئاشوب
‎نۆڤەمبەرەکانم زامدارن
‎خوێنیان لێ ئەچۆرێ

‎(١٤)ی نۆڤەمبەر

‎خۆت ئابلۆقە مەدە بە
‎وشەیەکی غەمگین
‎با لە ناوەندی نۆڤمبەر
‎بە خەندەت چرۆ بکەم.

‎(١٥)ی نۆڤەمبەر
‎چاوەڕوانم
‎ھەرەس پێ بھێنە
‎بەڵێن بدە
‎وەک فلامینگۆ لەسەر یەک پا سەدەیەک چاوەڕێت دەکەم

ھەواڵی زیاتر