کتێبێک سەبارەت بە “سەرچاوەی مەعریفە” بڵاوکرایەوە

لە نوێترین توێژینەوەیدا نووسەر و وەرگێڕ “ئەنوەر نەجمەدین” کتێبێک سەبارەت بە “سەرچاوەی مەعریفە” بڵاو کردەوە. ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکە سەبارەت بە سەرچاوەکانی مەعریفە لە میتۆلۆژیا و ئایین و فەلسەفە و ماتریالیزمدا. نووسەر هەوڵیداوە لەم کتێبە قەبارە بچووکەدا بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەدوای ڕیشەکانی مەعریفەدا بگەڕێت.

لە پێشەکی کتێبەکەشدا سەبارەت بە کتێبەکە دەنووسێت: “هەموومان دەزانین مێژوو پڕە لە مەعریفەی هەمەجۆرە: میتۆلۆژی، ئاینی، فەلسەفی، زانستی. هەموویشمان دەزانین هەروەک چۆن کۆمەڵگای مۆدێرن، بووەتە بازاڕی بەرهەمهێنانی کاڵای بێکەڵک، هەر بەوجۆرە بووەتە بازاڕی ئایدیای بێکەڵکیش. هەروەک چۆن تەکنۆلۆژیای مۆدێرنی سەرمایەداری ژینگەی سروشتیی وێران کردووە، هەر بەوجۆرە پیشەسازیی مەعریفەی بێکەڵکیش، ژینگەی مرۆیی وێران کردووە، ئەو مەعریفە بێکەڵکانەی بەردەوام دەسەڵاتی دەوڵەت خۆی تێدا بەرهەمدەهێنێتەوە.”
سەبارەت بە قۆناغە مێژووییەکانی مەعریفەت ئەوە دەخاتەڕوو کە “قۆناغە مێژووییەکانی مەعریفە، خواوەندەکانی یۆنان، میتافیزیکا، پرسیارە سەرەکیەکەی فەلسەفە، شێوانشێوەکەی ناو مارکسیزم لە نێوان ماتریالیزمی ئەڵمانی و ماتریالیزمی ئینگلیزیدا، جیاوازیی لەنێوان مەعریفەی چینە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا: بۆرجوازیەت و پرۆلیتاریا، بابەتەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەن. لەناو هەمووشیاندا دەپرسین: کام سەرچاوەی مەعریفییان وەک دروستترینیان وەربگرین؟ ” نووسەر لە هەوڵدایە لەم کتێبە بچووکەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە.
“تیۆری مەعریفە” کە لە ڕابووردوودا ئەرستۆ و لە چەرخی نوێیشدا دیکارت بەشدارییەکی گەورەیان لە داڕشتنیدا کردووە، مەیدانێکی فراوانی لێکۆڵینەوە و پشکنینی داگیر کردووە. ئەم لێکۆڵینەوەیەیش پشکنینێکی ماتریالیستانەی مێژووە دەربارەی چۆنیەتی وەرگرتنی مەعریفە لە چەرخە دێرینەکان و چەرخە نوێکاندا.

ھەواڵی زیاتر