(ڕانانێکی کورت)

ئارام کۆشکی

ئەگەر سەیری لاپەڕەکانی مێژوو بکەین، هیچ شارستانییەتێک نابینین خاوەنی هونەر و ئەدەب و کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکە نەبێت. هەموو شارستانییەتێک داهێنەری جۆرێک لە هونەر و ئەدەب و فەرهەنگە، کە جیاوازە لە شارستانییەتەکانی دیکە، ئەگەرچی لە هەنێک خاڵیشدا هاوبەش بن، چونکە شارستانییەتەکان سوود لە ئەزموونی یەکتری وەردەگرن و عادات و تەقالیدی یەکتری دووبارە دەکەنەوە. بەڵام خۆشییان داهێنەر و دروستکەری کۆمەڵێک عادات و تەقالید و تایبەتمەندین کە بەتەنها خۆیان خاوەنین و مۆرکی ئەوانی پێوە دیارە.
هونەر لە هەر شارستانییەتێکدا پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر و دانەبڕاوە، چونکە هونەر گوزارشتە لە حەز و هیوا و خەم و ئازارەکانی مرۆڤ، ئیدی ئەو مرۆڤە لە چاخە سەرەتاییەکانی ژیاندا بووبێت، یان لە سەردەمی ئێستادا بێت. هونەر جۆرێکە لە ڕێگەی گوزارشتکردن لە خود و نیشاندانی بەشە ونبوو و نەبینراوەکانی ژیان. بۆیە زۆرێک لە شارستانییەتەکان لەڕێگەی هونەرەوە مانەوەی خۆیان سەلماندووە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان مێژووی خۆیان نووسیوەتەوە. کەواتە هونەر تەنها گوزارشتن نییە لە هەستێکی کاتی، بەڵکو دەشێ لەو هەستە کاتییەوە بگاتە نووسینەوەی مێژوویەک، یان تۆمارکردنی ژیانێک لە سەردەمێکی دیاریکراودا.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا کتێبی “هونەری مایا” لە نووسینی “خەلیل عەلی” لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 202 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە. کتێبەکە سەرچاوەیەکی دەگمەن و گرنگە کە بۆ یەکەمجارە بە زمانی کوردی کتێبێکی تایبەت لەسەر هونەر لە شارستانییەتی مایا دەنووسرێت. شارستانییەتێک تاڕادەیەکی زۆر بە مرۆڤی کورد ئاشنا نییە.
نووسەر وەک لە ناونیشانی کتێبەکەدا ڕوونی کردووەتەوە، توێژینەوەکەی بۆ قسەکردن لەسەر شارستانییەتی مایا تەرخان نەکردووە، بەڵکو لەو شارستانییەتەدا تەنها هونەری وەرگرتووە و لەنێو جیهانی هونەریشدا هەوڵی داوە هەموو لقەکانی هونەر بەسەر بکاتەوە، کە ئەمەش دیسان گرنگی ئەم کتێبە بچووکە زیاتر و زیاتر دەکات. کتێبەکە بە گەڕانەوە بۆ مێژووی شارستانییەتەکە و ئاشناکردنی خوێنەر بەو شارستانییەتە و پێگە و شوێنی شارستانییەتەکە دەست پێ دەکات. لەوێوە دەپەڕێتەوە بۆ باسکردن لە هونەر و پێگەی هونەر لەو شارستانییەتەدا کە دەتوانم بڵێم پێگەیەکی گرنگ و دیار و کاریگەریی هەبووە. بە وردبوونەوە لە بابەتەکانی ئەم کتێبە ئەم بۆچوونەمان زیاتر بۆ دەسەلمێت کە پێگەی هونەر چەندە گرنگ بووە و چۆن ڕەنگدانەوەی لە تەواوی ژیانی تاکەکاندا هەبووە.
شوێن و قۆناغەکانی مێژووی شارستانییەتی مایا وەکو نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەدا دەنووسێت: گەلی مایا، خاوەنی شارستانییەتی مایا لە ئەمەریکای ناوەڕاست (ئەمریکای لاتین) نیشتەجێ بوون، مێژووی شارستانییەتەکەشیان دەکرێت بە سێ قۆناغی سەرەکییەوە: قۆناغی پێش کلاسیک، قۆناغی کلاسیک، قۆناغی دوای کلاسیک.” دوای دیاریکردنی ئەم قۆناغانەی مێژووی گەشەسەندنی ئەم شارستانییەتە نووسەر دێتە سەر ڕەنگدانەوەی هونەر لەم شارستانییەتەدا و چۆن هونەر لە بیناسازی و پەیکەرسازی و کولتوور و ڕستن و چنین و پێکهاتەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. هەموو ئەم لایەنە هونەریانەی کە نووسەر باسی کردووە و لەم شارستانییەتەدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە بە وێنەی پێویستەوە خراونەتەڕوو کە ئەمەش ڕوونکردنەوە زیاتر بە خوێنەر دەدەن و دەبنە بەرچاوڕوونی بۆ باشتر ڕوونکردنەوەی ئایدیاکانی نێو کتێبەکە.
من لەم کتێبەوە بەردوو خاڵی گرنگ کەوتم: یەکەمیان گرنگی هونەر لە شارستانییەتی مایادا و پێگەی لەم شارستانییەتەدا. دووەمیش هەر لە ڕێی هونەرەوە زیاتر بەم شارستانییەتە ئاشنابووم و ڕەنگ بوو لە ڕێی خوێندنەوەی کتێبی مێژووییەوە ئەوەندە پێی ئاشنا نەبوومایە. بۆیە هونەر دەشێ ببێتە دەروازەی ئاشنابوونی هەموو شارستانییەتێک بە جیهان.
دەستخۆشی بۆ نووسەری کتێبەکە و ئەم هەوڵە گرنگ و جێ بایەخەی سەبارەت بە هونەر لە شارستانییەتی مایادا.

ھەواڵی زیاتر