لە ماوەى خوێندنى هەردوو کۆرسى خوێندنى ماستەرمدا خولیاى نووسینى بابەتى نامەکەم (حەسیب قەرەداغى) بوو. بەڵام لە چ ڕوویەکەوە هێشتا بڕیارم نەدابوو. دواى تەواوبوونى کۆرسەکان کاتم زیاتر بوو بۆ خوێندنەوەى وردى شیعرەکانى، ئەوەى سەرنجى ڕاکێشام دیاردەى خەم بوو لە شیعرەکانیدا، ئەم دیاردەیە بە جۆرێک باڵى کێشاوە بەسەر شیعرەکانیدا و پانتاییەکى گەورەیان لە دیوانى شاعیر داگیر کرددووە، وەک هەورى ڕەش ئاسمانى هەرچوار بەرگى (فەرهەنگى خەم)یان تەنیبوو.
هەر بۆیە بڕیارم دا ناونیشانى نامەکەم بکەمە (دیاردەى خەم لە شیعرى حەسیب قەرەداغیدا). ماوەى پتر لە ساڵێک لەگەڵ خەمەکانى شاعیردا ژیام، هەستم بە ژان و ئازارەکانى کرد لەگەڵیدا فرمێسکم ڕشت. زیاتر ناسییم و زیاتر سەرسام بووم پێی. تا ئەو ئاستەى بڕوام نەدەکرد مرۆڤ بتوانێت شان باتە بەر ئەو هەموو خەم و کۆستە گەورەیە. نەک هەر بەرگەیان بگرێت بەڵکو ناسۆرەکانى بکاتە هەوێن و ئیلهامى بەخشى شیعری.
حەسیب قەرەداغى ئەو قەناعەتەى لا دروست کردم و باوەڕم هێنا بەوەى کە دەگوترێت: خەمە گەورەکان هەندێک مرۆڤ بە چۆکدا دێنێت و دەیڕوخێنێت و لاى هەندێکیش خەم دەبێتە هەوێنى داهێنان و سەرکەوتنى. سەرچاوەى داهێنانى زۆربەى زۆرى ئەدیبان و هونەرمەندان خەمە تایبەتییە بە ئازارەکانیانە. زۆر بە دڵنیاییشەوە دەڵێم: سەرچاوەى داهێنانەکانى حەسیب قەرەداغیش خەمەکانى بوون. خەم هاوڕێ و هاودەمى هەمیشەیى بوو:
دەسا ئەى خەم، دەسا هاوڕێى شەو و ڕۆژ و هەموو ساتم
دەست ڕابگرە بۆ دەستم، زەبوونم ڕووبەڕووت هاتم
شاعیر لە تافى لاوێتیدا خەم و پەژارەى نیشتمان و نەتەوەى لەکۆڵ گرتووە. خەمى بەئاواتنەگەیشتن و لەبارچوونى خۆزیاکانى تەمەنى لاوێتى خۆشى تێکەڵ بە خەمى نیشتمانەکەى کردووە.
بەهارى عومرم بێبارانى بوو
وەرزى دڵداریم هەر گرانى بوو
ئەو پێکەى ویستم بیبەم بۆ لێوم
لێیان شکاندم.. بۆ قوڕ نەپێوم؟
ئەمە خەمى هەرەسهێنانى خەون و خۆزگەى مرۆڤێکى خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەرە، هاوکات ئاوێتەکردنى خەمە تایبەتییەکانى قۆناغى لاوێتییەتى. خەمى تەسەلنەبوونى ناخ و گیانى شاعیرە .
