لە دنیای ئەدەبیاتدا چیرۆکی زۆر کورت یا چیرۆکی تەکڕستەیی، مشتومڕی لەسەرە، واتە باس لەوە دەکرێت کە ئاساییە ڕستەیەک بۆن و تامی کورتەچیرۆک بدات، هەروەکچۆن دەڵێن کورتترین چیرۆکی دنیا هی ئێرنێست هەمینگوایە کە ئەمەیە: “بۆ فرۆشتن: پێڵاوی منداڵ، هەرگیز لەپێ نەکراوە ـ .Worn Never، Shoes Baby: Sale For “، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گومان هەیە لەوەی ئەمە چیرۆکی هەمینگوای بێت. لە ئینگلیزیدا پێی دەگوترێت “چیرۆک فلاش ـ Flash Fiction”، “چیرۆکی زۆر کورت ـ Very Short Story” یا “میکرۆ چیرۆک ـ Micro Story or Micro Narrative/Fiction” یا “چیرۆکی کورت کورت ـ short short story ” و لە کوردیشدا بە کورتە چیرۆک یا چیرۆکی زۆر کورت یا ساتیر نێو دەبرێت.
چیرۆکی زۆر کورت یا مینیماڵ بە گشتی کورتترین گێڕانەوە یا ڕستەیەکی چیرۆکییە کە خوێنەر تووشی شۆرک و غافڵگیری دەکات کە بە شێوەی تیشک ئاسا وێنا یا چەندین وێنا دەدات بە دەستەوە. زۆرحار چیرۆکە درێژ یا رۆمانەکان لە ڕستەیەکەوە دروست دەبن و فۆڕموولە دەبن.
لە ساڵانی ١٩٦٠ی زاینییەوە، جووڵانەوەی مینیماڵیزم لە زۆربەی هونەرەکانی وەک مۆسیقا و ئەدەبیات و نیگارکێشی دەرکەوت. لە ئەدەبیاتدا بە چیرۆکی زۆر کورت یا چیرۆکی کورت کورت شوێنگەی خۆی دیتەوە و ڕەواجی پەیدا کرد. ئەم جۆرە چیرۆکە بە جۆرێک لە کاردانەوە بەرامبەر دنیا و کۆمەڵگەی مۆدێڕن و پیشەسازی ئەوڕۆ هەژمار دەکرێت و زۆر جاریش وەک پەیامێکی مۆدێڕنە لەقەڵەم دەدرێت کە بەمەش دەدرێتەوە پاڵ دنیای مۆدێڕن و مۆدێڕنیتە.
تایبەتمەندییەکانی مینیماڵیستەکان:
ـ کەمبڵێیی و کورتبڕی و پاڵەپەستۆیی لە گوتن
ـ دیاریکردنی وشەی گونجاو و تەکبڕی
ـ سادەیی
ـ زەمان و شوێنی ئێستا
ـ گێڕانەوە بە زمانی ئێستا
ـ کارکردن لەسەر ڕووداوێکی دەرەکی
ـ تەک یا کەم شەخسیەتی
لە نووسەرانی ئەم جۆرە چیرۆکە دەتوانین ناوی کەسانێکی وەک کافکا و ئانتوان چیخۆف و ئادگار ئالن پۆ و ئێرنێست هەمینگوای و ئۆ هێنری و ئاگۆستۆ مۆنتێڕۆسۆ بەرین. بە گشتی دەڵێن ئەم جۆرە چیرۆکە بەلایەنی زۆرەوە ٣٠٠ وشەیە و ناکرێت لەوە زیاتر بێت و لەم بارەوە مۆنتێڕۆسۆ نێوبانگییەکی گەورەی هەیە.
ئاگۆستۆ مۆنتێڕۆسۆ:
“ئاگۆستۆ مۆنتێڕۆسۆ ـ Augusto Monterroso “، لەدایکبوونی ساڵی ١٩٢١ی گواتمالایە و دوورخراوە و دانیشتووی مەکسیک بوو لە ساڵی ١٩٤٤ـەوە. ئەم نووسەرە بەنێوبانگە بە نووسەری کورتترین چیرۆکەکانی دنیا بەنێوبانگە. زۆرینەی نێوبانگییەکەی بە هۆی چیرۆکێکی زۆر کورتەکەوەیە واتە “دایناسۆڕ”، بەڵام کۆمەڵە حیکایەتەکانی ئاگۆستۆ مۆنتێڕۆسۆ بە ناوی “مەڕی ڕەش و حیکایەتگەلی دیکە”، جێگەی سەرنجی زۆرێک لە نووسەران و خوێنەران و ڕەخنەگرانی دنیاشە. زۆرێک لە ڕەخنەگران، مۆنتێڕۆسۆ بە یەکێک لە شەفافترین و بێگەردترین و زیرەکترین نووسەرانی ئیسپانیۆلی زمان دەزانن. مۆنتێڕۆسۆ لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی و لە تەمەنی ٨١ ساڵی و بە هۆی وەستانی دڵەوە، لە شاری مەکسیکۆسیتی کۆچی دوایی کرد.
