“کۆتایی ڕووداو”
لە نامەیەکی ئەکادیمیدا

لە چەند رۆژی ڕابردوودا کتێبی «کۆتایی ڕووداو لەکورتەچیرۆکی کوردیدا ساڵانی 1990 – 2000» بڵاوکرایەوە، ئەم کتێبە لەبنەڕەتدا نامەیەکی ماستەری خوێندکار “کانیاو بەکر عەبدوڵڵا-یە و بەسەرپەرشتی د. تاهیر_عەلی ساڵی 2016 پێشکەشی کۆلێجی زمانی زانکۆی سلێمانی کراوە. لێکۆڵینەوەکە لەپێشەکیی و سێ بەش و ئەنجام و پێکهاتووە، لەبەشی یەکەمدا باس لەهونەری چیرۆک کراوە و بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە.

تەوەری یەکەم تەرخانکراوە بۆباسکردنی ڕووداو لەڕووی تیۆرییەوە، کە توێژەر هەوڵی داوە چەند پێناسەیەکی جیای ڕووداو بخاتەڕوو. لە تەوەری دووەمدا باس لەڕەگەز و توخمی ڕووداو لەناوچیرۆکدا کراوە و لەوێشدا دیسان بە وردی و بە شێوەیەکی ئەکادیمانە لێکۆڵەر کاری لەسەر توخمی ڕووداو کردووە. لە تەوەری سێهەم جۆرەکانی بونیادی ڕووداو خراوەتەڕوو، لەکۆتایی تەوەرەکەدا پەیوەندییەکانی ڕەگەزی ڕووداو بەڕەگەزەکانی وەکوا (کارەکتەر، کات، شوێن) ڕوونکراونەتەوە. بەشی دووهەم بەناونیشانی پێگەوبەهای کۆتاییە لەچیرۆکی کوردیدا کە تێیدا چەمکی کۆتایی و هەردووجۆری کۆتایی (کراوە، داخراو) بەتیۆریی و پڕاکتیکی لەناو کورتەچیرۆکدا دیاری کراوە و پەیوەندی نێوان دەستپێک و کۆتایی ڕووندەکاتەوە. هەرچی بەشی سێهەم و کۆتاییە تەرخانکراوە بۆ دیاریکردنی جۆرەکانی کۆتایی کە خۆی لە شەش جۆری کۆتاییدا دەبینێتەوە و کاری لەسەرکراوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ڕیزی ئەو لێکۆڵنەوە دەگمەنانەیە کە سەبارەت بەم ڕەگەزە لە چیرۆکی کوردیدا کراوە و دەستخۆشی بۆ لێکۆڵەر و سەرپەرشتیارەکەی.

ھەواڵی زیاتر