کۆمەڵناسی؛ دەروازەیەکی نوێ بەڕووی کۆمەڵناسیدا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەمیشە ئەوەی کۆمەڵگەیەک بەرەو وەستاندن و چەقبەستن دەبات، بێدەنگی نوخبە و وەستاندنی چالاکی کولتووری و مەعریفییە. ئەوەی ئێمەی کوردی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا زیندوو هێشتووەتەوە بەهێزیمان نەبووە، لە ڕووی سیاسی ئابورییەوە، بەڵکو بەهێزیمان بووە لە ڕووی زمان و بەردەوامیمان بووە لە چالاکی کولتووری و خەمی مەعریفی. ئەوەی لە حوکمداری شێخ مەحموددا بۆ من جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە، کە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە خەمی بڵاوکردنەوەی رۆژنامەدا بووە، ئەگەر لە ڕووبەرێکی کەمیشدا بێت هەر ئەم هەوڵە جێگەی دەستخۆشییە. بۆیە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە زیندوومانەوەمان بدەین دەبێت لە چالاکی مەعریفی و پاراستنی زمانەکەمان بەردەوام بین.

لە دە پازدە ساڵی ڕابردوودا چەند هەوڵێک هەبوون بۆ خزمەتکردن بە زانستی کۆمەڵناسی و چ لە شێوەی گۆڤاردا، یان لە شێوەی بڵاوکراوەدا، بەڵام بەداخەوە هیچیان بەردەوامیان نەبوو، بەڵام دەتوانم بڵێم کە هەر یەکەیان بەپێی قەبارەی خۆی توانی خزمەت بەم زانستە بکات و جێگە بگرێت. من خوێنەری بەشێکی زۆر لەو بڵاوکراوانە بووم، بەڵام هەمیشە هەستم بە هەژاری زمانی کوردی دەکرد لە ئاستی زاراوە کۆمەڵناسییەکان و زۆرجاریش هەستم بە خراپ وەرگێڕان و خراپ بەکارهێنانی چەمکەکان کردووە، کە ئەمە دەشێ لە ئێستادا و دوای ئەوەی کتێبخانەی کوردی خاوەنی چەندین ناونیشانی نوێی کۆمەڵناسییە و هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە دەرچوانی بواری کۆمەڵناسی ئێستا دەتوانن خزمەت بە زانستەکەی خۆیان بکەن. بۆیە هەر هەوڵێکی نوێ لە ئێستادا، کە دوای ئەو هەوڵانەی پێشوو دێت بەرپرسیارێتی زیاتری لەسەر شانە و پێویستە لانی ئەم لەو لە ئاستی ئەو هەوڵانەی پێشووتردا بێت، ئەگەر لەوان باشتر نەبێت.
لە پەیوەندی بە چالاکی مەعریفییەوە و بەتایبەتیش لە بواری کۆمەڵناسیدا لەم هەفتەیەدا ژمارەی یەکەمی بڵاوکراوەی کۆمەڵناسی لە دوتوێی 120 لاپەڕەدا و بە سەرپەشتی “مورشید ئەحمەد” و لە چاپکراوەکانی کتێبخانەی ڕۆمان و ناوەندی ڕەهەند بڵاوکرایەوە. بوونی ئەم بڵاوکراوەیە وزەیەکی نوێیە بە ڕووی زانستی کۆمەڵناسیدا و بەتایبەتیش کە سەرپەرشتیاری بڵاوکراوەکە دەیەوێت هەر ژمارەیەی بڵاوکراوەکە تایبەت بێت بە پرسێکی کۆمەڵناسی. وەک لەسەر بەرگی ژمارەی یەکەم ئاماژەی پێ دراوە ژمارەی یەکەم تەرخان کراوە بۆ “سەرەتاکانی دروستبوونی کۆمەڵناسی” و وەکو تەوەرەیەک هەموو بابەتەکانی ئەم ژمارەیە بەدەوری ئەم تەوەرەیەدا دەخولێنەوە.
لە کتێبی یەکەمدا خوێنەر حەوت بابەت دەبینێت، کە سەرجەمیان ئامادەکردن و نووسینن، ئەمە بێجگە لەوەی لەم ژمارەیەدا و لە کۆتاییدا چەند لاپەڕەیەک تەرخان کراوە بۆ شیکردنەوەی چەند چەمکێکی کۆمەڵناسی و بڕیارە لە هەموو ژمارەکانی دیکەی بڵاوەکراوەکەدا بەردەوامی هەبێت، بێگومان ئەم گۆشەیە یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی ئەم بڵاوکراوەیە، چونکە دەکرێت لێرەوە بناغەیەک بۆ چەمکسازی لە بواری کۆمەڵناسیدا دابمەزرێنرێن، بەڵام بێگومان ئەم بابەتە پێویستی بە وردبینی و ڕاوێژی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەیە، بەتایبەت ئەو کەسانەی سەروکاریی زۆریان لەگەڵ بەکارهێنانی ئەم زانستەدا هەیە.
ئێستا کە ژمارەی یەکەمی کۆمەڵناسی بڵاوکراوەتەوە دەکرێت بڵێین دەروازەیەکی نوێ بەڕووی ئەم زانستەدا کراوەتەوە و لەسەر هەموان پێویستە هاوکاری بن لەپێناو سەرخستن و بەردەوامبوونی ئەم هەوڵەدا تا بە دەردی هەوڵەکانی دیکە نەچێت و بەردەوامی بە خزمەتە مەعریفییەکانی بدات. دەستخۆشی بۆ ستافی ئەم بڵاوکراوەیە و هەموو ئەو کەسانەی هاوکاریی دەکەن.

ھەواڵی زیاتر