دەبێ شاعیر هەرجارەی هێمایەك لە کۆدەکانی ڕۆحی پێشکەش بە خوێنەر بکات

هێرش عەبدولوەهاب، خاوەن قەڵەمێکی دیاری نێو بواری شیعرە. لەدایکبووی ساڵی 1966، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە حەزی لە نووسینی شیعر هەبووە، بەتایبەتیش خوێندنەوەی شیعرەکانی گۆران و هێمن موکریانی و پەشێو و مەجید خەمناک و عومەر خامۆش و .. دەڵێت: تا گەیشتمە قۆناغی ناوەندی ئیتر مەیلم چوو بۆ لای شاعیرانی کلاسیك و غەزەلنووسانی فارس، دواتریش لە قۆناغی ئامادەیی چەند تێکستێکی شیعری کلاسیکم نووسیەوە لەژێر ناوی خۆڵەمێش، ئامادەم کرد بۆ چاپ، بەڵام بەداخەوە لێیان بزر کردم ئێستاش نازانم دەستنووسەکە کەوتە کوێ.

(شیعر و هوڕێنە)
هێرش عەبدولوەهاب لەو دیمانەی ڕۆژنامەی هەولێر دەڵێت: لای من شیعر هوڕێنەیەکی سەرشێتە.
لەبارەی ئەوەی پێیوایە شیعر واقیعێك بێت پڕ لە نهێنی و ژیانی خودی شاعیر؟ هێرش دەڵێت:
بەڵێ، ئەو کاتانەی شاعیر دەبێتە پارچەیەك لە هێما، ئیتر پەنا بۆ شیعر دەبات.
سەبارەت بەوەی لە شیعرەکان تەرکیزت کردۆتە سەر چی؟
شاعیر دەڵێت: لەوانەیە پێشتر شیعر وەزیفەی زۆری هەبووبێ، بەڵام ئێستا شیعر سەرەکیترین وەزیفەی چێژ بەخشینە بە خوێنەر. واتە بە کەمترین کات زۆرترین چێژ بگەیەنیت بە خوێنەر؛ ئەمە هەروەکو لە شیعرەکانی شاعیری ئەمریکی (واڵت ویتمان) هەستی پێ دەکرێ.. جا من وەکو خۆم زیاتر تەرکیز لەسەر ئەشق دەکەم، ئەم دونیایەش لەسەر فەلسەفەی عیشق دامەزراوە؛ ئەگەر ئەشق نەمێنێ ئەم جیهانە هەرەس دێنێ.

(دۆزینەوەی ئەشق)
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: من لە دەرگای موعاناتەوە چوومە نێو دنیای شیعر ، دواتر نهێنیەکانی ئەشقم تێیدا دۆزیەوە.
پێشی وایە ڕۆحی شاعیر زۆر ئاڵۆزە، بۆ ئەوەش دەڵێت: ڕۆحی شاعیر زۆر ئاڵۆز و پڕ لە هێما و کۆدی ونبووە، بۆیە شاعیر خۆی هەمیشە بە دوای نهێنیەکانی خۆیدا دەگەڕێ… دەبێ شاعیر هەر جارەی هێمایەك لە کۆدەکانی ڕۆحی پێشکەش بە خوێنەر بکات تا خوێنەر هەمیشە چاوەڕێی شتی تر بێت لە شاعیر.

( خەونی شاعیر)
سەبارەت بەو پرسیارەی خەونەکانی شاعیر چین؟ هێرش عەبدولوەهاب دەڵێت: خەونەکانی شاعیر بە دوو شێوە لەدایك دەبن؛ شێوەیەکیان کە شاعیر لە دنیایەکی جواندایە ئیتر خەریکی فڕین دەبێ؛ ئەوەی تریان کە شاعیر لە نێو ژینگەیەکی خراپ دایە، لێرە خەونەکانی شاعیر هەمووی دەبێت بە خۆزگە و گریان بۆ ژیانێکی باشتر؛ واتە لە ژینگەی خراپدا خەونەکانی شاعیر تەسك دەبنەوە. دەشڵێت: من دەڵێم مادام شیعر ڕۆحە ؛ هەمیشە لەگەڵ خەوندایە؛ ئێ خۆ هەر خەونیشە دەبێت بە واقیع.
( مانەوەی وشە شیعرییەکان)
لەبارەی ئەوەی شاعیرانی کورد تا چەند توانیویانە وشەی کوردی پەتی لە دەقەکانیاندا بەکار بێنن؟ هێرش دەڵێت: ئەگەر شاعیران نەبووان، زۆربەی وشە کوردیە پەتیەکان لەناو دەچوون، چونکە شاعیر بۆ دەربڕین هەمیشە پێویستی بە وشە دەبێت، بە تایبەت ئەو وشانەی ئاواز و ئیقاعێکیان هەیە؛ کە ئەمەش خەسڵەتی وشە کوردیە پەتیەکانە.
لەبەردەوامی قسەکانیدا ئەو شاعیرە دەڵێت دوای نووسینی هەر شیعرێک هەست بە ئارامی ڕۆح دەکەم. بۆ ئەوەش گوتی:
دوای نووسینی هەر شیعرێک زۆر هەست بە ئارامی دەروونم دەکەم، چونکە شاعیر پێش نووسینی شیعرەکە دەروون و مێشکی زۆر ناڕەحەت و نائارامە.

(ناسران لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبیەکان)
هێرش عەبدولوەهاب جگە لە شیعری کوردی، بە زمانی عەرەبیش شیعر دەنوسێت و دەستێکی باڵای لەم بارەیەوە هەیە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش گوتی: لەو کاتەی کە مامۆستا قوبادی جەلیزادە و هاوڕێی ئازیزم سەرهەنگ خامۆش منیان خستە یانەیەکی عەرەبی پێش یەک دوو ساڵێک، ئیتر من نووسینەکانم بە زمانی عەرەبی چڕ کردەوە؛ لە بواری هایکۆ و هایبۆن و تانکا و … تا چامە و ژانری تر، لێت ناشارمەوە لەوەتەی من بەزمانی عەرەبی دەنووسم لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبیەکان و جیهانیش ناسرام، تا گەیشتە ئەوەی ناوم لەپاڵ گەورە نووسەرەکانی عەرەب بچێتە ناو گوگڵ لە ئەنجومەنی باڵای کۆڕبەندی داهێنەران و نوسەرانی عەرەب، ئەمە جگە لە بەشداری کردم لە کۆنگرە و ئێوارەکۆڕی نێودەوڵەتی..

( بەرهەمەکانی شاعیر)
دەربارەی بەرهەمە شیعرییەکانی دەڵێت: تا ئێستا دوو بەرهەمم بە چاپ گەیاندووە، یەکێکیان شیعرە لە ژێر ناوی (ئێمە خۆمان نین ) لە ساڵی 2007 لەسەر ئەرکی (سەنتەری ڕۆشنبیریی بەهرە) بەچاپم گەیاندووە، ئەوەی تریشیان لێکۆڵینەوەیە لە ژێر ناوی (پەیوەندی نێوان خۆشەویستی و سێکس) لەسەر ئەرکی هەمان سەنتەر بە چاپم گەیاندووە.

ھەواڵی زیاتر