سروشتی یەکە زمانەوانیەکان لە تێکستەکانی (سۆران محەمەد)دا

ئەحمەد عەلی

وشە لە تێکستەکانی شاعیر سۆران محەمەددا سێنتراڵە، ئەمەش وا دەکات هەرگیز رۆڵی بە پایان نەگات، بەمجۆرە دەستەواژە شیعرییەکان هەمیشە خۆ نوێ دەکەنەوە، بە حوكمی ئەوەی لە مانایەکدا قەتیس نامێنن و کۆتایی بە ڕۆڵیان نایەت، ئەمەش بێگومان کارامەیی هزر و وەستایی لە بنیاتنانی دەلالەت دەردەخەن کە هەمیشە وشە لە تەقینەوەی بەردەوامدایە بۆ وەبەرهێنانی مانای جیاواز، کاتێك ئەم زاراوە شیعرییە تایبەتانە یەك دەگرن و لە بینای دەقێکدا بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی یەکانگیرو تۆکمە یەکتر ڕادەکێشن ئیدی دەرگای ئەگەرەکان لەبەردەم وەرگردا زیاتر ئاوەڵا دەکەن بۆ چوونە ناوەوەی ئایدیا و تێگەشتنە جۆراوجۆرەکانی تێکستەکان بەو جۆرەی زیاتر لەگەڵ باری تێگەشتن و ئاستی باکگراوندی رۆشنبیریی خوێنەرە جیاوازەکاندا گونجاو بێت.
لە ڕاستیشدا هەموو شتێکیش لە دەرەوەی دال ناکارایەو لەم بارەدا ئەوە هەر زمانە هەڵدەستێت بە ئەرکی داهێنان و گەیاندنی نامەو گوتارە شیعرییەکان، زانای زمانناسی سویسریش (دی سوسێر) وای دەبینێت کە تەنیا یەك ڕایەڵ و پەیوەندی نییە لە نیوان دال و مەدلولدا بەڵکو دەکرێت ئەمەش بە هەوڵی دەربڕینی تاک ئەنجام بدرێت بە لادان لە پەیوەندییە رەمەکی تەقلیدیەکەی زمان کە لە لایەن دەستە جەمع بەکارهاتووە بۆ دەنگ و کۆنسێپتی زاراوە جیاجیاکانی نێو هەر زمانێك و شاعیر پێکهاتەی جیاوازی دەلالەتیان لێ پێکبهێنێت.
زمان وەكچۆن روکاری دەرەوەی هەڵگری دەلالەتی دیاریکراوەو لە زمانی رۆژانەدا بەرجەستە دەبێت، هەرواش لە ناوەوەی خۆیدا دەکرێت شاعیر بە دوای ڕایەڵی تری نێوان زاراوەکاندا بگەڕێت و مانای نوێیان لێ بەرهەم بێنێت، ئەو مانایانەی وەکو سێبەری یەکە زمانییە سەرەکیەکە بەملاولای تەنەکاندا دەردەکەون و درێژ دەبنەوە کاتێك تیشکی جیاواز لە گۆشەی جیاجیاوە بەر ئەو تەنە دەکەون، زمانیش لای شاعیر سۆران محەمەد هەر بەم جۆرە کەوتۆتەوە، کاتێك خوێنەری زیرەك ئەم سیفاتە ناوازەیە لە شیعرەکانی شاعیردا کەشف دەکات کە وردو وریا مامەڵە لەگەڵ پیت و وشەو زاراوەو دەستەواژە شیعریەکانیدا بکات، دەکرێت لە سوچێکی دێڕە شیعرێکدا ئەم لادانانە هەڵبقوڵێن و ڕێڕەوی تەواوی تێکستەکە بە ئاراستەیەکی تردا بەرن، یان مانایەکی نوێ بهێننە ئاراوەو هانی خوێنەر بدەن تا گەڕانی چڕ بکاتەوە بۆ دەسخستنی دەلالەتەکانی تری کۆپلەکان ونەگوتراوەکانی تێکستەکە.
بۆ زیاتر نزیك کردنەوەی ئەم بۆچوونە لە تێگەشتی خوێنەر با سەیری ناونیشان بکەین لە دوا شیعری بڵاوکراوەی شاعیردا لە ژمارە (٨٦)ی گۆڤاری (پەیڤ)داو لە دەقی (جیابوونەوە لە خود)، کە هەر لەسەرەتاوە ئەم دەستەواژەیە خوێنەر چالاك دەکات و لەبەردەم چەندان ئەگەردا جێی دەهێڵێت؛ ئایا جیابوونەوە بە تێگەشتنە فرۆیدیەکەی دێت بۆ سێ بەشە سەرەکیەکەی سایکۆلۆجی مرۆڤ؟ یان نەخێر ئەمە باس لە دەرچوونی گیانە و ترازانە لە جەستە؟ یان نا بەڵکو ئەمە جۆرێك لە حاڵەتی شیزۆفرینایە (الانفصام الشخصیە)، دەکرێت خوێنەرێکی تر وای بۆ بچێت کە هیچ کام لەمانە نییەو جیابوونەوەی تاکە لە گشت، یان لقە لە بنەچە.. هتد.
زۆر پێشتر رەخنەنووسی ناوداری مەغریبی و مامۆستای زانکۆی ڕێبازە ڕەخنەییە هاوچەرخەکان (محەمەد خەرماش) لە پێشەکی کۆمەڵە شیعری (قەسیدەی لەقلەقە کۆچەرییەکان)ی ئەم شاعیرەدا، کە لەساڵی ٢٠١٤دا بە عەرەبی چاپ کرا پەی بە هێزی وشەسازیەکانیناو شیعری ئەم شاعیرە بردبوو و نووسیبووی: (شیعرەکانی سۆران محەمەد چەمک و بەهاکانی لەسەر سینییەکی زیوین پێشکەشمان ناکات، بەڵکو دەبێت خۆمان ماندوو بکەین و بە پێچوپەناکانیدا بگەڕێین تاکو بگەینە سەرەداوی خوێندنەوەکان و پرۆسەی تەواوکاریی شیعرەکە بێتە دی.

ھەواڵی زیاتر