کتێبی بیستانەی گەورە بڵاو کرایەوە

کتێبی بیستانەی گەورە، زێدی رەسەنی کوردەواری لە دەشتی هەولێر، نووسینی (هۆشمه‌ند ر‌ه‌فیق) لە دووتوێی ٥١٢ لاپەڕەدا، بە تیراژی هەزار دانە لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ و بڵاو کرایەوە.

شیاوی باسە ئەو کتێبە نه‌خشه‌سازیی به‌رگەکەی، کاوە رەفیق نەخشەسازی رۆژنامەی خەبات کردوویەتی و وێنەی بەرگی بە پەنجە رەنگینەکانی شێوەکار (زریان قادر) و نه‌خشه‌سازی ناوه‌وه‌ی کتێبەکە لەلایەن (کۆسرەت جەمیل) کراوە، لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی كتێبخانه‌ گشتییەکان، ژمارەی سپاردنی (٧٣٩)ی ساڵی ٢٠٢١ی پێ دراوە.
نووسەر، کتێبەکەی کردووەتە ٧ بەشەوە، کە هەر بەشێکی لە چەند تەوەرەیەک پێک هاتووە. ناوەرۆکی کتێبەکە ئەنترۆپۆلۆجی و مێژوویی و جوگرافییە. بەشی یەکەمی تەرخان کردووە بۆ هۆزەکان و مێژووی گوندەکانی دەشتی هەولێر، شێوەزاری قسەکردنی ئەو ناوچەیە و ناوی باڵندە و ئاژەڵ و مێش و مەگەز و یاری و پیشە کوردەوارییەکان و کەرەستە و کەلوپەلی کوردەواری و لایەنی کۆمەڵایەتیی دەشتی هەولێر، لە هەمانکاتدا بەراوردی ئاماری دانیشتوانی ساڵانی (١٩٥٧-١٩٧٠-٢٠٢١)ی کردووە بە تایبەت سنووری جوگرافیای ئێستای کارگێڕیی قەزای دەشتی هەولێر، لە بەشەکانی دیکەدا ئاماژەی بە جوگرافیا و مێژووی گوندەکە لە رووی بنەماڵە و هۆزەکان، هەروەها تیشکی خستووەتە سەر لایەنی مێژوویی مزگەوت و قوتابخانە و تەندروستی و کانی و بەست و گۆم و گرد و چەم و دۆڵ و سەیرانگە و ئەشکەوت و شوێنەواری مێژوویی، ناساندنی نووسەران و شاعیران و شەهیدان و بەشداری سیاسی گوندی بیستانەی گەورە لە دەشتی هەولێر بە درێژای قۆناغە مێژووییەکان، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ژیاننامەی شەهیدانی ئەو گوندە.