لە وێژەخەڵاتی بۆکەری ٢٠٢١ەوە هەتا نۆبێڵەکەی

بەختی نووسەرانى ئەفریقا هەڵسا

هەرسێ وێژەخەڵاتە گەورەکەى دنیا لە ساڵى ٢٠٢١ى زایینى بەر نووسەرە ئەفریقییەکان کەوت. (محەمەد ئێمبوگر سار ـ mohamed mbougar sarr) بۆ کتێبی (یادەوەرییە هەرە نهێنییەکەی پیاوان ـ la plus secrète mémoire des hommes) وێژەخەڵاتى (گانکورت ـ Goncourt) و (عەبدولڕەزاق گۆرنە ـ Abdulrazak Gurnah) بۆ کارە ئەدەبییەکانى وێژەخەڵاتى (نۆبڵ ـ Nobel) و (دەیڤید دیۆپ ـ david diop) بۆ کتێبی (هەموو خوێنێک لە شەوى تاریکدایە ـ at night all blood is black) بە وەرگێرانى موشواکیس فەرەنسی و (دامۆن گالگۆت ـ Damon Galgut) بۆ کتێبی (بەڵێن ـ the promise) و (نەدیفە محەمەد ـ nadifa mohamed) بە کتێبی (پیاوانى بەبەخت ـ The Fortune Men) و (کارین جنینگس ـ Karen Jennings) بە کتێبی (دورگە ـ Island) وێژەخەڵاتى (بۆکەر ـ Booker)یان بەدەست هێنا.

لەم وتارەدا، (ئەلێکس کلارک ـ Alex Clare) نووسەرى (گاردیەن ـ theguardian)، گرنگى ئەم وێژەخەڵاتانە بۆ نووسەرانى ئەفریقا و ئەفریقییەکانى دیاسپۆرامان نیشان دەدات بۆ ئەوەى بزانین کە چ دەروازەیەکیان بۆ واڵا بووە و چ کاریگەرییەکیان لەسەر نەوەى ئایندەى ئەفریقا دەبێت!
دامۆن گالگۆت، ئەمساڵ خەڵاتى بۆکێرى ٢٠٢١ى زایینى بەدەست هێنا، ئەویش لەبەر ڕۆمانێکى فرەڕەهەند کە گێڕانەوەى ژیانى بنەماڵەیەکى ئەفریقییە لە نێو گۆڕانکارییە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى کۆتاییەکانى ئاپارتاید. یەکەمین کاردانەوە بەرامبەر وەرگرتنى خەڵاتەکە، ئەمە بوو: ئەمساڵ ساڵێکى باشە بۆ نووسەرانى ئەفریقى. دەمەوێت ئەم خەڵاتە لە لایەن هەموو چیرۆکە وتراو و نەوتراوەکانەوە، بیستراو و نەبیستراوەکانى نووسەرانى کیشوەرى ئاسیاوە قبوڵ بکەم.
ئەم قسانە، زیادەڕۆیی نەبوون. وێژەخەڵاتەکە بۆ گالگۆت، لە کۆتاییەکانی ساڵێک بەدەست هات کە تیایدا خەڵاتە بەنێوبانگەکانى دونیا لە لایەن نووسەرە ئەفریقییەکانەوە دروێنە کرابوون. لە مانگى پووشپەڕ، دووەمین ڕۆمانى دەیڤید دیۆپ خەڵاتى نێودەوڵەتى بۆکێری پێ درا کە ئیلهامگرتوویە لە ڕاپۆرت و ئەزموونى چەکدارانى سینیگالى لە شەڕی جیهانى یەکەم. پەرتووکى (یادەوەرییە هەرە نهێنییەکەی پیاوان)ـى محەمەد ئێمبوگر ساریش وێژەخەڵات گانکورتى فەڕەنساى پێ درا و ئەمە یەکەم جارە نووسەرێى وڵاتانى باشوورى سەحراى ئەفریقا ئەم خەڵاتە بەدەست دەهێنێت. مانگى ڕابردووش خەڵاتى ئەدەبی نۆبێڵ بەخشرایە عەبدولڕەزاق گورنە، ڕۆماننووسێک کە لە ساڵى ١٩٨٦ى زایینى و پاش شۆڕشى نێو وڵاتەکەى، ڕووى کردە بەریتانیا و هەر ١٠ ڕۆمانەکەشى تاوتوێکردنى کۆچ و ئاوارەییە، واتە هەر لە بەهەشت و کەنارى دەریاوە بگرە تا ژیانی پاش مەرگ، هەمووى بیرخەرەوەى وێرانییەکى تراژیکن.
