ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تی كوردا هاتووه، نه‌ك ڕۆمانێك یان فیلمێك، به‌ڵکو پێویست ده‌كات چه‌ندین شاكاری له‌سه‌ر دروست بكرێت. نووسینی ئه‌م كتێبه، له لایه‌ن نووسه‌ر “محه‌مه‌دی حاجی قادر” سێ ساڵی خایاندووه، چونكه ئه‌و كتێبه په‌یوه‌ندی به‌و ڕووداوانه هه‌یه كه له مێژوودا ڕوویانداوه، هه‌روه‌ها ئه‌و كتیبه ته‌نیا بیره‌وه‌ریی نیه به‌ڵكو به‌ڵگه‌نامه‌ییه، چونكه نووسه‌ر هه‌موو ڕووداوه‌كانی وه‌كو دیكۆمێنتاری خستۆته ڕوو، هه‌ر كه باسی ڕووداوێكی كردووه، له به‌رامبه‌ریشدا به‌دوای ئه‌وانه گه‌ڕاوه كه له ڕووداوه‌كه‌دا به‌شداربوونه و ناویانی هێناوه و دیمانه‌ی له‌گه‌ڵدا كردوون یان ده‌ستنووسیانی بڵاو كردۆته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی.
كتێبى “له‌نێو تاشه‌به‌رده‌كانی یه‌كێتی، گوڵه‌گه‌نمێك” له چوار به‌ش پێك هاتووه، كه به‌شی یه‌كه‌می باس له بیۆگرافیا ده‌كات، كه نووسه‌ر له‌و به‌شه‌دا باسی له بنه‌ماڵه‌كه‌یان و ژیان و گوزه‌رانیان له حاجی‌ئۆمه‌ران و هه‌روه‌ها باس له شه‌هیده‌كانیانی كردووه، هه‌روه‌ها به‌شێكی تری تایبه‌ته به باسكردنی شه‌هید “هه‌ڵمه‌ت” كه برای نووسه‌ره و له ساڵی 1988 له شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌عسدا شه‌هید بووه، له به‌شێكی دیكه‌یشدا، باس له بیره‌وه‌ریه‌كانی زیندانی “ئه‌بو غرێب” و ده‌رگا كڵۆمدراوه‌كانی “ئه‌بوغرێب”ـی كردووه، كه نووسه‌ر له ساڵی 1989 له‌و زیندانییه زیندانی كرابوو، هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی تری كتێبه‌كه‌شدا، نووسه‌ر تیشكی خستۆته سه‌ر ڕووداوه‌كانی ڕاپه‌ڕین، كه بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1991 ڕاپه‌ڕین كرا، كه له كوێوە ده‌ستی پێكرد و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیی ده‌ستپێكردنەکەی باس كردووه.
شه‌هید هه‌ڵمه‌تی برام، هه‌میشه ده‌فته‌رێكی بچووكی بەرباخەڵی پێ بوو، ڕۆژانه ڕووداوی گرنگ و یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی تێدا ده‌نووسیه‌وه. تا به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 11ـی 3ـی 1988 له گه‌ڵ برا پێشمه‌رگه‌كانیدا له داری زه‌كه‌ریا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژێمی به‌عس كه‌وتنه شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه، له‌و شه‌وه‌دا ڕۆحی پاكی به خاكی پیرۆز سپارد و شه‌هید كرا، برایانی پێشمه‌رگه به‌ر له سپاردنی ته‌رمی شه‌هید له گۆمه‌زدڵ، ده‌مانچه‌یه‌كیان برد، پاره و كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستی و ئه‌وراقه‌كانی ڕێكخستن و شته‌كانی دیكه‌ی گیرفانیان ده‌رهێنا، كه له ناویاندا ده‌فته‌ری بچووكی یاده‌وه‌رییه‌كانیشی تێدا بوو.
ساڵێك دوای شه‌هیدبوونی و له مانگی ده‌ی ساڵی 1989 له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس له مه‌نزوومه‌ی كه‌ركووك ده‌ستگیر كرام. زابت‌ته‌حقیقی مه‌نزوومه لێی پرسیم: كاتێ هه‌ڵمه‌تی برات مخەڕیب بوو، چه‌ندجار سه‌ردانت كرد و بینیت؟ منیش به دوودڵیه‌وه پێم گوت: “بۆ جارێکیش سه‌ردانم نه‌كرد و نەیمبینی. به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ئیستفزازیه‌وه پێی گوتم: “درۆ ده‌كه‌ی درۆ”.
