شەوانی بێ تۆیی

حه‌مید قه‌ڵادزه‌یی

ئەو شەوانەی کە بێ تۆیین
هەورێکی ڕەش داگەڕاوم
برووسکەی شین دەستم دەگرێ
بەرەو هەیوانی ڕووخاوم
بارانێکی سەر هەڵگرتووم
بەرەو ماڵی بێ پەنجەرە
کزە ـ باـ بووم، لە پێی خستم
زامی زەخمی ئەو دولبەرە
لە شەوانی بێ تۆییدا
ئاسمانیش، وەک خۆم بێ حاڵە
ئەستێرە سەر دەرناهێنێ
هەوریش تەنها گڕوگاڵە
تەنها هەوری چاوی خۆمە
دەڕژێتە ناو..
گۆمی مەندی ئەندێشەوە
ئاسوودەیی..
مەنفایەکی هێندە دوورە
زەردەخەنە تیژباڵیش بێ
ناگاتە سەر لێوەکانم
! بۆ نیشتنەوە

ھەواڵی زیاتر