هەروەها کارین جنینگس، ڕۆماننووسى ئەفریقیش بە ڕۆمانى دورگە، لە نێو لیستە درێژەکەى بووکێرى ئەمساڵدا بوو کە چیرۆکى ڕووبەڕووبوونەوەى فانۆسدارێکى دەریایی و پەنابەرێکە و هەر ئەمەش واى کرد جنینگس نێوبانگ دەرکات؛ چونکە پێشتر تیراژى کتێبەکەى ٥٠٠ دانەیەک بوو، بەڵام دوایی هەزاران دانەى لێ کڕدرا. هەر لەم کاتەدا نەدیفە محەمەدى نووسەرى سۆماڵى ـ بەریتانیش بە ڕۆمانى پیاوانى بەبەخت لە لیستی کۆتاییدا بوو کە لەبارەى مەلەوانێکى سۆماڵییە بە هەڵە تۆمەتبار دەکرێت بە کوشتنى وێڵز و لەسەر چیرۆکێکى ڕاستەقینە دروست کراوە.
وێژەخەڵاتەکان دەبێت وەک شاخێکى بەستەڵەکیی جیهانى ئەدەبیات تەماشایان بکەین کە لە نووسەرانێکى ماندوونەناس و کەمترناسراو و کتێبفرۆش و چاپەرانێکى داهێنەرى وڵاتان، زمان و ناوچەگەلى جیاواز دروست بووە. (ئەڵاو واکاتاما ـ Alaw Wakatama) سەرنووسەرى (کانەنگەیت ـ Canongate) و سەرۆکى بۆردى خەڵاتى (AKO Caine)، لەمەڕ ڕووداوگەلەکەى ئەمساڵ دەڵێت: ئەم ساتە، هەروا لەناکاو ڕووى نەداوە. هۆکارى ڕووداوى لەم چەشنە، هەوڵێکى زۆر بووە بۆ کردنەوەى فەزا لە ساڵانى ڕابردوو؛واکاتاما بڕواى وایە ئەمە کۆتایی حیکایەتەکە نییە و کۆتاییەکەى کاتێک ڕوو دەدات کە بە خاڵێکى دیاریکراو بگەین. شوێنێک کە بەرهەمى نووسەران لە قەبارەیەکى پێویست چاپ ببن و وەک بەشێک لە فەرهەنگەکەى ئێمە بکەونە کێبەرکێوە، نەک وەک دیاردەیەکى تایبەت و سەیر!
