هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئیساگۆگی؛ بنەمایەک بۆ لۆژیك (ڕانانێکی کورت)

زانستی لۆژیک؛ یەکێکە لە زانستە کۆنەکان، بەو پێیەی هەر لە یۆنانی کۆنەوە و بەتایبەت لەسەردەمی ئەریستۆوە هەوڵ دراوە کە لەم زانستە بکۆڵرێتەوە و لە چەندین دیدی جیاوازەوە لێی بکۆڵرێتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی لقی جۆراوجۆریشی لێ بۆتەوە و تا وای لێهاتووە کە لەنێو فەزای گشتیشدا گوێمان لەو قسەیە دەبێت کە (ئەم بابەتە لۆژیکی نییە)، یان (لۆژیک ئەمە قەبوڵ ناکات) و چەندین گوزارەی دیکە کە وشەی “لۆژیک”ـی تێدا بەکار دەهێنرێت.
لەم سەرەتایەوە دەکرێت بپرسین لۆژیک چییە؟ ئایا ئەو شتەیە کە لە سنووری عەقڵدایە؟ یان ئەو شتەیە کە زۆرجار سنووری عەقڵیش دەبڕێت و دەبێتە ڕاستییەکی پەتی، ئایا ڕاستی پەتی لۆژیکە؟ یان لۆژیک ڕاستی پەتییە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاسان نییە، بەڵام فەلسەفە هەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدات و هەر بیریارە و بەشێوەیەک هەوڵی وەڵامدانەوە و گەشتنی بە وەڵام دەدات. لەم نێوانەدا کتێبی “ئیساگۆکی؛ بنەمایەک بۆ لۆژیک” کە لە وەرگێڕان و ئامادەکردنی شاهۆ عوسمانە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە لۆژیک و نزیکبوونەوە لە دیدگاکانی یەکێک لە هزرمەندانی ئەم بوارە کە فۆرفریۆسە. ئەم کتێبە لە دووتوێی (158) لاپەڕەدا و لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندە.
به‌شێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ناوی كاتیگۆرییه‌كانه‌وه‌ به‌جیا باسده‌كرێت،ئه‌م به‌شه‌ ده‌بێته‌ یاسایه‌ك بۆ ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ و له‌ڕێگه‌ی ئه‌م كاتیگۆرییانه‌ی ئه‌ریستۆوه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ پێشتر چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك عه‌قڵ به‌كارهاتووه‌. كه‌واته‌ ده‌بێت كاتیگۆرییه‌كانی ئه‌ریستۆ چی بن؟ ئه‌وه‌ش بیركردنه‌وه‌یه‌،‌ واته‌ به‌كارهێنانی عه‌قڵ. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ عه‌قڵ به‌كاربهێنێت ده‌بێت ڕێسا و یاسایه‌ك هه‌بێت بۆ به‌كارهێنانی عه‌قڵی. ئه‌ی ده‌بێت ئه‌و ڕێسا و یاسایانه‌ كامانه‌بن كه‌ له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه‌ عه‌قڵ به‌شێوه‌یه‌كی دروست به‌كاردێت و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شته‌كانی ده‌وروبه‌ریدا ده‌كات. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانییه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌ریستۆوه‌ ئه‌م ڕیسایانه‌ دانراوه‌، لێره‌شدا به‌ پوختی ئه‌و یاسایانه‌ دانراون. ئەم کتێبە گەشتێکی فیکرییە بەنێو ئەو بنەمایانەدا کە ئەریستۆ بۆ لۆژیکی داناوە و چەندین ڕێگە و بنەمای دیکە.