منم لەسەر خەرمانى خوێ شەن ئەکەم
هەموو ڕۆژێ دوێنێ و سبەینێ بەپەن ئەکەم
یەکێک لە خەسڵەتەکانى شێوازى شاعیر ئاوێتەکردنى خەمى تایبەتى ژیانى خۆیەتى بە خەمى نیشتمان و لە لایەکى تریشەوە دەربڕینى خەمەکانیەتى لە چوارچێوەى شیعرى ئەویندارىدا:
من مەلێکى لانەوازم، وێڵى دواى هێلانەمم
من نمەى بارانى ئەودیو شووشەکەى وێرانەمم
شیعرەکانى شاعیر دەرگایەکى تەواویان بەڕوومدا نەکردەوە تا بە تەواوى لە خەمەکانى و هۆکارى هەندێک لەو خەمانە تێبگەم، هەر بۆیە پێویست بوو لە دەرەوەى شیعرەکان شەن و کەوى بابەتەکە بکەم لە دواى سەرە داوێک بگەڕێم، خۆشبەختانە و بە سوپاسەوە، مامۆستا و هاوڕێى خۆشەویستم (پ.د. شوکریە ڕەسووڵ دەستنووسێکى شاعیرى لا بوو خستیە بەردەستم، لەو دەستنووسەدا کلیلى دەرگاى خەمێکى گەورەى شاعیرم دەست کەوت. کە ئەویش فەرامۆش کردن و پشتگوێ خستنی بوو لە لایەن ڕەخنەگرانەوە. دواى دەستنووسەکەش چاوپێکەوتنم لەگەڵ هەندى لە شاعیران و ئەدیبان و هاوڕێیان و کەسوکارى شاعیردا کرد، هەندێکیان دانیان بەوەدا نا کە ناهەقییەکى گەورە بەرامبەرى کراوە. هەرچەندە شاعیر ناوى کەسى نەبردووە، بەڵام هاوڕێ و دۆستى شاعیر (کەمال غەمبار) ئەو نهێنییەى بۆ ئاشکرا کردم کە (کاکەى فەلاح) کە کتێبى (کاروانى شیعرى نوێی کوردى)ی چاپ کرد، حەسیب قەرەداغیی نەخستە ڕیزبەندى ئەو شاعیرانەى کە لە کتێبەکەیدا بەسەرى کردبوونەوە، هەتا وتى: ((ئەوە غەدرێکى گەورە بوو چونکە حەسیب قەرەداغى لە زۆربەى ئەو شاعیرانە لەپێشتر بوو کە ئەو باسى کردوون)). ئەم خەمە کارى لە بارى دەروونى شاعیر کردووە، بەڵام پێى شەرم بووە ڕاستەوخۆ بیدرکێنی و لە قاڵبى شیعرى ئەویندارىدا دەریبڕیوە.
لە شیعرى (جێم مەهێڵە) تەقینەوەى ژان و خەمى فەرامۆش کردن و بایەخنەدان پێى و دیارىنەکردنى شوێنى شیاوى لە نێو کاروانى ئەدەبى نەتەوەکەیدا بەدی دەکرێت:
ئەوەى کە من پشتگوێ بخا بێگومانە شەیدا نییە
فێڵبازێکى مفتەخۆرە بێ سروود و بێ دڵدارە
خەسڵەتى دەربڕینى خەمى فەرامۆشکردن ناپاکىکردن بەرامبەرى لە بەرگى شیعرى ئەویندارى لە شیعرى (بۆ بێمەوە) دەبینرێت، چەند جارێک دووبارە کردنەوە (نایەمەوە بۆ بێمەوە) دەلالەتێکى تەواوى حاڵەتى سایکۆلۆجى ماندوو و خەمبار و توڕەی شاعیرە:
نایێمەوە… بۆ بێمەوە
تۆ ئەو چامەیت چەندین خامەم بۆت خستە دەنگ
کەچى میحرابى چاوى تۆ بۆ نوێژێکم نەیدا لە زەنگ
