وەرگێڕان و شرۆڤەکردن

(چەند سەرنجێک سەبارەت بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی فرۆید)

ڕۆشنبیر و نووسەری ئێرانی موراد فەرهادپوور قسەیەکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە وەرگێڕان هەیە ئەو دەنووسێت: “لەمڕۆدا تا ڕێگە بۆ بیرکردنەوە و نووسین، وەرگێڕانە.” لە جێگەیەکی دیکەدا دەنووسێت: “وەرگێڕان بۆ ئێمە گۆڕەپانی خەباتە بۆ دەستەبەرکردنی خۆسەری، خۆوشیاریی و پێگەیشتنی کولتووریی.” ئەم ڕستانەی مورادپوور سەبارەت بە وەرگێڕان بۆ ئێمەیەکی ڕۆژهەڵاتی تەواو دەقیق و لە جێی خۆیدان، چونکە لە زۆربەی زانستە مرۆییەکان و فەلسەفەدا خاوەنی بەرهەمگەلێکی ئەوتۆنین، کە تینوێتی ئارەزوومەندانی مەعریفە بشکێنێت. ئەوەی هەیە و نییە چەندین دیوانە شیعرە، کە هەرچەندە سەرمایەیەکی کەم نییە، بەڵام ئەمە بەتەنها نیشانەی زیندوێتیی و ئامادەیی کولتووری گەل و نەتەوەیەک دەرناخات لەنێو گەل و نەتەوەکانی دیکەدا.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا نووسەر و وەرگێڕ “وەلید عومەر” دەستی بە پرۆژەیەک کرد، کە خۆی ناوی ناوە “نزیکبوونەوە لە فرۆید”، منیش زۆرجار دوای خوێندنەوەی کتێبێک لەم زنجیرەیە (کە تا ئیستا پازدە کتێب و نامیلکەی بڵاوکراوەتەوە) ناوم ناوە “پرۆژەی تێگەیشتن لە فرۆید”، چونکە بەڕاستی ئەگەرچی من بەر لەم زنجیرەیە چەند کتێبێکی ئەم زانا دەروونشیکارەم خوێندبوویەوە، بەڵام هیچ تێگەیشتێکی ئەوتۆم لە دونیابینی و کارکردن و دونیاکەی بۆ دروست نەبوو بوو، ڕەنگە هۆی ئەمە ئەوە بێت، کە هەر کارێکی ئەم زانایە پێشتر وەرگێڕدراوە بەبێ بەرنامە و تاڕادەیەک کارێکی هەڕەمەکی بووە و بەبێ شیکردنەوە و نووسینی پیشەکی پێویست و هەتا وردبوونەوە لە دانانی چەمک و گەڕانی ورد بۆ دۆزینەوەی هاومانای گونجاو لە سیاقی زمانی کوردیدا، کە لە وەرگێڕانی کارەکانی فرۆیدا هەموو ئەمانە پێکەوە دەتوانن کرۆکی دەقەکان بگەیەننە خوێنەر، نەک تەنها گرتنی یەکێک لەم لایەنانە. کاتێک چەند دەیەیەک لەمەوبەر “جۆرج تەرابیشی” کارەکانی ئەم دەروونشیکارە وەردەگێڕێت، ئەو بەپێی بەرنامەی خۆی کار لەسەر هەموو بەرهەمەکانی دەکات و هەمووی بە زمانی عەرەبی چاپ و بڵاو دەکاتەوە، ئەگەرچی کارەکانی تەرابیشیش جێی مشتومڕ و سەرنج بوون، بەڵام خودی خۆتەرخانکردنی و دەرگیربوونی لەگەڵ دونیاکەی فرۆیددا بە ئیستاشەوە جێگەی دەستخۆشی و تێڕامانە.
ئەوەندەی من ئاگادارم و لەم چەند ساڵەدا لەم هاوڕێیە نزیک بووم. نزیکبوونەوەی “وەلید عومەر” لە وەرگێڕان و تێگەیشتن لە فرۆید کارێکی هەڕەمەکی و لە خۆوە نییە، بەڵکو ئەم وەرگێڕە چەندە کاتی لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەم دەروونشیکارەدا سەرف کردووە و هێندە و زیاتریش کاتی لەگەڵ شرۆڤەکاران و فرۆیدناسە نوێکاندا سەرف کردووە و کاتی بە کتێب و وتار و دیبەیتەکانیانداوە تا زیاتر لە فرۆید نزیکبێتەوە و لەوێوە تێگەیشتنێک دروست بکات کە ئەوە دواجار بگوازێتەوە بۆ خوێنەر و ئەمەش لە پیشەکی کتێبەکان و نامیلکەکاندا هەستی پێ دەکرێت. خودی ئەم زنجیرەیە گەواهی ئەوە دەدەن، کە نزیکبوونەوە لە فرۆید نزیکبوونەوەیەکی خۆویستانە و بە بەرنامەیە. نەک بەسەرداکەوتن و جێبەجێکردنی داخوازی کەسانی دیکە. وەرگێڕ ئەگەر دەرگیریی فیکرێک، یان کارەکانی نووسەرێک/رۆمانووسێک نەبێن ناتوانێت دونیای ئەو نووسەر/ڕۆمانووسە بە تەواوی بگەیەنێت، هەڵبەت ڕەنگە بۆ ڕۆمان کەمێک ئاسمانتر بێت، بەڵام هێشتا ئەو ئاسانە نییە کە زۆرجار لە دونیای کوردیدا لێی دەڕوانرێت، چونکە هەموو ڕۆمانووسێک دونیایەکی تایبەتی هەیە کە (وەرگێڕ) دەبێت کەشفی بکات و بەبێ دۆزینەوەی کۆدی ئەو دونیایە ڕەنگە