مارکسیزمەکان؛ دەروازەیەکی دیکە بۆ ئاشنابوون بە مارکسیزم

ئارام كۆشكی – سلێمانی

زیاتر لە نیو سەدە لەمەوبەر مارکس و مارکسیزم دێتە نێو رۆشنبیریی و کوردی و کایەی سیاسی کوردییەوە، بەڵام مارکسێک بەبێ تێگەیشتنێکی فیکریی و فەلسەفی لە چەمکە بنەڕەتییەکانی مارکسیزم. ئەوەندەی من سەرنجمداوە و لە مێژووی ئەم پەنجا ساڵەی ڕابردوو وردبوومەتەوە، ڕووکەشێک، یان سەرتوێژێک لە بیری مارکسی گەیشتووە و مارکسیزم لە قوڵاییدا کە دەشێ شۆڕشێکی فیکریی و هونەریی و ئەدەبی و دواجار سیاسیش بێت و هەوڵ بێت بۆ نوێکردنەوەی کۆمەڵگە و دیدی تاکەکان بەرەو یەکتر قەبوڵکردن بەرێک نەگیشتبووە لای تاکی کوردی.

ئێستا و دوای ساڵانێکی زۆر و بەتایبەت لەم دە ساڵەی دواییدا هەندێک هەوڵی گرنگ و جێبایەخ هەن کە هەوڵی ناساندنی بیری مارکستی و مارکسیزم دەدەن، بەڵام هەوڵگەلێک لە قووڵاییدا، یان هەوڵگەلێکن بە نیازی ئەوەی مارکس بۆ تەنها یەک دوو چەمکی ئابووریی، یان سیاسی کورت نەکرێتەوە. بەڵکو هزری مارکسی هزرێکە بۆ زۆرێک لە بەشەکانی نێو ژیانی کۆمەڵایەتی هەڵگری ئایدیا و تێزی جۆراوجۆرە بۆ ڕیفۆرم لە کۆمەڵگەدا و بەجێهێشتنی دۆگمای کولتووریی و هەنگاونان بۆ نوێبوونەوە لە هەموو ئاستەکاندا.
کتێبی مارکسیزمەکان؛ لەنێو ئەو دەیان هەوڵەی دیکەدا کە لەم 10 ساڵەی ڕابردوودا بۆ ناساندنی مارکس و مارکسیزمی ڕاستەقینە دراوە، دەشێ هەوڵێکی دیکەی جێگەی ڕێز و هاوکات خوێندنەوە بێت. لەم کتێبەدا چەندین نووسەری مارکسی بە وتار و توێژینەوە بەشدارن بۆ ناساندنی چەمکە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی مارکسیزم. لەوانە (جۆن هاڵوەی، ئاندریۆ فینبەرگ، مۆریس میرلۆپۆنتی، میشیل لیڤی، ژاک بیدە و بێرتێل ئۆلمان) و چەندین نووسەر و وەرگێڕی دیکە.
ئەم کتێبە لە کۆدا هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی دیدی تەقلیدی بۆ مارکس و مارکسیزم، ئەو دیدەی یەک وێنەی هەیە بۆ بینینی مارکسییەت و ئەو وێنەیەش لە لینین و ستالین و کاسترۆدا کورتی دەکاتەوە. لەکاتێکدا دەشێ ئەوانە بە لاڕێدابردنی مارکسیزم بن وەکو لەم کتێبەدا تیشکی خراوەتەسەر، چونکە یەک جۆر لە مارکسیزم لە ئارادا نییە، هەروەها یەک جۆر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مارکس و مارکسیزمدا بوونی نییە. هەر لە پێشەکی کتێبەکەدا پێداگریی لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە “مارکسیزیم پرۆگرام نییە، تەنانەت پرۆگرامی شۆڕشیش، مارکسیزم ڕەخنەیە و بگرە یەک ڕەخنەیە، بەڵام ڕەخنەیەکی کاریگەر، ئەمە خۆی دەرکەوتەی ئیرادەی بەرەنگارییە بەرامبەر ستەم.”
هەر لەم کتێبەدا مەسەلەی ڕەخنەکردن و خودی ڕەخنەکردنی مارکسیزمی تەقلیدی کراوەتە بەر باس و ڕووبەرێکی زۆری بابەتەکانی ئەم کتێبە بۆ ڕەخنە و فراوانکردنی ڕووبەڕی ڕەخنەیی، کە یەکێکە لە ئایدیاکانی مارکسیزم و مارکسیستە ڕاستەقینەکان بڕوایەکی پتەویان پێیەتی کاری لەسەر کراوە. ئەوەی ئەم کتێبە لە هەوڵەکانی دیکە جیا دەکاتەوە پێشکەشکردنی دیدێکی دیکەیە، کە دەیەوێت ڕووبەرێکی دیکە بەڕووی تاکی کورددا بکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە مارکسیزم.
دەشێ لە دواجاردا بڵێین؛ مارکسیزمەکان، دەروازەیەکی دیکە بۆ ئاشنابوون بە مارکسیزم، بەڵام مارکسیزمێک جیاواز لەوەی تا هەنووکە پێی ئاشنابووین، یان ئەوەی بۆمان هاوردەکراوە. چونکە ئەو مارکیسزمەی لە سی چل ساڵ لەمەوبەرەوە هاوردەکرا مارکسییزمێکی دۆگماتیک بوو، دووربوو لە هەموو کولتوورێکی ڕەخنەیی و کرانەوە و خۆنوێکردنەوە، کە زیادەڕەوی نییە بڵێین ئەوە مارکسیزی ڕاستەقینە نەبووە و دەشێ ئێستا لە ڕێی هەوڵی لەم چەشنەوە مارکسیزمی ڕاستەقینە دووبارە لە دایکبێتەوە.
دەستخۆشی بۆ سەرجەم نووسەران و وەرگێڕکارانی ئەم پرۆژەیە و بەهیوای ئەوەی کتێبی دیکە و پرۆژەی دیکەی بەدوادا بێت.

ھەواڵی زیاتر