لە گورنە دەپرسم کە ئایا هەستێکی بەرامبەر ئەو دنیا گەورەیەى بەرامبەرى کراوەتەوە، هەیە؟ ئاخۆ گوێ دەگرێت لەو چیرۆکانەى کە لە ڕابردوودا گوێى لێ نەدەگرتن؟ ئەو دەڵێت: دەکرێت وەها بێت. هەڵبەتە! هیوادارم. بەڵام وا بیر دەکەمەوە کە ڕەنگە ئەمە دەرەنجامى زۆرێک لە ڕووداوەکانى ئەم دواییە بێت. ڕەنگە هەستێکى باشترم لەوەى کە لە شوێنی دی هەیە، هەبێت. نەک هەر لەوەى کە ڕۆژنامەکان بڵاوى دەکەنەوە. من وا بیر دەکەمەوە جۆرێک لە دژەگێڕانەوە هەیە کە زۆر پشت بە چیرۆکى سەلمێنراو و ددانپێدانراو نابەسێت و ئاماژە بە ڕووداوەکانى عێراق و سوریە و لیبیا (ئەو وڵاتانەى کە بەریتانیا و ئەمریکا دەستى تێ خستوون) دەکات و دەڵێت: هەموو ئەمانە نیشاندەرى ناشیرینییەکانى سیاسەت و ئەو زوڵمەن کە بەسەر دەوڵەتە بێهێزەکاندا سەپاوە. هەروها هەست دەکەم جووڵانەوەى گیان ڕەشەکان گرنگە، ئەو ساقى و باقى و ئاڵوگۆڕەى کە لە چەند مانگى ڕابردوو لە بەریتانیا بووە، شەڕە فەرهەنگییەکان، چیرۆکى پەیکەرەکان و هەموو ئەمانە ڕەنگە ببنە هۆی زیاترکردنی ئاگایی؛ بەڵام من گومانم هەیە بتوانن ببێتە هۆى پێدانى خەڵاتى ئەدەبی. دەمەوێت وابیر بکەمەوە کە هۆکارى پێدانى ئەم خەڵاتە تەنیا لەبەر بەرهەم و کارى نووسەرەکانە؟!
گۆرنە لەمەڕ شەڕە فەرهەنگییەکان، زۆر توند و بێگرێوگۆڵ قسە دەکات. ئەو شەڕانە بە گفتوگۆیەکى بێمانا هەژمار دەکات. بڕواى وایە ئەم شەڕانە لە نێو خەڵکانێک ڕوو دەدەن کە بێئاگان بەرامبەر شتگەلێک کە هەر لەنێو دەچن و بەرگریشیان لێ دەکەن. لە درێژەدا دەڵێت: کێشەم لەگەڵ ئەم خەبات و کێبڕکێیانە نییە. ئەمە پەیوەندى بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام بە بڕواى من ئەم باسە بەلانى کەمەوە سەدەو نیوێک پێش لەنێو چووە. مەبەستم ئەمەیە کە چیتر هیچ ڕوانگەیەکى ئەخلاقى ناتوانێت بەرگرى لە هۆکارەکانیان بکات. هێشتا بۆ درێژەدان،. بۆ گالگۆت، ڕووداوێکى وەک بەفەرمیناسین لە لایەن دەستەى داوەران و تاوتوێکەرانى بۆکێر، لە ئەفریقا دووبارەنەبووەوەیە. ئەمەش نیشان دەدات کە لەو وڵاتە، نووسەران لە دۆخێکى ژیاندان. گالگۆت دەڵێت زۆربەى سیاسەتمەدارانى ئەفریقاى باشوور، هیچ گرنگییەک بەم بابەتە نادەن.
وەک زۆرێک لە نووسەرانى دیکە، گاڵگۆتیش موشتاقانە پێداگرى لەسەر پێویستى و بەهێزبوونى فەرهەنگ و ئەدەب دەکاتەوە. ئەم بابەتە بۆ ئەو ڕووکارێکى دیکەى هەیە، بەتایبەت لە ئەفریقاى باشوور. ئەو هێرش دەکاتە سەر تێچووەکانى کتێبەکان و پێداگرى لەسەر نەهێشتنى باج دەکاتەوە. دەڵێت: دەبێت فەرهەنگێک دابمەزرێنین کە تیایدا ڕێز لە خوێندنەوە و نووسین بگیردرێت. ئەویش بەر لەوەى خەڵک ناچار بکرێت چەندین کاتژمێر سەرمایەگوزارى بکەن تا ئەوەى کەمێک کات بۆ خوێندنەوە و نووسین بدۆزنەوە.
