بەفری نوێ

ئەحمەد شاملوو

وه‌رگێڕانی: ساماڵ ئه‌حمه‌دی

خۆش کشاویتە سەربانان
بەفرە نوێیەکە سڵاو!
پاکیت هێنا هیوای سپی!
ئێستا هەر پیسییە باو

هەوایەکی شووم دەژەنێ
ژەنیارەکەی زەمانە
هەر تاڵاوی ژینە دەتکێ
لە لێواری پەیمانە

شێوەفرمێسکێک ڕادەخوشێ
کە پێی دەبێژن بزە
پەیکەری ناوێک دەتاشێ
شێوەی لە شێوەی گزە

شەممە هەینی و پار هەر پێرار
وای کێشاون شێوەکار
مەلی شادی هاتە سەر داو
کە داو پسابوو جەخار!

ڕێ گەییە دەشتایی، بەڵام
هەنگاو هەر لەدوو نایە
ئاگر دەنگی پڕ لە ئاوە و
تینوو لە گیانەڵڵایە

ئەو کاتە دەگەینە ئاوات
کە ئاوات ببڕێ تەواو
خۆ ئەوەش خاوخەیاڵییە
بەفرە نوێیەکە سڵاو!

ھەواڵی زیاتر