نایێمەوە… بۆ بێمەوە
لە کام تینا بتوئێمەوە؟
بۆ کامە شەم بخولێمەوە؟
منى باخى شیعر و بەستە بۆ کام وەرزت بشنێمەوە؟
ئەم خەمى فەرامۆش کردنە تا دوا ساڵانى تەمەنى لە شیعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە، لە چامەى (کەرنەڤاڵى تاوان ١٥/٥/١٩٩٣)دا کە کۆگاى بەشێکى زۆرى خەمەکانییەتى بە تەحەداوە دەڵێت:
کێ دەمکێڵێ.. بێ بمکێڵێ
تەنها مەرجم هەر ئەوەیە جێم نەهێڵێ
بێ، بمکێڵە.. هەر زەوىیەک بەبێ کێڵان هیچ ناهێنێ
درەختێکى فرمێسکم ڕواندوە.. بیهێنەبەر،
سوورە گوڵێک کە دەیگرێ بیکەرەوە بیدە لەسەر
سەرەڕاى بوونى بەهرە و لیاقەى ئەدەبى پێشترى، کانیاوى شیعرى لەدواى دوو ناسۆرى جەرگ سووتانییەوە تەقییەوە. سەربارى خەمەکانى ترى خەمى جەرگ سووتان شاعیریان زیاتر بەرەو لوتکە برد. شێوازى ئەدەبى تایبەتى شاعیر لە دواى دوو کۆستە گەورەکەى ژیانى زیاتر دەرکەوت و گەشەى کرد، جیهانبینى و بڕواى شاراوەى ناخى بەدەرکەوت، هەڵبژاردن و لادانە زمانى و واتاییەکانى تەقینەوە. تواناى زمانى و ئاسۆى خەیاڵى فراوانى و وێنە شیعرییە دەگمەنەکانى گەواهى ئەم ڕاستییە دەدەن کە دواى ماوەیەکى کەم لە مەرگى (کەژاڵ)ى جوانەمەرگى کچى لە یەکەم چامەدا کە دواى (٣١) ڕۆژ لە مەرگى ناوبراو بە ناوى (کەژاڵى جوان) دەبینرێت. گەر بە زیادەڕەوى لەسەرم هەژمار نەکرێت ئەم چامەیەى شاعیر کە دەچێتە خانەى شیعرى لاواندنەوەى تایبەتییەوە، گەر لە لاواندنەوەکانى: (لەسەرە مەرگى هیوا و شیوەنێک بۆ گوڵاڵەى گۆران و لاواندنەوەکەى مەولەوى بۆ عەنبەرخاتوون… هتد کە بە نموونەى بەرزى لاواندنەوە هەژماردەکرێن بەرزتر و لەپێشتر نەبێت، لەوان کەمتر نییە و دەتوانرێت بە جوانترین و بەهێزترین شیعرى لاواندنەوە هەژمار بکرێت؛ ئەمەش بڕواى تایبەتى منە. لە گەرمەى ئەو کارەساتەدا ئەم چامەیەى داڕشتووە، بەهێزى شێوازى چامەکە لەوەدا دەبینرێت کە شاعیر توانیویەتى ئەو ئەزموونە هەستییەى کە خۆی پێیدا تێپەڕیوە وەک خۆى و بە هەمان قەبارە و چۆنێتى بیگەیەنێتە خوێنەر. دیارە ئەمەش دەسەڵات و تواناى زۆرى شاعیر دەردەخەن کە توانیویەتى هەماهەنگییەک بکات لە نێوان ڕوخسار و ناوەرۆک وز شێوازدا. لەمەش گرنگتر ئەوەیە کارەکەى بە شێوەیەک چنیوە و ڕایەڵەکانى تانوپۆى بە جۆریک هەڵچنیوە کە جێى سەرسامییە. تەکنیکى گێڕانەوە و وەسف و وێنە هونەرییەکانى سنوورى داهێنانیان بەزاندووە.
