کورتەخوێندنەوەیەكی ڕۆمانی منداڵ و پێڵاوەكان

كۆمەڵناس و زانای ناوداری عێراقی (عەلی وەردی) لە كتێبی وانەكانی ژیانمدا، كە بیرەوەرییەكانی خۆیەتی و تیایدا باسی كۆمەلگەی عێراقی لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا دەكات، هەروەها لە گەلێك لە كتێبەكانی دیكەشی، باسی كەسییەتی تاكی عێراقی دەكات و ڕەهەندە كۆمەڵایەتییەكانی دەردەخات. بە بڕوای ئەو كۆمەڵناسە، تاكی عێراقی تاكێكی دووفاقییە و لە زۆربەی كاتدا، پرەنسیپێكی كۆمەڵایەتی و مۆراڵی جێگیری نییە و هەوڵ‌دەدات لەگەڵ هەموو بارودۆخێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی، هەموو دەسەڵاتێك خۆی بگونجێنێت.

لەم ڕووەوەش لە كتێبی وانەكانی ژیانمدا، نموونەی سەرۆكی شارەوانی بەغدا دەهێنێتەوە كە لە سەردەمی عوسمانییەكاندا چۆن ژیاوە و چەند خزمەتی ئەوانی كردووە، كەچی كاتێ ئینگلیزەكان عێراق داگیر دەكەن و عوسمانییەكان لە بەغدا وەدەر دەنێن، هەمان ئەو سەرۆكشارەوانییە چی بۆ ئەوان كردبوو، بۆ ئینگلیزەكانیش دەیكات. لە كاتێكدا خەلافەتی عوسمانی دەسەڵاتێكی بە ناو ئیسلامی هەبوو. ئەو دووفاقییە، بۆتە بەشێك لە خەسڵەتی كۆمەڵایەتیانەی تاكی عێراقی و وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و دەروونی لێهاتووە. ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە ئەوەیە، كە چۆن پارێزگاری لە بوون و بەرژەوەندی خۆی بكات، هەربۆیەشە چۆنی مەبەست بێت بەو شێوەیە دەژیت، یان لەگەڵ هەموو بارودۆخێك خۆی دەگونجێنێت.
كاتێ سەرنج لە كارەكتەری (ئەمیر)ی پاڵەوانی ڕۆمانی (منداڵ و پێڵاوەكان) یش دەدەین، دەبینین هەمان ئەو جۆرە كەسیەتییە دووفاقیەی هەیە. كە لە عێراق دەژیت، مرۆڤێكە و كە ئاوارەی ئیسپانیاش دەبێت، كەسێكی دیكەی سەدوهەشتا پلە جیاوازە لەوەی لە گوندەكەی خۆی، لە نێو عەرەبەكان بووە. كارەكتەری ئەو ڕۆمانە، ناوی ئەمیرە. ئەمیر لە بنەماڵەیەكی خێڵەكی، كە باوكی پۆلیس و دانیشتووی گوندن لە دایك دەبێت، لە نێو كەش و هەوایەكی خێڵەكی و میللی گەورە دەبێت و باوكی دەیەوێت لە سەر ڕیتمی ژیانی خۆی لە داهاتوودا بیكاتە پۆلیس . بەڵام ئەمیر، لە باوكی یاخی دەبێت و بە نهێنی لە بەغدا، كۆلیژەكەی دەگۆڕێت. لەوێ زارا كە ئەویش لە كۆلیژێكی دیكەیە دەناسێت، بەڵام هەردووكیان بەهۆی خولیایان بۆ شانۆ دەچنە كۆلیژی هونەر. دوای تەواوكردنی خوێندن، بەبێ ڕەزامەندی خێزانی هەردوولا، هاوسەرگیری دەكەن و منداڵێكی ناكامیان دەبێت. ئەو منداڵە دوای لە دایكبوونی بە چەند ڕۆژێكی كەم، كە هێشتا زارای دایكی بە هۆش خۆی نەهاتۆتەوە دەمرێت. ئەمیریش ئەو منداڵە لە ئامێز دەگرێت و بە درێژایی شەو و ڕۆژێك دەیلاوێنێتەوە و سۆزی باوكایەتی خۆی بۆ دەردەبڕێت، تاكو لە گۆڕستاندا دەینێژێت. بێگومان ئەمەش بە نهێنی و بەبێ ئەوەی هاوسەرەكەی لەو ڕووداوە ئاگادار بكاتەوە.
ئەم بەشە، جوانترین و هاوكات بە ئازارترین بەشی ڕۆمانەكەیە، كە ڕووداو و بەسەرهاتەكانی هێندە تراژیدی و غەمگینن، كە دیوێكی ئازاراوییان بە ڕۆمانەكە داوە. زارای دایكی منداڵەكە، دوای ئەوەی دەزانێت ئەمیری هاوسەری منداڵە ناكامەكەی بە خاك سپاردووە بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەو بكاتەوە، ئیدی لە كاردانەوەی ئەو ڕووداوە، داوای جیابوونەوە دەكات و بەو هۆیەشەوە كۆشكی ئەو خۆشەویستی و عەشقە دادەڕمێت كە چوار ساڵی زانكۆ و چەند ساڵێكیش دوای هاوسەرگیری نێوانییان، بونیادیان نابوو.
