سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

هاوسەرگیریی و خێزانی سەردەم

(ڕانانێکی کورت)

لەم سەردەمەدا کە هەندێک جار باس لە کۆتایی خێزان دەکرێت، ئایا پرۆسەی هاوسەرگیریی بەرەو کوێ دەچێت؟ ئایا کۆتایی خێزان بە مانای کۆتایی هاوسەرگیریی دێت؟ ئەگەر لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا خێزان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرەو هەڵوەشانەوە و کاڵبوونەوە چووبێت، ئەوا دۆخەکە بۆ کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان هاوکێشەکە جۆرێک دیکەیە، تا ئێستا باڵادەستی ئایین و کولتوور جۆرێک لە سەنگینی و قودسییەتیان داوەتە دامەزراوەی خێزان و مرۆڤ لە دەرەوەی خێزان وەکو جۆرێک لە نەفرەتلێکراو سەیر دەکرێت، یان بە چاوێکی (جیاواز) لێی دەڕوانرێت، کە وەک دەزانین ڕوانینێکی نەرێنییە.

ئەوەی پەوەندی بە دۆخی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەبێت ئەوەیە کە تا هەنووکە تێنەگەیشتن لە وەزیفەی خێزان و هاوکات رۆڵی تاک لەم دامەزراوەیەدا هەیە. دروستکردنی خێزان تا هەنووکەش لە کۆمەڵگەی کوردیدا کردەیەکی زۆرەملێیە، نەک کردەیەکی تاکویستانە، کە تاک خۆی بڕیاردەر بێت لەسەر دروستکردنی خێزان. بێگومان ئێمە باس لە دۆخە گشتییەکە دەکەین دەنا لە حاڵەتی ئاوارتەدا بەر ئەوە دەکەوین کە تاکەکان پێکەوە بڕیار لەسەر دروستکردنی خێزان و پێکەوەژیان دەدەن. بەڵام بە گشتی دروستکردنی خێزان لای ئێمە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زۆرەملێیە. هەر بۆیە زۆرجار هەر زوو لەبەریەک هەڵوەشێتەوە، یان زۆرجار خێزانەکە هەڵوەشاوەتەوە بەڵام لەبەر زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی ڕانەگەینراوە و تاکەکانی نێو ناچارانە درێژە بە پێکەوە ژیان دەدەن.
لە هەوڵێکی سەنگیندا ئاسۆ بیارەیی کتێبی “هاوسەرگیریی و خێزانی سەردەم”ی چاپ و بڵاوکردەوە، کە کتێبێکە تاڕادەیەک دەیەوێت باس لە دۆخی خێزان و پرۆسەی هاوسەرگیریی بکات، کتێبەکە بە شێوەی زانستی و لە چەند توێژینەوەیەکدا کۆمەڵێک سەرەداو بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو کە پێویستن بۆ تێگەشتن لە پرۆسەی هاوسەرگیریی و دامەزراوەی خێزان، کە توێژەر بەپێی سەردەمە کۆن و نوێکان باسی پرۆسەکەی کردووە و هەوڵیداوە لە هەرچوار توێژینەوەکەدا بە دیدگایەکی نوێ و ڕوانینێکی سەردەمیانە بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریی بڕوانێت و ئەمەش بایەخی ئەم کتێبە و توێژینەوەکانی زیاتر کردووە.
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ئەم کتێبە گرێدانی هاوسەرگیرییە بە قەیرانەوە کە نووسەر تیشکێکی وردی خستووتە سەر ئەوەی کە قەیران چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیریی دەبێت و چۆن دەتوانرێت ڕووبەڕووی قەیران بینەوە. بێگومان لە وڵاتێکدا کە هەمیشە قەیرانەکاندا سەرهەڵدەدەن و قەیران لە دوای قەیران ڕووبەڕووی تاکەکان و خێزانەکان دەبێتەوە، گرنگە زانیاریی لەو بارەیەوە بخرێتەڕوو و لە ڕێی پێدانی ڕێنماییەوە بەرچاوڕوونی بە هاوسەران بدرێت بۆ ئەوەی قەیرانەکان بە کەمترین زیان تێپەڕێنن. بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێیە بەڕووی پرۆسەی هاوسەرگیرییدا..
ئەم کتێبە باس لە زۆر لایەنی دیکەی ژیانی پێکەوەیی و هاوسەریی دەکات کە من دەمەوێت هانی خوێنەر بدەم خۆی بیخوێنێتەوە، چونکە ناکرێت لە کورتە وتارێکی لەم چەشنەدا باس لە وردەکاری تەواوی بەشەکانی کتێبەکە بکرێت. دەستخۆشی بۆ ئاسۆ بیارەیی و ناوەندی ڕەهەند بۆ چاپکردنی کتێبەکە.