هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

حەسیب قەرەداخی

ئازا حەسیب قەرەداخی

وشەت کردە
ڕێنیشاندەر بۆ پێشەنگت
خەڵک و خاکت
کردە ڕشتەی ناو فەرهەنگت
دەنگت سەدای
ئازارێکە لە بن نایە
هەموو دادی
نیشتمانی ئێمەی تیایە
لە ڕووخانا
تۆ ئاخێزگەی سەری شاریت
کە ئاسمانمان
لێ زویر بێ، تۆ دەباریت
تۆ پێت وتین
گڵەزەردە ڕووگەی نوێژ بێ
پیرەمەگروون
پیری مەستی و بادەی چێژ بێ
کە هەڵکشاین
تاکو لوتکە، بارمان نەخەین
لە ئاهەنگی
ئازادیدا، دەست بەر نەدەین
فێرت کردین
خۆزگەخواز بین بۆ ئاسۆی دوور
ئۆخەی بکەین
نالی هەر وا لە شارەزوور
لە شاری کۆ
حاجی قادر حەجی دەکات
سلێمانی
گوڵ لە ئێخەی بارزان دەدات
لە ژیاندا
بەستەی خەمی خەڵک و خاک بووی
لە مەرگیشا
وەکوو قەقنەس هەتا خۆر چووی
ڕێ نووتکە
ماڵی شیعرت چراخانە
چۆن بوو توانیت
تۆ هەم شێخ بی، هەم دێوانە
هەتا ئێستا
هەر خۆت شێخی شیعری خەمی
تۆبەت نەکرد
کە دێوانەی عەشقی شەمی