کتێب سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفە

(دروستبوونی خوێنەری نوێ لە سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب)

نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لە کتێبەوە نزیکم، لانی کەم دەستم بەری کەوتووە و لێم خوێندوونەتەوە و چەند کتێبێکیشم نووسیوە، کە بەرهەمی ئەو خوێندنەوە و بەرکەوتنەمە لە کتێب.

بۆ من کتێب سەرچاوەیەک بوو بۆ خۆدۆزینەوە و خۆبونیادنان و دروستکردنی کەسێتیم، ڕاستە کۆمەڵگە و ئایین و زۆر شتی دیکە ڕۆڵیان لە بونیادنانی کەسێتی مرۆڤدا هەیە، بەڵام بۆ من کتێب سەرچاوەیەکی بنەڕەت بووە، لانی کەم لەم دە ساڵەی دواییدا هەر کتێبێکم خوێندبێتەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان رۆڵی لە بونیادنان و وشیارکردنەوە و ئاگاداربوونم لە دونیا هەبووە، بەتایبەت کتێبە هەرە لاوازەکانیش (دەڵێم لاواز نەک خراپ)، چونکە ئەوانیش لەوە ئاگاداریان کردوومەتەوە، ڕێزی زیاتر لە تێکستی داهێنەرانە بگرم. ڕەنگە زۆرجار ئەو تێکستە لاوازانە هاندەر بووبن بۆ ئەوەی دووبارە تێکستە گرنگ و داهێنەرانەکان بخوێنمەوە، یان دووبارە بچمەوە سەریان و لێیان وردببمەوە.
ئەم رۆژانە کە سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی کراوەتەوە. من خەیاڵم زیاتر لای ئەو کتێبانە نییە کە بڵاو دەکرێنەوە، بەڵکو خەیاڵم زیاتر لای ئەوەیە کە کتێب چی بەسەر ژیانی مندا هێناوە، ئەوەی کتێب پێی بەخشیوم زۆر زیاترە لەوەی تەواوی ئەزموونی ژیان فێری کردووەم، زیاتر لەوەی لە ڕێی هاوڕێکانمەوە و لە وانەکانی خوێندنگە فێری بووم، زۆرجار لەوانەوە فێری ڕق و شتی دیکە دەبین، بەڵام لە کتێبەوە (بێگومان هەموو کتێبێک نا، بەڵکو کتێبە گرنگ و داهێنەرەکان) لەوانە فیری وانەی ژیاندۆستی و مامەڵەی دروست و خۆشەویستی دەبین. تەنانەت لەو کتێبانەشی زۆر بە ڕەشبینانە باسی ژیان دەکەن، هەمیشە هەستم بە وانەیەکی ژیاندۆستی کردووە، سەرنجی وردی تەواوی بەشی زۆری فیگۆری ئەو نێو کتێبانەم داوە کە خۆیان دەکوژن، خودی ژیان نییە، کە مرۆڤ ناچار بە خۆکوژی دەکات، بەڵکو کاریگەریی دەوروبەر و لاوازی ئینسان خۆیەتی، مرۆڤ لە بەهێزیدا مەرگدۆست نییە، مرۆڤ لە لاوازیدا مەگدۆستە. من ئەمە لە کتێبەوە فێربووم.
لە هەموو پێشانگەیەکی کتێبدا بەر خوێنەری جۆراوجۆر دەکەوین، ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنجە ئەو خوێنەرەیە کە بۆ یەکەمجار لەوێ دەست بە خوێندنەوە دەکات. لەم سێیەم پێشانگەیەدا لە خانەیەکی بڵاوکردنەوە سەرقاڵی کڕینی کتیب بووم، پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵ بەدوای کتێبێکدا دەگەڕا کە بۆ ئەو گونجاو بێت و ئاسان بێت چونکە دەیەوێت بۆ یەکەمجار دەست بە خوێندنەوە بکات. من لە جێی خۆم وەستام و چاوەڕوانی ئەم پیاوە قەمسەڵە لەبەرە سیما ماندووەم کرد، بزانم چی دیکە دەڵێت: ئەو جارێکی دیکە بە کارمەندی خانەکەی گوتەوە من پێشتر هیچ کتێبم نەخوێندووەتەوە و دەمەوێت دەست بە خوێندنەوە بکەم، کامەندی خانەکە کتێبێکی بۆ پێشنیار کرد، کە بە لاچاو سەرنجمدا رۆمانێکی کلاسیکی سادە بوو، ئیتر پێویست بەوە نەبوو من خۆم هەڵقورتێنم (کە ئامادە بووم خۆم هەڵقورتێنم و ببمە هاوکار بۆ دروستبوونی خوێنەرێک). لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کردنەوەی هەر پێشانگەیەکی کتێب تەنها جوڵەیەک نییە بۆ چاپکردنی کتێب و هاوکات جوڵەیەکی بازرگانی، کە بە هەردوو دیوەکەدا گرنگی خۆی هەیە، بەڵکو جوڵەیەکە بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و دروستکردنی خوێنەری نوێ، ئەگەرچی ژمارەی خوێنەرەکان کەمیش بن.
ئێستا لەم سەردەمی خێرایی و دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێک لەلایەن تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، گرنگە بگەڕێینەوە بۆ کتێب، چونکە کتێب سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفەیە و هەموو سەرچاوەکانی دیکە یان لە کتێبەوە دێنە دەرەوە، یان ساختەن و زانیاریی و بابەتی ڕاگوزەر و تێژتێپەڕن، بەڵام ئەوەی لە کتێبدایە سەرچاوەی بنەڕەتی و هەمیشەییە کە مرۆڤ بە درێژایی سەدەکان دەگەڕێتەوە بۆیان وەکو چۆن ئێمە ئێستاش دەگەڕێینەوە بۆ دیالۆگەکانی ئەفلاتۆن و تێکستێکی وەکو “ئیلیادە و ئۆدێسە”، یان دەقێکی وەکو “کۆمیدیا”ی دانتێ و بە هەزار دەقی دیکە کە تۆز و غوباری سەدەکان نەیتوانیوە لەبیری مرۆڤایەتیان بباتەوە.
ئێستا بۆ ئەوەی وزەیەکی نوێی مەعریفی بەردەوامی هەبێت دەبێت خوێنەری نوێ دروست بکەین و کردنەوەی ئەم جۆرە لە پێشانگەش دەرفەتێکە بۆ دروستکردنی خوێنەر و گەشانەوەی ئەو وزە مەعریفیانەی هەمانە. بۆیە پێویستە هەموان پشتگیریی بەردەوامی ئەم جۆرە پێشانگەیە بکەن، بەتایبەت وەزارەتی رۆشنبیریی کە ئەرکییەکی پشتگیریی ماددی و مەعنەوەی ئەم وزە رۆشنبیریی و مەعریفییە بکات.

ھەواڵی زیاتر