لە یەکێک لە چیرۆکەکانی بە ناوی “دایناسۆڕ” دەنووسێت: “کاتێک کە بەخۆ هاتەوە، دایناسۆڕەکە هێشتا لەوێ بوو ـ Upon awakening، the dinosaur was still there.”. بۆیە دەبینین ئەم چیرۆکە زۆر کورتانە بە هۆی نەگوتراوییەکانییانەوە چێژیان هێندەی دیکە زیاد دەکات و پانتایی بیرکردنەوەی خوێنەر زیاتر دەکەن و نووسەرەکان وا دەکەن کە خوێنەر دەخیل بکەن لە بیرکردنەوە و خەیاڵ کردن. هەر لەم چیرۆکی دایناسۆڕە، بە تەنیا وشەی “هێشتا”ـیە کە خوێنەر وا لێ دەکات بیر لە چەندین شت و ڕووداو بکاتەوە و تایبەتمەندی ئەم جۆرە چیرۆکەش ئاوایە. بۆ نمونە خوێنەرەوە دەتوانێت وا بیر بکاتەوە کە کەسەکە دایناسۆڕی لە خەوا بینیوە و کە هەستاوەتەوە بینیویەتی دایناسۆڕەکە لایەتی، یا کەسێکی بە بینینی دایناسۆڕێک لە ترسان لە هۆش خۆی دەچێت و کە هەڵدەستێتەوە دەبینێت هێشتا دایناسۆڕەکە لەوێیە! ئیتر بەم شێوەیە دەکرێت درێژە بەم جۆرە چیرۆکە بدرێت و خوێنەر بە خەیاڵ بە دەیان شێوە دروستی بکاتەوە.
ئەو مێشەی کە خەوی بە هەڵۆوە دەبینی:
سەردەمانێک مێشکێک هەبوو کە شەوان خەونی بەوەوە دەبینی بووەتە هەڵۆ و بەسەر بەرزاییەکانی لوتکە چیای ئاڵپ و ئاندەوە دەفڕێت. سەرەتا مێشەکە لەبەر چێژ و خۆشی فڕین، لە کەوڵی خۆیدا نەدەسەکنا، بەڵام زۆری نەبرد ئەو هەست و ئیحساسەی گۆڕا، ئاخر تێگەیشت کە باڵەکانی زیاد لە پێویست گەورە و لاشەی زۆر قورس و دەنووکی زۆر ڕەق و چڕنۆکەکانی زیاد لە پێویست بەهێزن. بە کورتی هەموو ئەمانە بوونە هۆی لەمپەر لەبەردەم مێشەکە کە بە ئارەزووی خۆی و ئازادانە لەسەر شیرینییە بەتامەکان و تفاوەی مرۆڤ بنیشێتەوە و لە لایەکی تریشەوە بە خۆکێشان بە چوارچێوەی پەنجەری ژوورەکەی، عەزاب و ئازاردانی خۆی چەندهێندە دەکرد. لە ڕاستیدا ئەو بچووکترین خواست و مەیلی بۆ ژیان لەسەر بەرزایی و لوتکەکانەوە نەبوو.
لە لایەنکی تریشەوە کاتێک مێشکەکە دووبارە گۆڕایەوە بە مێش، لە قووڵایی دەروونییەوە خەم و داخی هەڵدەکێشا بۆ هەڵۆنەبوونی خۆی. لە بێهێزی خۆی و لەباوەشگرتنی بەرزایی و لوتکەچیاکان ئازاری دەکێشا و دڵپڕ دەگریا بۆ مێشبوونی خۆی. دواجار، نیوەشەو ماندوو و بە لاجانگی گەرمداهاتوو بەر لەوەی سەر بخاتە سەر سەرین، بە دەروونێکی ئاڵۆزکاو و وزەوزەوە خڕاوخڕ بە دەوری خۆیدا دەسووڕایەوە و بازنەی بە ئاسمانەوە دەکێشا!
مەڕی ڕەش
ساڵیانێک لەمەوپێش لە سەرزەمینێکی زۆر دوور، مەڕێکی ڕەش هەبوو. مەڕەکە بە دارێکەوە هەڵواسرا.
سەد ساڵ دواتر خێڵی مەڕە پەشیمانەکان بە یادی مەڕە ڕەشەکە، پەیکەرێکیان لە سوارکارێک لە سەیرانگەکەیان دروست کرد کە جوانییەکەی بێوێنە بوو. دوای ئەوە هەر جارەی کە مەڕێکی ڕەش لەدایک دەبوو، ڕاستەوخۆ لەدار دەدرا تا بۆ مەڕە ئاساییە هاونەسلەکان، بواری کەمێک ڕاهێنان لە هونەری پەیکەرتاشی بهێنرێتە پێشەوە.