شیعری/ قادر ژەوان
ئەو رۆژانەی من بەتەنیا
ژیانی بێ تۆییم چەشت،
تاریكی شەوانی جیا جیا
سەرما و كڕێوە و شەختەی زستانێ
گەلێك جەستەمیان بەست،
لە دەشت و دۆڵ
لە دامێنی چیا
تەختە بەردی كانی و سەر جۆیانم
رادەخستن،
لێفەم بەفرینی قۆزاخەی زستانێ بوو
بۆ شەو نووستن.
زامی رۆژگارم
تا دەهات زلتر دەبوو
ئارامی لێهەڵدەگیرا و
زامەكان
تێر تلا و تلیان پێ دەكرد
ئەگەرچی تۆش
لە كەشتی ئارامدا دەهاتیت و
پەلەت نەدەكرد.
خەمەكانم
لە تارمایی بێڵات
نزیك دەبوونەوە
كەچی نیگات
ئۆقرەی هەڵدەلووشیم
تا لە گەڵ لێزمە بارانی بەهارێدا
(پەرچەم و كۆلكە زێڕینە)
لێك ئاڵان و
گوڵی رۆژێكی نوێیان دەركرد
20 / 3 / 1987