“زستانی خێزانەکە”ی عەلی بەدر

لە نوێترین چاپکراوەکانیدا ناوەندی ڕەهەند چاپی دووەمی رۆمانی “زستانی خێزانەکە”ی عەلی بەدری چاپ و بڵاوکردەوە. ئەم رۆمانە لە وەرگێڕانی “شێرزاد هەینی”یە، کە وەرگێڕی زۆربەی کارەکانی ئەم نووسەرە عێراقیەیە کە ئێستا دانیشتووی بەلژیکایە.

رۆمانەکە چیرۆکی وێناکردن و ڕووخان و داڕمانی چینە ئەرستۆقراتییەکەی بەغدایە دەگێڕێتەوە لە هەردوو دەیەی شەستەکان و حەفتاکانی عێراق، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی چیرۆکی دڵداری ژنێکی تەمەن چل ساڵیی، کە پەیوەندی و دۆستایەتییان لەگەڵ خانەوادەی پاشایەتی و کۆشکدا هەبوو، بۆیە ئەو قبووڵی نابێت بێتە ناو خەڵکەکە و لەو ژیانە نوێیەدا ئاوێتە ببێت و لەناو کۆشکە گەورەکەی سەر ڕووباری دیجلە لەگەڵ پیاوە خزمەتکارەکە و کچی برا گەنجەکەی، لە پەراوێزیدا دەژیت.
لە گێڕانەوەکانی بەدردا هەموو پەیوەندییەکان بە جیهانی دەرەوە دەبڕێت و لەگەڵ بیرەوەرییەکان و لەدیار مەزاری مردووەکانی بنەماڵەکەی، ئەوانەی لە شۆڕشەکەدا کوژرابوون، دەمینێتەوە.
ئەم ژیانە زۆر بەردەوامی نابێت، بەڵکو لە ڕۆژێکی باراندا، پیاوێک دێتە ئەم کۆشکە پەراوێزییە و پێیاندەڵیت من ناسیاوی ئێوەم و بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینی لە دەرەوە هاتوومەتەوە، ئەگەرچی پیاوەکە بۆیان جێگەی گومانە، بەڵام بوار دەدەن ئەو پیاوە لەناو کۆشکەکە لەگەڵیاندا بژی، پیاوەکەش بە هەڵبەستنی چیرۆکێکی ساختەی دڵداری ژیانی پوورێ و کیژەکە وێران دەکات، چیرۆکی رۆمانەکە درێژ دەبێتەوە و خوێنەر دەتوانێت بۆ پەنهانەکانی دیکەی ئەم چیرۆکە ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە.
عەلی بەدر رۆماننووسێکی پڕ بەرهەمی عێراقییە و ئێستا لە وڵاتی بەلژیکا دەژی و نزیکەی 10 لە رۆمانەکانی کراون بە کوردی و شێرزاد هەینی لە زۆرترین رۆمانی ئەم نووسەرەی بۆ کوردی وەرگێڕاوە.

ھەواڵی زیاتر