منیش وەک تۆ..

بەهزاد حەوێزی

من دەزانم
لەبەرچی
وا خەونەکانم هێندە کوشندە و جەرگبڕن..
لەبەرچی بیروهۆش و هەست و نەستم بەرگەی گلەیی
تۆ ناگرن..
لەبەرچی
وشەیەک..دێڕێک..لاپەڕەیەک
شک نابەم بە بەژنی ئازاری دووریت بێ..
تا دێ بزرکاو و رەنگتەریوو
داماو و خەوزڕاو
پەست و زگار
نیگا دیلی دیدار..
من دەزانم
لەبەرچی خامەم کەچە
وەک قەرەجێک لانەم خەمە.
بڕوابکە
لەو رۆژەوەی تۆ رۆیشتووی
تا ئەبەد
لەو کونجە تاریکە راکشاوی
منیش
خۆم نیم
منیش وەک تۆ
بوونم هەروەک نەبوونە..
لەو رۆژەوە
منیش وەک تۆ
گیان و دڵم بەو خۆڵە گەرمەی
سەر گۆڕەکەی تۆ سپاردووە.

ھەواڵی زیاتر