نەتوانێتدەسەڵاتی بەسەر تەواوی دەقەکەدا هەبێت. ئەم حاڵەتە لەگەڵ دەرگیربوونی فیکریی و دەروونی و فەلسەفیدا هەڵبەت زۆر سەختترە، بەو پێیەی کە هەر بیرمەند و دەروونشیکارێک سیستمێکی چەمکسازی هەیە و لەوێوە ڕیشەی ئەم چەمکانە ڕەنگە لە جێگەی دیکە و لای بیرمەندی دیکە، یان لەنێو میتۆلۆژیادا بن (وەک لای فرۆید دەیبینین)، بۆیە بەبێ دەرگیربوون و خۆیەکلاییکردنەوەی تەواوەتی بۆ وەرگێڕانی بەرهەمێک ڕەنگە وەرگێڕ بکەوێتە هەڵەی کوشندە و بەلاڕێدابردنی مەترسیداری هەم خۆی و هەم خوێنەرەوە.
وەرگێڕان بەر لەوەی حەز بێت، پێویستە ویست بێت بۆ فێربوون و ئاشنابوون، لەوێوە خەمی وەرگێڕان بڕسکێ. وەرگێڕان بەر لە هەر شتێک پێویستییەکی مەعریفییە بەر لەوەی بۆ (گشت) بێت بۆ خودی وەرگێڕە. ئارەزووە مەعریفی و ڕۆحییەکانی وەرگێڕ تێردەکات، یان موراد گوتی پێویستی بیرکردنەوەیە بۆ وەرگێڕ، کردنەوەی دەروازەیە بۆ نووسین و تێگەشتن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی یەکەمی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی فرۆید، ئەوکات بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانی لە عەرەبییەوە کراون بە کوردی و تەنها یەک بەرهەم نەبێت لە فارسییەوە وەرگێڕدراوە. ئیتر بەراورد نەکراونەتەوە بە زمانانی دیکە. ئێستا لەم زنجیرەیەدا (کە وەلید عومەر وەریگێڕاون) لە هەر زمانێکەوە کرابێتن بە کوردی بەراوردکراونەتەوە بە زمانی ئینگلیزیی و وەرگێڕە بەناوبانگەکەی بەرهەمەکانی فرۆید کە “جەیمس سترەیجی”یە. بۆیە لەم وەرگێڕانە نوێیانەدا خوێنەر بەر فرۆیدێک دەکەوێت کە ئەمینتر و نزیکترە لە دونیای فرۆیدەوە و ماناکان لە دوو زمانەوە گواستراونەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی وەرگێڕی ئەم بەرهەمانە بە تێگەیشتنەوە کاری وەرگێڕانی بۆ کردوون، نەک بەسەر وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەدا کەوتبێت، چونکە دونیای وەرگێڕانی کوردی بەشی هەرە زۆری کەوتنە بەسەر دەقدا، نەک وەرگێڕانی دەق کەڵکەڵەیەکی فیکریی و مەعریفی بووبێت.
خاڵێکی گرنگی دیکەی وەرگێڕانەکانی وەلید بۆ فرۆید ئەوەیە، کە لە پێشەکی هەر بەرهەمێکدا شرۆڤەی بۆ نووسیوە، بە جۆرێک شرۆڤەکان یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە فرۆید و ئەو ئایدیا و چەمکانەی کاری لەسەر کردووە. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت کە بڵێم ئەوەی گرنگی زیاتری بە وەرگێڕانەکانی ئەم بەرهەمانەی ئەم وەرگێڕە بەخشیوە، نووسینی ئەو شرۆڤانەیە، کە یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن و گەیاندنی ئەو پەیامانە بە خوێنەر، ئەمە بێجگە لەوەی لە ڕووی چەمکسازییەوە هەوڵی ئەوە دراوە کە بە شێوەیەکی ورد کار لەسەر گەیاندنی چەمکەکان بکرێت بۆ نێو دونیای کوردی و لێرەوە هەوڵێک بدرێت بۆ چەسپاندنی سیستمێکی چەمکسازی و چەمکناسی بۆ زانستی دەروونشیکاریی.
ئەوەی لەم زنجیرەیەدا دەبینرێت پەڕینەوەیە لە بەسەرداکەوتنی وەرگێڕەوە بۆ دەقەکانی فرۆید بۆ دەرگیربوون و شرۆڤەکردنی دەقەکانی فرۆید و وەرگێڕانی دەقەکانی ئەم دەروونشیکارە بەپێی بەرنامە و سیستمێکی چەمکسازی نوێ و هاوکات بە تێگەیشتن و شرۆڤەیەکی نوێوە لێی کە جیاوازە لە تێگەیشتنە کلاسیکییەکەی پێشوو، بەڵکو لە ژێر ڕۆشنایی تێگەیشتنەکانی لاکان و ژیژەک و زۆرپانچیش و میلان دۆلاردا فرۆید دەناسرێنرێتەوە بە خوێنەر، فرۆیدێکە هەڵگری تەفسیریی نوێ و دونیایەکی جیاوازە لەو دونیایەی کە فرۆیدییە کلاسیکییەکان دەیناسن. بۆیە وەرگێرانەکانی وەلید عومەر زیاترت لە وەرگێڕان، بەڵکو شرۆڤە و لێکدانەوە و ساغکردنەوەی دەقەکانن لەنێو سیستمی زمانی کوردیدا.

ھەواڵی زیاتر