ئاساییبوون ئەرکی ئەدەب نییە، ئەوەی دەبێتە ئەدەب نائاساییبوونە

کاتێک گەیشتمە دوا لاپەڕەکانی “کتێبی ڕەش” و کتێبەکەم داخست، ئەو هەستەم هەبوو کە سەختە لەبارەی ئەم کتێبەوە بنووسم، ئەگەر تەنها ڕانانێکی کورتیش بێت، بەڵام بەدرێژایی ئەم ڕۆژانەی کە کتێبەکەم تەواو کردووە، هەر بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەوەی ئەم کتێبە پێی داوم بەشێکی کەمیشی بێت بیگوازمەوە بۆ ئەو خوێنەرانەی تا ئێستا کتیبەکەیان نەخوێندووەتەوە.

ئەم کتێبە یەکێکە لەو تێکستانەی وەک هەموو تێکستێکی شاکارئاسا، پاش خوێندنەوەی دەتەوێت بەجۆرێک لە جۆرەکان قسەت هەبێ، یان بە مانایەکی دیکە گفتوگۆی لەسەر بکەیت. ئەمەش نەیهێشت ئەم دێڕانە نەنووسم. پێموابێت نیتچەیە کە ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە دەڵێت: “کاتێک دەتەوێت لەبارەی کتێبێکی مەزنەوە قسە بکەیت، دەبێ بە مەزنی قسەبکەیت”. کاتێک بیرم لە نووسینی وتارێکی کورت کردەوە لەسەر “کتێبی ڕەش” دەترسام نەتوانم لە ئاستی کتیبەکەدا قسەی لەسەر بکەم، بەڵام ئێستاش ئەم ترسەم هەر لەگەڵمدا دەژی، چونکە هەر لەکاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەستم بە مەزنی ئەم کتێبە کرد، بۆیە ترسم لەوەیە بەشێک لە جوانییەکانی ون بکەم. بەڵام ئەگەر ئەم نووسینە دەرگا بۆ دەرخستنی چەند یاقوتێکی نێو ئەو ڕەشاییەی “کتێبی ڕەش” خۆش بکات، ئەوا دڵشاد دەبم.
بەر لە خوێندنەوەی “کتێبی ڕەش” هەستم وابوو کە جوانترین رۆمانی پاموک، ئەوەی کە لوتکەی کاری ئەوەیە ڕۆمانی “من ناوم سوورە”یە، بەڵام دوای خوێندنەوەی “کتێبی ڕەش” ئیدی ئەو بۆچوونەم گۆڕا و ئێستا پێموایە “کتێبی ڕەش” نەک جوانترین کاری ئەوە، بەڵکو وەکو هاوڕێیەکی نووسەرم گوتی: “مانیفێستی نووسینی پامۆک کتێبی ڕەشە.” بەڵام چۆن ڕۆمانێک دەبێتە مانیفێستی نووسینی ڕۆماننووسێک لە کاتێکدا یەکەم ڕۆمان و دوا ڕۆمانی نییە؟ بێگومان ئەمە پرسیارێکی ڕەوایە و من هەوڵ دەدەم بەدوای وەڵامدانەوەیدا بچم. “کتێبی ڕەش” چیرۆکی گەڕانی کەسێکە بەناوی “غالب” بە دوای هاوسەرە ونبووەکەی کە ناوی “رویا”یە، هاوکات گەڕانە بەدوای گۆشەنووسێک بەناوی “جەلال”، کە ئامۆزای غالبە ئەویش ونبووە. ڕویا زڕخوشکی جەلالە. بەڵام ئەم گەڕانە گەڕانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ونبوونێکە لەنێو دەستنووس و نووسینەکانی جەلال و یادگاریی و شوێنپێ جێماوەکانی رویادا. ونبوونێک کە وەک جۆرێک لە گیرۆدەبوونی غالبە، ونبوونێک کە مرۆڤ خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کەسێکی دیکە وەکو ئەوەی غالب خۆی لێ دەبێتە جەلال و لەبری ئەو (لەسەرەتادا) لە تەلەفوندا بەناوی جەلالەوە قسە دەکات و دواتر بەناوی ئەوەوە گۆشە دەنووسێت و پاشانیش لە کەناڵێکی تەلەفویۆنیدا لە جێی جەلال چاوپێکەوتن دەکات. ئەم دیمەنانە تاڕادەیەک کۆمیدی دێتەوە، بەڵام لەم ڕۆمانەی پاموکدا قووڵایی فیکریی و دەروونیان هەیە، پاموک دەیەوێت لەم ڕۆمانەدا مرۆڤ هەڵبکۆڵێت، وەکو چۆن لە بەشێک لە کارەکانی دیکەشیدا دەیکات، بەڵام ئەوەی لە “کتێبی ڕەش”دا دەیکات جیاوازترە.
