هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

خانمە یاد

خالید كۆچەر

ئەگەر ئەمجارەیان من و تۆ
چاومان بە چاوی یەكتر كەوتەوە
تەماشای ڕەنگ و باڵای خەماوییم مەكە
لێم مەپرسە:
بۆچی ئەوەندە زوو پیر بوویت
پاییزە تەمەن قژو ڕدێنتیی بۆ سپی كرد
لە من مەپرسە. لە خۆت بپرسە
بۆ ئەوەندە عەبداڵی كووشتنم بوویت
لەنێوان عەزابی عەشق و..
بێدەنگی و دووریی و..
یادەوەری تۆ و…
گریانی شەوانی پڕ لە حەسرەتم
خۆشم نازانم،..
بەدەستی كامیان پیر بووم
٭٭٭
20/9/2021
هەولێر