ده‌فته‌رۆکەی بەرباخەڵی شه‌هید هه‌ڵمه‌تی برای پێشان دا، كه نوسیبووی: ڕۆژی 16ـی2ـی 1988 له سه‌كتان چاوم كه‌وت به محه‌مه‌دی برام. له‌و ڕۆژه‌وه من وێڵ بووم، له‌و ڕۆژه‌وه من به شوێن پرسیاری بۆچی (چۆن) ده‌فته‌ره بچووكه‌كه‌ی گیرفانی شه‌هید برا كه‌وتۆته ده‌ست زابت‌ته‌حقیقی مه‌نزوومه‌ی كه‌ركووك. وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، كتێبی ” له‌نێو تاشه‌به‌رده‌كانی یه‌كێتی، گوڵه گه‌نمێك”ـی لێ به‌رهه‌م هات.
له پێشه‌كیه‌كه‌یدا، “محه‌مه‌دی حاجی قادر”ـی نووسه‌ر، ده‌ڵێت: “له كاتی نووسینه‌وه‌ی كتێبی “له‌ناو تاشه‌به‌رده‌كانی یه‌كێتی، گوڵه‌گه‌نمێك”، بابه‌تێكی “حافزی شیرازی”ـم هاته‌وه یاد كه ده‌فه‌رمێت: “ئێمه وه‌كو داری سه‌نده‌ڵ واین، ئه‌و ته‌و‌ره‌ش بۆنخۆش ده‌كه‌ین كه ده‌مانبڕێته‌وه”. ئه‌م نووسینه‌وه بڕینه‌وه نییه، بیرهێنانه‌وه‌یه، بیره‌وه‌ریی ئه‌و ڕۆژانه‌ی شه‌هید هه‌ڵمه‌تی برا ” گوڵه‌گه‌نمێكی سه‌وز بوو، له‌نێو تاشه‌به‌رده‌كانی یه‌كێتی”ـدا، تۆ بڵێى له پشت ده‌رگا داخراوه‌كان نه‌خشه‌ی پیلانێكیان بۆ كێشابێ؟ هه‌رچه‌نده نووسه‌ر نه‌بووم و حه‌زیشم نه‌ده‌كرد خۆم له قه‌ره‌ی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه بده‌م، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی كردم نه‌متوانی له‌وه زیاتر خۆم بدزمه‌وه.
ده‌شڵێت: “به ڕاستی سه‌خت و دژواره، شاعیر و ڕۆژنامه‌نووسیك له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ڕووداوانه ژیابێت و تاڵ و سوێری ڕۆژگار نه‌مابێ نه‌یچێژێت، كه‌چی بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت و نەوێری ڕووبه‌ڕووی ببێتەوە، هه‌رچه‌نده هه‌تا توانیم ڕووداوه‌كانم شاردنه‌وه، كۆڵه‌پشتی نهێنییه‌كانم به كۆڵدا دا و گرێیه‌كانیم نه‌كرده‌وه، به‌ڵام دواجار هه‌نگاوه كه‌نه‌فته‌كانم له جووڵه كه‌وتن، بارگرانییه‌كه‌ی بڕستی لێ بڕیم، ئاخر هه‌ڵگرتن و شاردنه‌وه‌ی نهێنی، وێڕای مه‌راق و به‌رپرسیارێتییه ئه‌خلاقییه‌كه‌ی، زامێكی قووڵ و ئازارێكی به‌سۆیه و هه‌موو كه‌س ده‌روەستی نایه‌ت”.