ئەگەر بپرسین هەڵکۆڵینی مرۆڤ لەم کتێبەیدا لە چیدا جیاوازترە، دەبینین هەر لەسەرەتاوە پاموک خوێنەر دەخاتە بەردەم ونبوونێک، مرۆڤێک ون دەبێت، ئیدی لەم ونبوونەوە کەسێک کە بە حساب بۆ ئەو ونبوانە دەگەڕێت ئەویش خۆی لەدەست دەدات هەتا لە جێیەکدا خوێنەر بە ڕاشکاوانە بەر ئەو ڕستەیە دەکەوێت، کە ئەوەی بۆ ونبوویەک دەگەڕێت ئایا خۆیشی ون نەبووە؟ بێگومان ئەمەش ونبوونێکە، یان جۆرێک لە ونبوونە. بە دیوێکی دیکەدا بە کۆمەک وەرگرتن لە فەلسەفەی بوونگەرایی دەکرێت بڵێین مرۆڤ بوونەوەرێکی وێڵە لەم سەرزەمینەدا کە بەبێ پرسی خۆی فڕێدراوەتە نێو ژیانێک کە خۆی ئیختیاری نەکردووە و لەم ژیانەشدا مەرگێک بەسەریدا سەپێنراوە، کە کۆتایی پرۆژەی بوونیەتی. پاموک بە وردی ئیشی لەسەر ئەم لایەنە وجوودییەی بوونی مرۆڤ کردووە و ئەم ئیشکردنە ڕیشەیەکی ئەم ڕۆمانە دەبانە نێو فەلسەفەی بوونگەرایی.
خاڵێکی دیکە کە وەک ئەو هاوڕێ نووسەرەم باسی کرد، “کتێبی ڕەش” مانیفێستی نووسینی پاموکە، ئەم خاڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم کتێبەی جیا لە هەموو کتێبەکانی دیکەی ئەم نووسەرە ڕووبەرێکی زۆری دراوە بە باسکردن لە نووسین و پیشەی نووسەربوون. هەر لە جەلال-ی گۆشەنووسەوە کە کەناڵێک دێن بۆ ئەوەی دیدارێکی رۆژنامەوانی لەگەڵدا ساز بکەن، لەوێوە دەکەوێتە باسکردن لە نووسین و نووسەربوون و لەوێشەوە دەپەڕێتەوە بۆ دزی ئەدەبی، ئەوەی زۆرجار نووسەرانی پێ تاوانبار دەکرێت، پاموک لێرەدا وەڵامێکی (تاڕادەیەک) قەناعەتپێکەر بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو، وەڵامێک کە ڕەنگە بۆ زۆرێک لە خوێنەران تازە بێت. پاموک باس لەوە دەکات کاتێک دوو نووسەر لە دوو سەردەمی جیادا بیر لە هەمان بابەت دەکەنەوە مانای ئەوە نییە ئەوەی دووەم لەوەی یەکەمی وەرگرتووە. بەڵکو ئەوە گەیشتنی نووسەری دووەمە بە هەمان قەناعەتی نووسەری یەکەم لە زەمەن و کاتێکی جیادا. پاموک ئەمە زۆر وردتر و ڕوونتر دەکاتەوە، کاتێک نموونەی کۆمەڵێک کاتژمێر دەهێنێتەوە و کە هەموویان کات دەپێون ئەو پێی وایە کاتژمێری یەکەم کە دەگاتە کاتێکی دیاریکراو (بۆ نموونە سێ و چارەک) کاتێک کاتژمێری دووەم، یان ئەوانی دیکە دەگەنە (سێ و چارەک) نیشانەی جوینەوەی هەمان شت (کات) نییە، بەڵکو گەیشتنی ئەوانە بە هەمان ڕێڕەو و قەناعەت.
ئەوەی لە کتێبی ڕەشدا گرنگە ئەوەیە کە لەم کتێبەدا کەس تەقدیس ناکرێت. بەڵکو لە زۆر جێگەدا گومان لە توانای نووسەران و شاعیرانی گەورەش دەکرێت. بەتایبەت لەو جێگەیەی دەچێتە سەر مەسنەوییەکەی مەولانای رۆمی، پاموک بەو پەڕی جورئەتەوە ڕەخنەی دەکات و مەولانا لەو تەقدیسکردنە بێمانا و زیادەڕەوە دەریدەهێنێت کە لە ڕۆژهەڵات بە هەق و ناهەق بە بەردەوامی تەقدیسی دەکەن و تاڕادەیەک وای لێهاتووە کە بە دەگمەنیش گوێمان لە ڕەخنەیەک نابێت لەسەر ئەم شاعیرە. هەر لێرەوەیە کە ئەرکی ڕۆماننووسی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، کە ئەرکی ئەوەیە ڕووبەری دیکە بدۆزێتەوە بۆ بینین و کارکردن، نەک دوای دیدێکی عەوامپەسەند بکەوێت. نووسەران ئەرکیانە شۆکدروستکەربن، نەک ڕووداوەکان ئاسایی بێن و بڕۆن، ئاساییبوون ئەرکی ئەدەب نییە، ئەوەی دەبێتە ئەدەب نائاساییبوونە. گەورەیی کافکا ئەوکاتە سەلما کە لە مەسخدا مرۆڤی کردە قالۆنچە. ئەگەر گریگۆ لای کافکا نەبوایەتە قالۆنچە، ئەو تێکستەی کافکا ئەوە نەدەبوو کە ئێمە ئێستا دەیناسین و دەیخوێنینەوە.