سەبارەت بە ژیانی فۆرفریۆس وەرگێڕ لە پێشەکی کتیبەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە “ژیانی فۆرفریۆس ناڕوونییه‌كی زۆری پێوه ‌دیاره‌، به‌ شێوه‌یه‌ك هیچ ئاسان نابێت به‌ ناوی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌ په‌ی به‌ زۆر ڕوداوی ژیانی ئه‌و ببه‌ین. هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ كام له‌ خوێندكاره‌كانی یان هاوڕێكانی یان هاوسه‌رده‌مه‌كانی له‌باره‌ی فۆرفریۆسه‌وه‌ نه‌یاننووسیوه‌. له‌ كاتێكدا ئه‌و ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی ژیانی مامۆستاكه‌ی كه‌ ئه‌فلۆتین بووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م نووسینه‌ی فۆرفریۆس نه‌بووایه‌ له‌باره‌ی ئه‌فلۆتینه‌وه‌، ئه‌وا ناسینی ئه‌فلۆتین بۆ ئێمه‌ ناڕوون ده‌بوو.” هاوکات ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئه‌و نووسینه‌ی فۆرفریۆس له‌باره‌ی ئه‌فلۆتینه‌وه‌ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ژیانی فۆرفریۆس خۆیشی داده‌نرێت كه‌ ده‌توانین له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م نووسینه‌وه‌ زۆر شتمان له‌باره‌ی فۆرفریۆسه‌وه‌ چنگ بكه‌وێت.
یه‌كه‌م كه‌سیش كه‌ ژیانی فۆرفریۆسی نووسیبێته‌وه‌ ئۆیناپیۆس(Eunapius)ه‌. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ مێژووی سه‌د ساڵی فه‌یله‌سوفانی دوای فۆرفریۆسی نووسیوه‌ته‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ته‌نها په‌نای بۆ (ژیاننامه‌ی ئه‌فلۆتین) نه‌بردووه‌ ته‌نها، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌و نووسراوانه‌ی فۆرفریۆس كه‌ له‌و كاته‌دا له‌به‌رده‌ستی بوون، به‌تایبه‌ت نامه‌كه‌ی فۆرفریۆس بۆ (مارسێلا)ی هاوسه‌ری. ئه‌م ژیاننامه‌یه‌ی كه‌ ئۆیناپیۆس نووسیویه‌تییه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای كورتییه‌كه‌ی، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ورد و دروسته‌. بۆ ئه‌مه‌ش تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی ئۆیناپیۆس ئه‌و نووسراوه‌ی فۆرفریۆس نه‌بووه‌ له‌باره‌ی ئه‌فلۆتینه‌وه‌، چونكه‌ لێره‌دا ئۆیناپیۆس چه‌ندین ڕاستی له‌باره‌ی ژیانی فۆرفریۆسه‌وه‌ باس ده‌كات كه‌ له‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌دا نابینرێن.
ئەم هزرمەندە گەورەیە چه‌ند كتێبێكی هه‌بووه‌ له‌وانه‌، كتێبی ئیساگۆگی وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ كتێبی لۆژیكی ئه‌ریستۆ، كتێبی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ پێوانه‌كارییه‌كان، واته‌ فۆفریۆس وه‌ك فریادڕه‌س هاته‌ پێشه‌وه‌ وئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ی ئاشكرا كرد. له‌باره‌ی فۆرفریۆسه‌وه‌ وا وتراوه‌، ڕاڤه‌ی بۆ كتێبه‌كانی ئه‌ریستۆ كردووه‌، له‌و شوێنه‌ی باسی ئه‌ریستۆ كرابێت هه‌ر له‌و شوێنه‌شدا باسی فۆرفریۆس كراوه‌. هه‌ربۆیه‌ فۆرفریۆس بۆ ڕاڤه‌كاران و لێكۆڵه‌رانی فه‌لسه‌فه‌ ناوێكی ئاشناو و به‌په‌راوێزه‌. قوتابی ئه‌فلۆتین و شاره‌زاو لێزانێكی قووڵی ئه‌ریستۆ بووه‌.
ئەوەی گرنگە لە کۆتاییدا بیخەینەڕوو ئەوەیە کە لەم کتێبەدا جگە لە ناساندنێکی چڕی ئەم هزرمەندە گەورەیە، هاوکات بەشێکی زۆر لە دیدگاکانی بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی خراونەتەڕوو کە جێگەی تێڕامان و وردبوونەوە و دیدی ئەم هزرمەندە بۆ لۆژیک و شیکردنەوەی لۆژیکی ئەریستۆ گەلێک بایەخدارە.