كـتێبی “پرسی كورد لە توركیا”

(ڕانانێکی کورت)

تورکیا وەکو یەکێک لە وڵاتە کاریگەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی پێگەیەکی گەورە و گرنگە، بەو پێیەی بەشێکی لەنێو خاکی ئەوروپادایە، ئەمە بێجگە لەوەی چەشنی عێراق وڵاتێکە کەمەنەتەوەی زۆری تێدایە، کە ئەمانە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانیانەوە، بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشان و خەباتدان. یەکێک لە کەمە نەتەوەکان کوردە، کە لە دروستبوونی تورکیاوە تا هەنووکە بەردەوام مافەکانی پێشێل دەکرێت و هەر ئەم مافپێشێلکردنەشە کە بووەتە هەوێنی زۆرێک لە توێژینەوەی نووسەران و مێژوونووسان. ئیسماعیل بێشکچی، کە یەکێکە لە نووسەر و مێژوونووسە تورکەکان، بەڵام بەهۆی زۆری چەوساندنەوە و زوڵمی تورک لە کورد چەند کتێبێکی سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیا نوسیووە.

بێگومان توێژەرانی کوردیش بەردەوام هەم بە توێژینەوە و هەم بە وتار لە پرسی کوردیان لەو بەشە دابڕاوەی کوردستانیان ڕوانیوە و سەرنج و دیدی خۆیان خستووەتەڕوو و زۆرجاریش هەوڵی شرۆڤەکردنی دۆخەکەیان داوە. یەکێک لەو توێژەرانە “هێژا دڵشاد”ە، کە ساڵانێکی زۆرە سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیا دەنووسێت و بڵاو دەکاتەوە و تا ئێستا خاوەنی چەند کتێب و توێژینەوەیەکە.
لە نوێترین کتێبی ئەم نووسەرەدا بەناونیشانی “پرسی کورد لە تورکیا؛ ڕەهەند سیاسی و مێژوویی و کلتوورییەکان” چاپ و بڵاوکردەوە. ئەم کتێبە لە 258 لاپه‌ره‌ و 33 چاپتەر پێکهاتووە، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بواری توركیاناسیی نوسراوه،‌ به‌ڵام تیشك خراوەتەسەر ڕەهەندە سیاسیی، مێژوویی و كولتوورییەكانی پرسی كورد لە توركیا، بەدەر لەوەش ئامانج و سیاسەتی توركیای سەردەمی “ڕێككەوتنی كۆماریی” واته‌ سه‌رده‌می قه‌ده‌غه‌ و ڕێگرییه‌كان بۆ سه‌ر گه‌لی كورد به‌گشتی باسكراوە.
نووسەر هەوڵی داوە هاوكێشەكانی دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی 2016، شی بکاتەوە کە سەردەمێكی نوێ لە توركیا هاتەئاراوە و بە سەردەمی “رێككەوتنی كۆماریی” ناودەبرێت. بە خوێندنەوەی وردی واقیعی ئەمڕۆی تورکیا بۆ هەمووان دەردەکەوێت کە هاوپەیمانێتییەك، یان جۆرێک لە نزیکبوونەوە و هەماهەنگی لەنێوان كایەی سووپا و دەسەڵاتی سیاسیی لەو وڵاتە بوونی هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا. واتە تورکیای ئێستا تورکیای جاران نییە و کە سووپا لە جێگەیەک کاری خۆی بکات و دەسەڵاتی سیاسیش لە جێگەیەکی دیکە. نووسەر پێیوایە کە لەم خاڵەدا گەڕانەوە بۆ سەردەمی سەربازیی بە هاوپەیمانێتی ئەردۆغان و ئاك پارتی لەگەڵ دەوڵەتی قوڵ (كەمالیستەكانی سووپا) و پارتی بزاڤی نەتەوەپەرست هەموو بژاردەكانی لەمەڕ ئاشتەوایی بۆ دۆزی كورد ڕەتدەكاتەوە. هەروەها گۆڕینی سیستمی وڵات لە پارلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بەشێكە لە ئەجێندای ئەم هاوپەیمانێتییە نوێییەکە و ئەو ئەگەرە نوێیانەی کە لەبەردەم تورکیادان.
خوێندنەوەی ئەم 23 بابەتەی ئەم کتیبە کۆمەکی خوێنەر دەکات بۆ تێگەیشتن لە مێژووی نوێی تورکیا، مێژوویەکی نزیک کە هەنووکەییە، واتە بە جۆرێک تێگەیشتن و شرۆڤەی سیاسەتی ئێستای تورکیایە لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانەی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لە سیاسەتی ئەردۆغان و پارتەکەیدا ڕوویداوە. گرنگی ئەم کتێبە بۆ هەر خوێنەرێکە کە بیەوێت لە پرسی کورد و سیاسەتی تورکیا لە هەنووکەدا تێبگات. دەستخۆشی بۆ هێژا دڵشاد کە بەم کتێبەی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کرد.

ھەواڵی زیاتر