پەیوەست بە ڕوانینی پاموک بۆ مەولانا لەم تێکستەدا ڕوانینێکی تەواو شۆکهینەرە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کە دەروێشی ئەم شاعیرەن، چونکە ئەوان چاوێکی پاکیزەییان هەم بۆ خۆی و هەم بۆ ئەدەبەکەی هەیە. بۆ نموونە ئەلیف شەفەق-یش هەر لەم چاوە پاکیزەییەوە (کە چاوێکی عەوامپەسەندە) ڕۆمانی “چل ڕێساکەی عەشق”ی نووسیوە، کە رۆمانێکە سەبارەت ژیانی مەولانا و شەمس و ئاشنابوونی ئەم دوانە بە یەکتریی و هاوکات ئەو چل ڕێسایەی عەشق کە مەولانا لە پەیڕەکردنی عەشقدا بڕوای پێی بووە. رۆمانەکەش شەفەق دیدێکی باو و ئاسایی سەبارەت بە پەیوەندی شەمس و مەولانا دەخاتەڕوو، بۆیە ئەو رۆمانەش دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، لەبەر ئەوەی شۆکهێنەر نییە و عامەپەسەندە. بۆ من ئەم جۆرە لە ڕۆمان زۆر بە کەمیی سەرنجم ڕادەکێشێت، بەڵام تێکستە شۆکهێنەرەکان جێگەیان لای من گەورەترە و کاریگەرییان لەسەرم زیاترە، چونکە جوانی ئەدەب ئەوەیە شۆکهێنەر بێت. پاموک لە کتێبی ڕەشدا تابۆشکێنە و دژی ئەو دیدە عامەپەسەندەیە، کە چاوێکە تەنها جوانی دەبینێت و توانای بینینی هیچ خەوشێکی نییە.
ئەگەر هەر لە ناونیشانی ڕۆمانەکە وردبینەوە، هەست بەوە دەکەین کە جۆرێک ڕووبەری نەبینراو هەیە، کە پێدەچێت ئەمە بگەڕێتەوە بۆ ڕیشەیەکی دەروونشیکاریی کە نووسەر کاری لەسەر کردووە، خوێنەر لە بەشێک لە پاژەکانی ڕۆمانەکەدا بەر ئەمە دەکەوێت، بەڵام بەتایبەت لە بەشی “ماچ”دا ئاماژەیەکی قووڵ و گرنگی بە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی داوە کە چۆن بەدەست غەریزەکانییەوە گیرۆدە دەبێت و خولیای “ماچ”ێک چۆن مرۆڤێک وێڵ و سەرگەردان دەکات کە نازانێت کێ ماچ بکات؟ جارێک بیر لەوە دەکاتەوە خۆی ماچ بکات و جارێکی دیکە هەوڵ دەدات کە (بەزۆر) ژنێک لەسەر شەقام، یان نێو باغیرە بگرێت و ماچی بکات، تا دواجار دێتەوە ماڵەوە و دەیەوێت ئەو حەزە لە دایکیدا بەتاڵ بکاتەوە. پاموک لەڕێی گەڕاندنەوەی ئەم کاراکتەرە بۆ ماڵەوە بە خولیای ماچکردنەکەوە دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە گرێی ئۆدیبی لای بەشی زۆری تاکی ڕۆژهەڵاتی گرێیەکی بەردەوامە. دەشێ نووسەر زیاتر لەمەش بڕوات و بیەوێت قەیرانی مرۆڤ و غەریزەکانی لەڕێی ماچەوە بخاتەڕوو، کە تاکی ڕۆژهەڵاتی زیاتر لە تاکی هەر جێگەیەکی دیکە گیرۆدە و کۆیلەی غەریزەکانییەتی.
کاتێک خوێنەر دەگاتە دوا لاپەڕەکانی ڕۆمانەکە زیاتر ئەو بۆچوونەی لا دەچەسپێک کە پاموک نووسەرێکە دەیەوێت لە نێو واقیعی شارێکی بەرجەستەدا، کە شاری ئیستانبوڵە دۆخی نائاساییبوونی ژیان بنووسێتەوە، کار لەو ڕووبەرانەدا دەکات کە چاوی نووسەرانی دیکە نایبینێت، کە لە ڕاستیشدا هەر ئەم نائاساییبوونە ئەرکی ئەدەبە.

ھەواڵی زیاتر