لافاو، رۆمانێک سەبارەت بە توڕەیی سروشت

نزیکەی مانگێکە رۆمانی “لافاو”ی ئەمیل زۆلا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دەرفەتی خوێندنەوەییم نەبووە، تا لەم شەوانەدا و لەگەڵ کارەستاتی لافاوەکەی هەولێردا لەنێو کتێبخانەکەم چاوم چووە سەری و دەست بەجێ دەستم بە خوێندنەوە کرد. زۆلا لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە کە بە سروشتگەرا ناسراوە و ئەو بەشی هەرە زۆری کارەکانی سەر بەو قوتابخانەیەن و ئەمەش چ وەکو تایبەتمەندی و چ وەکو حەزێکی خۆم بۆ خوێندنەوەی ئەو جۆرەی ڕۆمان، کە ڕووداوەکانی لەنێو سروشتدایە چێژێکی تایبەتی هەیە. بێگومان ئەمە بۆ فیلمیش لای من هەر بەو شێوەیەیە کە چێژێکی زۆر لە لۆکەیشتنی ئەو فیلمانە دەبینم کە لەنێو سروشتدا و دوور لە جەنجاڵی شارەکان وێنە گراون.

لافاو کورتە ڕۆمان، یان نۆڤلێتێکە تەنها 70 لاپەڕەیە و لە نووسینی نووسەری فەرەنسی ئێمیل زۆلایە، کە ئەردەڵان عەبدوڵڵا کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. هەمان وەرگێڕ پێشتر “جەژنەکەی کۆکۆڤێل”ی ئەم نووسەرەی کردووە بە کوردی چاپ و بڵاوی کردووەتەوە و بەدەر لەم دوو کتێبە پێشتریش “جەبار سابیر” کورتە رۆمانی “هێرش بۆ ئاشەکە”ی هەمان نووسەری کردووە بە کوردی و چەند ساڵێک لەمەبەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئێمیل زۆلا ئەم نۆڤلێتەی لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگرتووە، کە لە حوزەیرانی ساڵی 1875 دا، لەپاش باران بارینێکی زۆر، ڕووباری گارون لە باشووری فەرەنسا، لە ئاستی ئاسایی خۆی بەرزبۆوە و کۆمەڵێک گوندی ناوچەکانی دەوروبەری وێران کرد. وەکو زۆلا خۆشی دەڵێت: لەم کارەمدا نەمویستووە تەنها رووداوەکان بگێڕمەوە، بەڵکو زیاتر دەمویست ئازار و مەینەتییەکانی ئەو خەڵکانە باس بکەم، کە تووشی ئەم کارەساتە بوون.
زۆلا وەکو کامێرامانێکی وریا، رووداوەکانی تۆمارکردووە، ئەو هەستە ئینسانیانەی دەرخستووە، کە قوربانیانی لافاو رووبەروی دەبنەوە. ئازار و مەینەتییەکانیش گەرچی لەرووی شوێن و زەمەنەوە جیاوازن، بەڵام هەرهەمووشیان یەکن.
ئەگەرچی لە تەواوی ئەم کارەدا هەست بە ئازار و سەرگەردانییەکانی مرۆڤ دەکەین، بەڵام وەکو نووسەر بەدەر لەوەش هەست بەوە دەکرێت کە ئامانجە سەرەکییەکەی شتێکی دیکەش بووە، ئەویش پیشاندانی تووڕەیی سروشت بووە. سروشت لەم کارەی گەلێک تووڕەیە تا ئەو ئەندازەیەی هەر مرۆڤێک بێتە سەر ڕێگەی ڕای دەماڵێت و هیچ سەروەت و سامانێک ناتوانێت ببێتە ڕزگارکەری. ئەم رۆمانە ئەگەرچی لە ڕووی ژمارەی لاپەڕەوە گەلێک کەمە و تەنها 70 لاپەڕەیە، بەڵام یەکێکە لەو شاکارانەی کە ئەم نووسەرە چەندین چەمکی گەورەی لێوە تاوتوێ کردووە، واتە تێمەکان تەنها یەک دوو تێمە نین، وەکو لە ناونیشانەکەشدا دەردەکەوێت بابەتی “لافاو”ێک هەڵبژێردراوە، بەڵام خودی کتێبەکە و ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن ئەگەرچی گرێدراوی “لافاوەکەن” بەڵام چەندین تێمەی دیکەی خستوتە ڕوو، واتە لافاوەکە تەنها بەهانەیەکە بۆ گوتن و دەرخستنی زۆر لایەنی دەروونی و کولتووریی ژیانی مرۆڤ و بیرکردنەوە نەرێنییەکانی.
رۆمانەکە گەلێک کورتە و من نامەوێت لێرەدا وردەکارییەکانی بۆ خوێنەر ئاشکرا بکەم، ئەم نووسینەش وەکو نووسینەکانی دیکەم ئامانجی هاندانی شەیدایانی رۆمانە کە ئەم کارە جوانەی زۆلا بخوێننەوە و دەخوازم دەروازەیەکم بۆ کردبێتنەوە تا دەست بە خوێندنەوەی بکەن.

ھەواڵی زیاتر