ئەمیر بەهۆی جیابوونەوە لە زارا، دەكەوێتە دۆخێكی دەروونی دژوارەوە و دەگەڕێتەوە گوندەكەی و كاتەكانی بە خەوتن و مەی خواردنەوە بەسەر دەبات. دەكرێ بڵێین تا ئێرە، بەشێكە لە ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە كە لە عێراقدا ڕوودەدەن، دواتر ئەمیری پاڵەوانی ڕۆمانەكە لە ڕێگەی مەنهەڵی كوڕە خاڵییەوە، كاروباری سەفەری بۆ ڕێك دەخرێت و كۆچ دەكات بۆ ئیسپانیا و دواتریش كۆڵۆمبیا و ئەمەش بەشی دووەمی ڕووداوەكانی ڕۆمانەكەیە. لە ئیسپانیا لە ڕێستورانتی كوڕە خاڵەكەی كاردەكات و بەو هۆیەوەش دەیان كچی عەرەبی و ئەفریقی و بیانی دەناسێت و ژیانی دەبێتە سێكس و خواردنەوە، تا ڕادی گرێیەكی گەورەی دەروونی. بەو هۆیەوە چەندین منداڵ لەو ژنانە دەخاتەوە و دواتریش دەچێتە كۆلۆمبیا. بێگومان لێرەدا، كەسیەتی ئەمیر لە كەسیەتییەكی شەرمن، خێڵەكی و كۆمەڵایەتی و كۆنسەرڤاتیڤ، كە بەرهەمی خێزانێكی گوندی و میللییە، دەگۆڕێت بۆ كەسیەتییەكی سۆپەر سێكسی، مەیخۆر، ڕابواردنخواز و گەمەباز و دەستباز و داوێنپیس. بە بڕوای من، ئەمە ئەو هێڵە كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژیەیە كە لە ڕۆمانەكانی موحسن ڕەمڵی و بە تایبەتیش خورمای پەنجەكان، كاری لە سەر كردووە. كاركردنێك كە لە دووتوێیدا، دەگەڕێتەوە سەر هەمان ئەو تیۆرە كۆمەڵناسیەی كە وەردی باسی لێوە دەكات، كە ئەویش دووفاقی كارەكتەری عێراقییە. لێرەوەش ئەو بۆچوونەی عەلی وەردی لە بارەی كەسیەتی تاكی عێراقی جوانتر بەرجەستە دەبێت. چونكە ئەمیر لە كەسێكی داخراوی كۆمەڵایەتی و وابەستە بە نۆرمە كۆمەڵایەتییەكانی خێزان و گوندییەكانی عێراق، هاوكات سەربازێكی دۆڕاوی نێو جەنگ و ڕەشبینییەكانی ژیان، دەگۆڕێت بۆ كەسیەتییەكی سۆپەر سێكسی و هەموو ژیانی لەوەدا كورت دەكاتەوە كە چۆن لەگەڵ ژنان ڕابوێرێت و وەچە بخاتەوە، وەك ئەوەی هەمیشە منداڵ و خێزانی گەورە، گوزارشت لە گەورەیی و بەهێزی و شكۆی بنەماڵە، بە تایبەتیش لە کولتوور ی كۆمەڵایەتییانەی عەرەبەكاندا دەكات. دوای ئەو ژیانە بێ مانایە كە لە هەندەران تێی دەكەوێت، ئەمیر نائومێد دەبێت و خەمۆكییەكی كوشندە دەیگرێت و سەرەنجام بڕیار دەدات بگەڕێتەوە عێراق.
ڕۆماننووس هونەرییانە ڕووداوەكانی لە نێوان عێراق و ئیسپانیا، مۆنتاژ كردوونە و بە یەكەوەی گرێ داون. بە ڕادەیەك خوێنەر كە ڕۆمانەكە دەخوێنێتەوە، چێژی لێ وەردەگرێت. ئەو ڕۆمانە پڕە لە وێنە و دەستەواژەی جوان و پڕ مانا، كە سەرنجی خوێنەر ڕادەكێشن و ڕایدەگرن. بە تایبەتیش كە بە زمانێكی یەكجار كوردییانەی هونەری و جوان وەرگێڕدراوە و و وەرگێڕەكەی شایەنی دەستخۆشیلێكردنە. بە داخەوە خوێنەری جددی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە هۆی فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لە پاشەكشەدایە و كەس كتێب ناخوێنێتەوە. بۆیە ئەم ڕۆمانە و دەیان دەقی جوانی دیكەی ئەدەبی بڵاو دەبنەوە و تێدەپەڕن بەبێ ئەوەی كەس شتێكییان لە بارەوە بنووسێت مەگەر كەسانێك كە كارەكتەری ڕاستەقینە و پەرۆشی ئەدەبی كوردین. دەستخۆشانە لە نێوەندی ڕەهەند و وەرگێڕی ڕۆمانەكەش دەكەم، كە ڕۆمانێكی جوانی لەو شێوەیان چاپ كردووە و وەرگێڕاوە.

  • پەراوێز: منداڵ و پێڵاوەكان، نووسینی: محسن رملی، وەرگێڕانی: رەنجدەر جەبار، بڵاوكراوەی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند ـ سلێمانی 2020.
ھەواڵی زیاتر