هوشیار عەزیز
وەرە با بەفر بکەینە بیانوو بۆ ئاشت بوونەوە
بیکەینە بیانوو بۆ دڵ سپی بوونەوە
بیانوو بۆ داگیرساندنەوەی ئاگردانی دڵ
بۆ گەرم کردنەوەی خۆشەویستی ..
…
وەرە با تکا لە باران بکەین ببارێت
تا بەو بیانوەوە پیاسەیەکی ئێوارانە
وەک نانی تیری
ئەم بیابانەی نێوانمان تەڕ بکات
ئەم دێراوی وشکھەڵاتوی ئەڤینەمان پاراو بکات
…
نزا بەرینە لای ڕێستۆرانتێک و پێی بڵێین
تکایە لەسەر خوانێکی خۆت
وەک جاران کۆمان بکەرەوە
وەک جاران دڵمان لەیەک بدەرەوە ..
بماندەرە وە دەست پێکەنین بەو سۆعبەتەی
هەموو جار من دەڵێم
دەعوەتی تۆم و
تۆش دەڵێی
( تا پیاو وەستابێت عەیبە ئافرەت پارە بدات ) ..
…
وەرە با بەدرۆی (خەوی ناخۆشم پێتەوە بینیوە )
نامە بۆیەکتر بنێرین
تەلەفۆن بۆ یەکتر بکەین
گوێ لە دەنگ و هەناسەی یەک بگرین
تێر قسە بکەین و ئینجا
تێر بگرین ..
…
با لە هاوڕێ نزیکەکانمان هەواڵی یەکتر بپرسین
تا هەواڵپرسینەکە بەیەکتر بگاتەوە
خەمخۆریمان پشتڕاست بکاتەوە .
…
ڕەنگە ( سلاوێک )
ببێتە مەڵهەمی سەر بڕینی دڵ
( داوای لێبوردن )ێک ببێتە شیفا
(بیرت دەکەم ) ێک دەرگای زویر بوون بشکێنێ
ئاشتبوونەوە، وەک باڵندەی ناو قەفەس بدات لەشەقەی باڵ
…
وەرە با کۆتایی بەو گۆرانیە غەمگینەی غولامی بهێنین
کە عەیامێکە بوەتە وێردی سەر زمان
ئەو گۆرانیەی دەڵێ :
(نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم شەرتە هەتا ئەو خوارە بێ تۆ
دەرونم خاڵیە وەک نەی دەناڵێ
هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ )
…
ئەگەر تۆ بێیتەوە
نە هەتا ئەو خوارە دەچم بێ تۆ
نە دەروون خاڵی دەبێت و
وەک نەی بناڵێ
نە هەواریش پڕ هاوار دەبێت بێ تۆ ..