ئەو ئاگرەى تێم بەربووە
شاڵاوێکى بێ ئەمانە
هەموو ڕێیەک لەبەر دەمما پێ چاڵێکە و ئاگردانە
ئەى ڕۆڵە گیان خەم بڕیمى و پەنا ئەبەم بۆ دەفتەرم
بۆ دیوانم، بۆ سەفەرم
دەستم چزا بە داماوى دەربڕینا
دوام لە تەک هەزار چامەى ماتەمینا
من دەروێشى مەولەویم و
شەیداى شیوەنى گۆرانم
کەچى ڕۆڵەم – کەژاڵى جوان – وا کۆلیلى گەرمە شینت
مەرگى ((گوڵاڵە)) و ((عەنبەر خان)) دێنێتەوە بەرچاوم
هەموو ئەبن بە ئێشێک و ئەڕۆن هەتا سەر ئێسقانم
شاعیر بۆ بنیادى کارەکە سوودى لە هونەرەکانى دراما بینیوە. لە چەند تابلۆیەکدا وێنەیەکى تەواوى کارەساتى مەرگى کچەکەى نیشان داوە، ئەوەى سەرنج ڕادەکێشێ لەم چامەیەدا دیارى کردنى کات و شوێن و تەکنیکى گێڕانەوەکەیە، لە تابلۆکانى سەرەتادا گێڕاوە بە پێى کاتى فیزیکى دەڕوات، پاشان گەمە کردن بە زەمەن و تێکشکاندنێى، مۆنتاجى کات و شوێن و مەنەلۆگ… هتد دەبینرێت.
لاى ئێوارە ١٥ی حوزەیران
کات ئەمێستە خۆراوایە
لەبەر دەرگا ڕاوەستاوم
کەچى دەنگى کەژاڵ نایە!
چى قەوماوە؟!…
کارەساتێکى خوێناوى
لە ڕێى کەژاڵدا ڕووى داوە –
یەکێک لە مۆنتاجە کاتییەکەى دەقەکە، گەڕانەوەیە بۆ ژیانى منداڵى بۆ ئەو کەشەى تیایدا چاوى کردۆتەوە، جیهانى سۆفى و دەروێشان، زیکر و تەهلیلە، تۆبە و بەچۆکدا هاتن و پەیمان دان بە ڕابەر و شێخى تەریقەت… وێنەیەکى جوان و تەکنیکێکى بێ وێنەى داوەتە چامەکە.
خەبەر بەرن بۆ شێخم تەوبەکەیم کوشتووە
پەشیمانم پەشیمان، هەر مەیێکم ڕشتووە!
بارى تەوبە گرانە و منیش شانم سواوە
هیچ شەرموشۆى پێ ناوێ بڵێم وزەم نەماوە
شاعیر خۆى دەزانێت کە کۆستەکەى ئیلهامى شیعرى داوەتێ، بە پێچەوانەى بڕواى ئەوانەى پێیان وابووە کە بەچۆکیدا دەهێنێت:
کە تۆ ڕۆییت گومانبەران
لایان وابوو
ئیتر دڵم وێرانەیە
شەنوکەوى لەشیان کردم،
وتیان تەواو…
هەرچیش بکات پەلەکوتێى کوێرانەیە
ئەو گەوجانە، نەیانزانى
بەهاى خەمى کۆچى سوورت
گەورەترین شیعرانەیە!
چنین بەشێكی گرنگی بنیادی دهقه، بە تایبەتى لە دەقە چیرۆكاویەكاندا، (حیكایەت، داستان، چیرۆك، ڕۆمان، دراما، چامەی گێڕانەوەیی). ڕەگەزێكی نادیارە، وەك ڕەگەزەكانی تر هەستی پێناكرێت. ئەو هێڵە نەبینراوەیە كە گشت پێكهاتەكانی دەقی درامی گرێداوە و لە چوارچێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێشدایه. لە چامەى کەژاڵى جواندا هەست بە چنینێکى تۆکمە دەکرێت، توندوتۆڵ و یەكگرتووە، واتا ڕووداوەكانی گرێدراون پێكەوەلكاون و لەسەر هێڵێكی ڕاست و رەوان و بە پێی پرۆگرامێكی نەخشە بۆكێشراوی ورد دەڕۆن تا دەگەنە شوێنی جێگیربوون.، لە سەرەتای دهستپێكردنی گێڕانهوهی دەقەكەوە بەرە و كۆتاییان دەبات. چنینى ڕوداوەکانى چامەکە ڕێکخستنى ڕووداوەکانە بە پێى زەمەن – هەروەکو پێشتر تیشکى خرایە سەر – دواتر لە ڕێگەى تەکنیکى نوێى گێڕانەوەوە، زەمەنەکان پاشوپێش خراون.
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی. زانکۆی سەڵاحەددین