نووسه‌ر، له به‌شی سێیه‌می كتێبه‌كدا، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه: “شه‌وێكی كڕوكپ و بێده‌نگ بوو، ده‌تگوت ئه‌و خه‌ڵكه له‌و بێده‌نگییه‌دا خنكاون، گڵۆپی ژووره‌كه‌مان كوژاندبۆوه بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌سپایی بچێته ناو كاروانی دوورودرێژی شه‌وانی پاییز، ده‌مه‌وسه‌حه‌ران دایكم بۆ ده‌ستنوێژهه‌ڵگرتن له ژێر لێفه پانوپۆڕه‌كه‌ی ده‌هاته ده‌ره‌وه، دوو ڕكات نوێژی به‌یانی و چه‌ند ڕكاتیكی دیكه‌شی به‌سه‌ره‌وه ده‌كرد، پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌وه ناو جێگاكه‌ی به ده‌نكه شقارته‌یه‌ك پڵیته‌ی سه‌ماوه‌ره نه‌وتییه‌كه‌ی داده‌گیرساند، هێشتا كاتی دۆعا و پاڕانه‌وه و نوێژكردن و داگیرساندنی سه‌ماوه‌ر نه‌هاتبوو، ته‌په‌ته‌پی سه‌ربان و ته‌قه‌ته‌قی له ده‌رگادان و ده‌نگی پۆستاڵی ئه‌و مغاویرانه‌ی له‌سه‌ر دیواری ماڵه‌كه‌مانه‌وه خۆیان فڕێ ده‌دایه حه‌وشه له لوورەلووری ڕه‌شه‌بای ئه‌و پاییزه ناوه‌خته ترسناكه ده‌چوو كه له كاتی تووڕه‌یی و هه‌ڵچووندا گه‌ڵای دار و ده‌وه‌ن و په‌ڕه‌ی گوڵه هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی به‌ره‌و شوێنێكی نادیار ڕاپیچ ده‌كردن.
هه‌ر له به‌شی سێیه‌مدا، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه: “دوای ئه‌و گه‌واهیدانه سه‌رپێیه، منیان فڕێدایه پشتی پیكابێكه‌وه و خۆشیان كه‌وتنه گه‌ڕان و پشكنینی ماڵه‌كه‌مان، ئه‌وانه‌ی له ماڵۆچكه‌یه له‌گه‌ڵ مندا ده‌ژیان، دایكم و جگه‌رگۆشه‌كانم و هاوسه‌رەکەم بوون، سه‌باره‌ت به ژیانی هاوسه‌ردار، له ساڵی 1985 له‌گه‌ڵ كه‌لسوم ژیانی هاوسه‌ریم پێك هێنابوو.
ساڵی 1986 خودای گه‌وره هیوا و له ساڵی 1987 هێمای پێ به‌خشیبووین، دواجار ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌ركی پشكنینی پێ سپێردرابوو، به ده‌نگێكی به‌رز گوتی: ” گه‌وره‌م هیچمان نه‌دۆزییه‌وه، دواتر فه‌رمانی ڕۆیشتن درا و، كاروانی ئۆتۆمبێله‌كان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌دێیه‌كه جووڵه‌یان كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا، باس له په‌نجه‌مۆری به‌رده‌م دادوه‌ری دادگای كه‌ركووك، ئه‌وه‌ی خستۆته ڕوو: “به‌ر له‌وه‌ی پاسه‌كه‌مان بكه‌وێته ڕێ، ئه‌فسه‌ری لێكۆڵه‌ره‌وه پێی گوتین: “هه‌ر جووڵه‌یه‌كی نامۆ، هه‌ر هه‌وڵدانیك بۆ ده‌ربازبوون و ڕاكردن له ده‌ستی پاسه‌وانه‌كان، ئه‌نجامه‌كه‌ی كوشتن ده‌بێت، هه‌ركه‌سێك له‌ناو هۆڵی دادگا پرسیار لێ‌كردن به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامی ناده‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ناسیاوێك له ڕاڕه‌وه‌كه به‌رانبه‌رتان هات، ڕووتان وه‌رده‌گێڕن و سه‌یری ناكه‌ن، له‌به‌رده‌می دادوه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێن كه لای ئێمه واژووتان له‌سه‌ری كردووه.
له به‌شێكی تری كتێبه‌كه‌دا، باس له ئیبراهیم حه‌مه‌ده‌مین شێخه ده‌كات، كه له ڕێگه‌ی نامه‌یه‌كدا بۆی نووسیوه و ده‌ڵێت: “له ساڵی 1979 له ڕێگای شه‌هید هه‌ڵمه‌ته‌وه چوومه ڕیزی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستانەوە، پۆله‌كه‌مان له بێتواته‌وه هه‌تا سه‌روچاوه و حاجیاوا و چوارقوڕنه و ڕانیه، خه‌ڵكانیكی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ری له خۆی كۆ كردبۆوه، به‌هۆی خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌شكه‌نجه و ئازار نه‌ما نه‌یبینین… هتد.