لەگەڵ تیمۆتى ئۆجین، شاعیر و نووسەرى نێجیری کە ئێستا لە ئەمریکا دەژیت، گفتۆگۆشم ئەنجام داوە. قسەکانى ئەو دەتوانێت دەروازەگەلێکى نوێ بە ڕووى ئێوە بکاتەوە. ڕۆمانە بەزمەساتییەکەى بە زوویی چاپ دەبێت. ئۆجین چیرۆکى ڕۆماننووسێکى نەناسراوى نێجیریەیی دەگێڕێتەوە کە لە لایەن ئەمریکییەکى سپیپێستی دەوڵەمەندەوە مەحکوم کراوە. ئەو بڕواى وایە سەرکەوتنەکانى ئەم دواییەى نووسەرە ئەفریقییەکان، فرەیی دەنگەکانى نێو ئەفریقا و دیاسپۆرا نیشان دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت سەرەنجەکان بەرەو فەرهەنگە ئەفریقییەکانى ئاسیا و عەرەبە ئەفریقییەکان و زەریای هیند بکێشرێت.
تیمۆتى ئۆجین دەڵێت: پرسیارێک کە دەبێت لە خۆمانى بپرسین ئەمەیە نووسینى ئەفریقایی چ مانا و واتایەکى هەیە؟ ئێمە وەڵامگەلى سنووردارمان بۆ ئەم پرسیارە هەبووە. بۆ ماوەیەکى درێژ، جگە لە پێداهەڵدانى نیشتمانى و دژەداگیرکاری و مۆڵگاندن هیچ شتێکى دیکە نەبووە! ئەم ڕوانگەیە وردە وردە گۆڕانى بەسەردا هاتووە و بووەتە شتێک کە ئەمڕۆکە وەک ئەدەبیاتى ئەفریقی ناسێنراوە. بەڵام وابزانم ئەم قامەتە نوێیەش خەریکى گۆڕانە. زۆرێک لە نووسەرانى هاوچەرخ، دەستیان بە لێکۆڵینەوەى بەشگەلی جیاوازى بیرۆکە و ئایدیاکان کردووە. ئەوان لە خۆیان دەپرسن: چۆنە کە ئەفریقى بین؟ و ڕوو لە ناسینناسى دەکەن!
محەمەد ئێمبوگر سار، نووسەرى ڕۆمانى بیرەوەرییە هەرە نهێنییەکەی پیاوان، سەرەنجى خستووەتە سەر نووسەرێکى لەبیرکراو بە ناوى ڕەمبۆ ڕەش کە لاوێکی ڕۆماننووسێکى سینیگالی دۆزیویەتیەوە؛ ئەم چیرۆکە، گێڕەرەوەى خەیاڵ و وەهمە لە ئاست و شێوەى قبوڵکردنى ڕەشپێستانى ئەفریقى لە پانتایی ئەدەبی ڕۆژئاوایی. ئەم ڕۆمانە کە لەسەر چیرۆکێکى حەقیقى ژیانى نووسەرێک نووسراو، ناوى نووسەرەکە یامبۆ ئۆلۆگومە و لە مالی ـیەوە هاتوە و دواجار تۆمەتبار دەکرێت بە دزینى ئەدەبی و وردە وردە لەنێو بیرەوەرییان کاڵ دەبێتەوە.
حەز و خواستى فرەیی و هاودڵى، یەکێک لە تایبەتمەندترین براوەى وێژەخەڵاتە ئەدەبییەکانى ئەمساڵ بوو. ئەنگیزە و پاڵنەرانى ئەوان بۆ درێژەدان بەم ڕێگەیە، هاوکاریی کردوون لە کردنەوە و فراوانبوونى فەزا. محەمەد سار دەڵێت: خەڵاتى گانکورت نە تەنیا بۆ من بەڵکو بۆ هەموو نووسەرانى ئەفریقى جۆرە هەڵنەر و پاڵپشتییەکى گەورەیە. ئایندە هی ئەوانە. گرنگتر لە هەمووى ئەوەیە کە من نامەوێت تەنیا ڕیزپەڕێک بم؛ نابێت بشبم؛ من ڕیزپەڕ نیم.

سەرچاوە: گاردیەن

ھەواڵی زیاتر