ڕەخنەی زمانەوانی

(چەند سەرنجێکی کورت)

ماوەی چەند ساڵێکە سەرنجی ئەوە دەدەم زۆرێک لە نووسەران و خوێنەران و هەتا زۆربەی ئەوانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن و سەروکاریان لەگەڵ دونیای خوێندنەوە و نووسین هەیە ڕێگە بەخۆیان دەدەن لەسەر پرسە زمانییەکان و هەموو کارێکی زمانەوانی قسە بکەن و زۆرجار بە ڕەهاییەکی زۆرەوە ڕایخۆیان دەردەبڕن، بەبێ ئەوەی هیچ پانتایی و بوارێک بۆ گفتوگۆ بهێڵنەوە.

بێگومان پرسی زمان و قسەکردن لەسەر کێشە زمانەوانییەکان پرسێکی گەلێک قورس و گرنگە، ڕەنگە هەموو کەس نەتوانێت قسەی دروستی لەبارەوە بکات، یان شارەزایی هەموو پەنهانەکانی بێت، بۆیە باشترە تەنها دوو جۆر لە کەسەکان قسەی لەبارەوە بکەن، یەکەم ئەوانەن کە شارەزاییەکی ئەکادیمی و هاوکات پراکتیکییان سەبارەت بە زمان هەیە، چونکە تەنها ئەکادیمیەت ناتوانێت کەسێک بکاتە زمانەوان، یان زمانناس. دووەمیش ئەو کەسانەن، زمان بە بەردەوامی بەکار دەهێنن و مامەڵەیەکی هەمیشەییان لەگەڵیدا هەیە و ئەمانەش وەرگێڕ و نووسەرانن، بەتایبەت نووسەر و وەرگێڕە پڕکارەکان کە بە بەردەوامی سەروکاریان لەگەڵ بەکارهێنانی زماندا هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی هەردوو بەشەکە پێویستی بە ئەزموونی زۆر هەیە تا ئەوە هەندێک ڕاستی لەنێو زمانێکدا ڕوون بکرێتەوە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر وتاری نووسەرێکی کوردم خوێندەوە، کە هەندێک هەڵەی زمانەوانی لە رۆمانی نووسەرێکی هاوڕێی خستبووەڕوو. نووسەری یەکەم خۆی وەکو خەمخۆرێکی بواری زمان پیشاندا بوو و نووسینەکەشی لە گۆڤارێکی تایبەت بە زمانەوانیدا بڵاوکردبوویەوە، بەڵام خەمخۆری بۆ زمانێک مانای ئەوە نییە کە تۆ شارەزایی ئەو زمانەی، ئەوەی لە نووسینی ئەو هاوڕێیەدا وەکو خەوشی زمان لەنێو ڕۆمانەکەدا نیشاندرابوو دەتوانم بڵێم زیاتر لە 90% پەیوەندی بە سەلیقەی بەکارهێنانی زمانەوە هەیە، کە هەموو نووسەران بە یەک شێوە زمان بەکارناهێنن، چۆن هەموو مرۆڤەکان کۆک نین لەسەر پۆشینی یەک جۆر پۆشاک، یان یەک ستایلی قژداهێنان، ئەمش بۆ بەکارهێنانی زمانیش دروستە. بۆیە زمان بوویەکی جیوەیی هەیە و دەتوانرێت هەزار ئیمکانی نوێی تێدا بدۆزرێتەوە و بەکار بهێنرێت و هەر نووسەر و وەرگێڕە دەتوانێت بە شێوەیەکی نوێ لە قوڕی زمان پەیکەری لێ دروست بکات.
یەکێک لەو شتانەی وەکو کێشەی زمان ئەم نووسەرە باسی دەکرد و وەکو ڕەخنە ڕووبەڕووی ڕۆماننووسەکەی کردبوویەوە بەکارهێنانی هەندێک وشەی بیانی بوون، کە کۆی ئەو وشانەی (ڕەخنەگرە زمانەوانەکە) باسی کردبوو نەدەگەیشتە 20 وشە. دەکرێت لێرەدا پرسیارێک بکەین ئایا ڕێگە پێدراو نییە لە ڕۆمانێکی 260 لاپەڕەییدا 20 وشەی بیانی تێدا بێت؟ گریمان هەستی ناسۆنالیستیمان هێندە بەرزبوو بووینە ڕێگر لە بەکارهێنانی وشەی بیانی، بەڵام ئایا نابێت لەو سیاقانە بکۆڵینەوە کە ئەو وشتانەی تێدا بەکارهێنراوە؟ کێ دەڵێت بە مەبەست ئەو وشانە بەکار نەهێنراون؟ بێگومان من لێرەدا نامەوێت پاساو بۆ بەکارهێنانی وشەی بیانی بۆ نووسەرێک، (یان نووسەران) بهێنمەوە، بەڵام دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو کە پێویستمان بە چاوێکی ڕوونتر هەیە بۆ بینینی تێکست و دەبێت لە دەیان پەنجەرەوە لە تێکست بڕوانین نەک تەنها لە یەک پەنجەرەوە. خاڵێکی دیکە لیرەدا بمەوێت ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە وەرگرتنی وشەی بێگانە کارێکی حەرام نییە، زمانە جیھانیەکان و زیندووەکانیش ناتوانن بەرامبەر ھەموو دیاردەکانی گەردوون وشەی زمانەکەی خۆیان بەکار بھێنن و بەشیان ناکات بە ڕەھایی پەنا بۆ وشە گەلێکی زمانەکانی تر دەبەن زۆرجار بەتێکشکاندنی، یاخود بەداناننەوەی وەک و خۆی لەنێو زمانەکەیاندا دایدەهێننەوە. حەرامبوونی وشەی بێگانە لە بەکارھێناندا ڕەنگە تەنها لەکاتێکدا بێت کە لەبری وشەی (باش)ی کوردی وشەی (ok) بەکار بێنیت، لەکاتێکدا وشە کوردییەکە زۆر گونجاوترە و بەکارهێنانی (ok) دەبێتە جۆرێک لە زیادەڕەویی لە بەکارهێنانی زماندا.
خاڵێکی دیکەی (ڕەخنەگرە زمانەوانەکە) کە وەکو نەنگی بۆ ڕۆمانووسەکە دیاریکرد بوو بەکارهێنانی هەندێک وشەی هاوواتای کوردی بوو لە دوای یەکتر. چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕێیەکی نووسەر هەمان ڕەخنەشی لە نووسینێکی من گرتبوو، ئیتر ئەم (ڕەخنەگرە زمانەوانەکە) و ئەو نووسەرە بەڕێزەی تریش بێئاگان لەوەی ڕستە خاوەنی ڕیتمی خۆیەتی و نابێت نووسەر ئەو ڕیتمە بکوژێت. وەکو لە نووسینێکی پێشووترمدا باسم لە “ئیستاتیکای وشە” کرد، بەڵام دەبێت ئاگامان لەوە بێت، کە ڕستەش خاوەنی ئیستاتیکای خۆیەتی. ئەگەر ئەمە لە رستەدا نەبێت ڕستە و پەرەگرافەکان ڕەکیک دەبن. هەربۆیە نووسینی هەندێک نووسەر زۆر ئاسان و خۆش دەخوێنرێتەوە و بەپێچەوانەوە هی زۆربەی دیکەش زۆر ڕەق و ناخۆش و توندە، کە خوێنەر تووشی ماندووبوون دەکات. نووسەری ڕاستەقینە و زمانناسی ڕاستەقینە زمانی نووسینەکەی ماندووکەر نییە.
بە کورتی دەمەوێت ئەوە بڵێم هەموان ناتوانن ببنە ڕەخنەگری زمانەوانی و بەتەنها بەدەستهێنانی بڕوانامەیەک ناتکاتە شارەزای بواری زمان. وەک چۆن بەتەنها بە خوێندنەوەی چەند کتێبێکیش ناتوانی ببیتە زمانەوان و شارەزایی بواری زمانناسی. بۆیە ئەگەر خەمی زمانمان هەیە، سەرەتا با خۆمان بە دروستی زمان بەکاربهێنن و خۆمان بە خوێندنەوەی سەرچاوەی جۆراوجۆر دەوڵەمەند بکەین، ئەوسا ڕێگە بەخۆمان بدەین لەبارەی پرسە زمانییەکانەوە قسە بکەین و ئەوکاتیش دەبێت زۆر بە خاکەڕاییەوە بۆچوونەکانمان وەکو پێشنیار بخەینەڕوو، نەک وەکو موتڵەتی هەمیشەیی، چونکە زمان چەشنی مارە و بەردەوام کاژ فڕێ دەدات و خوی نوێ دەکاتەوە. بێگومان دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت کە زمانی کوردی تا ئێستا خاوەنی زمانێکی ستاندار نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە نیمچە ستانداردێکە و کە ناکرێت بۆچوونەکانمان بە موتڵەقی لەبارەیەوە بخەینەڕوو.

ھەواڵی زیاتر