تارا ئیبۆ
گەڵاكان لەپاییز دا
بەخەمەوە هەڵوەرین و
كەوتنە گریان
درەختەكان ڕووت بوونەوە
هەموو شتێك زەرد چوویەوە
دیوارەكان ڕەش هەڵگەڕان
رۆح خەوت
لە هەموو جێگایەك
بەدواتدا دەگەڕێم
ناوتم لە تۆماری
سەردانیكاران، ون كردووە
چیرۆكی خۆشەویستی،زیندوو دەمێنێتەوە
ئەگەرچی پاڵەوانەكانی ڕۆیشتن
ئێسقانەكانیان لەژێر خۆڵدا جێما
لەیادەوەری نەوەی ئێستادا
ترس
پەیكەرێك لەجەستەمان دادەتاشێ
لەجێژوانی ماڵئاوایی یەكجاریدا
دڵمان گوڵێكی لەبیركراوی پەژموردەیە
تاڵێك لە قژی كوژراو
بەدەسترۆكەكەمەوە
بۆنی گریانی گرتووە
ئەو تاڵە كوژراوەم
لە گیرفانێكی كراسەكەت شاردەوە
بەموستیلەی خۆشەویستی
قژی كوژراوی خۆمم جوان كرد
بەیەك ئاماژەی دەست
دەسرۆكەم كەوت
لەناو گەورەترین بۆشاییدا گیرسایەوە
هێشتا من لە پەنای ئەو غوربەتە دەژیم
كە لێوانلێوە لە ماڵئاوایی
لەناو هەموو روخسارێكی
تازە هاتوو
بەشوێنتدا دەگەڕێم
كاتێك بەجانتاوە
لێرەوە تێدەپەڕن.