پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کوردستان و قەڵەمی گیرفانی مێژوو

حەمە ئەحمەد جاف

خوێنی خاک و…
زەبروزەنگ و
زڕەی زنجیری زیندان و
قەڵەمی گیرفانی مێژووی،
ئەشکی نیشتیمان …پێی گوتم:

:- فارس دەڵێ‌
من بووم لە بەر ( چوار چرا) دا
مارشی مەرگی ناوەختی كۆمارتم لێداو.
(قازی )م كرد بە سێدارەوه‌!

:- عەرەب دەڵێ‌
من بووم نەخشەی كوردستان و
ئاڵای خاک و نیشتمانتم،
سەرتاپا خوارێ‌.. دادڕی و..
هەڵمواسین بە ملی چوار بزمارەوە!
من بووم شیعری مەریوانیی و ..
جگەرخوێنتم
لەخوێنی خۆیانداخنکاند
هەرمنیش تابلۆی ئازادی و..
پەیکەری سپی پێشمەرگەم
لە کەرکوکی گڕدا سووتاند

:- توركیش گوتی
من شێخ سەعیدی پیرانم
کرد بەدارا
من بووم…
( سەید ره‌زای دەرسیم)ی،
باپیرە گەورەی مێژووتم
بە شمشێری رق و توڕەی،
(ئەتاتورك)
لە پشت ملیەوە سەربڕی و…
جاڕی مەرگیم دا بەشارا!

…- (لۆزان) یش
چپاندیە گوێم و…
وتی منیش:
بۆ (سوپـــــاسێك)
مەشخەڵی ئازادی کوردو
چلچرای چاوی (سیڤەر )م
کوژاندەوەو..
نیشتیمانتم لە خەریتەدا سڕیەوەو
سەرم بڕی و
داكرۆشت،!..ئێسقانه‌نیم
بە نەشتەری پەنجەی ئیمزام
كـــــــوردستانتم…
كردە چوار پارچەی بچووك و
هەر پارچێكم..
بەدەرو جیرانێك …..فرۆشت!