وێنە

بەهزاد حەوێزی

هەرگیز. هەرگیز
لە تافی لاوێتیدا نەمبینیبووی
پاش لاوێتیش
هەروەکو خۆت
لەو وێنەیە نەمبینیبووی
ئاخر ئەوسا من مناڵ بووم…
تۆ گەورە و گەورەتر دەبووی
منیش هەر مناڵ…
ساڵ تێپەڕی
ساڵ بەسەر ساڵ کەڵەکەبوو
سەنگی ساڵەهاش چەشنی
شەستە بارانی ناسۆری تەمەن
سارای جەستەی شەڵاڵی خەم دەکرد..
دوو دەستی بێهوودەیی
توند توند
سەری جەنجاڵی دەگوشی.
منیش نیگای منداڵیم هەر لە کۆلارەی خۆزگەکان بوو!
تا هیلاک بووم
ئینجا خەوێکی قووڵ و ترسناک دایگرتم.
دواجار زۆر بە هێمنی
سەرم خستە سەر پەراسووەکانت
ئیتر لەوساوە
نە من بێدار
نە تۆش دەنگی ترپەی دڵت دێتە بەر گوێ..

ھەواڵی زیاتر