دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

خوانێک بۆ گژوگیای دەریا؛ یان مارشی مەرگ

دواجار ڕۆمانە گرنگ و ناوازەکەی حەیدەر حەیدەر بە کوردی بڵاوکرایەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەم ڕۆمانە وەکو جۆرێک لە پێشبینی و هەموو ئەو شۆڕشانە بوو کە لە جیهانی عەرەبیدا لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەو کاتەوەی تەوژمی مارکسیزم جیهانی عەرەبی گرتەوە.

ئەم رۆمانە باسکردنە لەو نسکۆ شۆڕشگێڕیانەی لە گۆڕەپانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی عەرەبیدا ڕوویانداوە. هاوکات باس لەو فیگۆرانە دەکات کە بە خەونی گەورەوە بەشداری شۆڕشیان کرد، بەڵام پاش ئەوە شۆڕش بووە بەڵایەک بەسەر ئەوانەی کە هەڵیانگیرساند و ئەو جەماوەریش بوونە سوتەمەنی. ئەم کردەوانە دەرئەنجامی خراپیان لێکەوتەوە. “فوولە بوعەناب” ژنە پاڵەوانی جەزائیریی ڕۆمانەکە، دەبێتە قوربانی نەخۆشییەکانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتدا.
ڕۆمانەکە لە زۆر جێگەدا زیاتر لەوە دەڕوات، کە تەنها باسکردن بێت لە مرۆڤە شۆڕشگێڕەکان، بەڵکو کۆی رۆمانەکە باسکردنە لەو شکستانەی کە مرۆڤ بەدەستی خۆی دەیانچێنێت و تا دواجار بەرەو مەرگی دەبات. یان وەکو لە ناونیشانە دووەمینەکەیدا هاتووە “مارشی مەرگ” دەڵێتەوە.
“خوانێک بۆ گژوگیای دەریا؛ یان مارشی مەرگ” لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەلێک دەنگدانەوەی لە جیهانی عەرەبیدا هەبوو و لە چەند وڵاتێکیش قەدەغە کرا، بەڵام ناوبانی ئەم ڕۆمانە و نووسەرەکەی هەر لە بڵنداییدا مایەوە.
ئەم ڕۆمانە لەلایەن “غەفور ساڵح عەبدوڵڵا”وە کراوە بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند بە چاپی گەیاندووە.