دانا شوانی – هەولێر
پرسیار: له كۆڕه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ت له هه‌ولێر سه‌باره‌ت به باربووکردنێک بۆ داڕشتنی ده‌ستووری كوردستان، باست له په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ستوور و شكۆی خه‌ڵک كرد، پێت وابوو بۆ ئه‌وه‌ى له بوونی خۆمان تێبگه‌ین، پێویسته ده‌ستوورمان هه‌بێت، ئایا ده‌ستوور له‌م قۆناغه‌مانه‌دا ده‌توانێت شکۆ و هیوا و ئومێدی زیاترمان بۆ بینا بكات؟
فاروق ڕه‌فیق: به‌ڕێزتان ئاگادارن ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش وتارێكم له‌باره‌ى ده‌ستوور نووسی، له‌وێ وتم پێویست ناكا په‌له بكرێت له نووسینی ده‌ستووردا، له‌و وتاره‌دا ڕامگه‌یاند كه ئێستا كاتی نییه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵانه‌وه‌یه كه پێشتر كراوه، له‌به‌ر دڵڕاگرتنی حزبه‌كان، خه‌ڵكانێك بچنه ئه‌و لێژنانه‌ى نووسینی ده‌ستووره‌وه، كه شایسته‌گی ئه‌وه‌یان نییه بچنه ئه‌و لێژنه‌یه‌وه، ئه‌مه كاره‌سات ده‌نێته‌وه، ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت ئه‌مه‌یه شوناسی ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌یانه‌وێ ده‌ستوورمان بۆ بنووسنه‌وه.
له‌م ناوچه‌یه نووسینی ده‌ستوور كێشه‌یه، ئه‌زانی ڕەنگە وڵاتێک هه‌بێت باشترین ده‌ستووریان نووسیبێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ڵقوڵاوی خه‌ڵك نییه، خه‌ڵك هیچ هۆگرییه‌كی بۆی نییه، ناتوانێ په‌نای بۆ به‌رێت، ئه‌مریكییه‌ک یان كه‌نه‌دییه‌ک كه ده‌گیرێت، خۆ ناپاڕێته‌وه بڵێ گوناحم مه‌مگرن، په‌نا بۆ قانوونی مافه‌كان ده‌بات، ئه‌مه ئه‌بێت به به‌شێك له هوشیاریی گشتی. بە ده‌ستوور داكۆكی له ئازادی و كه‌رامه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن، ده‌بێت ده‌ستوور ئه‌م ئه‌ركه‌ى هه‌بێت، دواتر با بگه‌ڕێمه‌وه بۆ پرسیاره‌كه‌ى به‌ڕێزت. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش وتم من له‌گه‌ڵ نووسینی ده‌ستوور نیم، هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنێك دروست بوو كه گوایه من له‌گه‌ڵ ده‌ستووردا نیم، من له‌گه‌ڵ ده‌ستوورم به‌و مه‌رجه‌ى كه ده‌ستووره‌كه به كرده‌یی ئازادییه‌كان له‌به‌رچاو بگرێت، كه‌رامه‌تی ئینسان له‌به‌رچاو بگرێت…هتد، وابێ ئینسانی كورد و ده‌ستوور هه‌ڵقوڵاوی ده‌سه‌ڵات و ڕۆحی خۆیه‌تی، له‌باتی ئه‌وه بڕۆین كۆمه‌ڵه كه‌سێك بێنین له ئه‌مریكاوه تا ده‌ستوورێكمان بۆ بنووسن. به دیدی من، ده‌ستوور زۆر پێویسته، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك پێی داكۆكی له مافه‌كانی خۆی بكات، من چه‌ندینجار له‌سه‌ر مافه‌كان نووسیومه و ئێستاش كتێبێكی تازه‌م هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان مافه‌كانی مرۆڤ له ئیسلامدا، ده‌بێ داكۆكی له خۆت بكه‌یت و هێزێكیش هه‌بێت داوا له ئه‌و بكه‌یت بۆ مافه‌كانت، ئه‌وه پێی ده‌وترێت كڵه‌یم، ئه‌مه ئۆتۆرێتییه، به‌ڵام ناتوانێ كڵه‌یم بكه‌یت، چونكه ده‌ستوورت نییه، له باشترین حاڵه‌تدا، په‌نا بۆ كۆمه‌ڵێ مادده‌ى قانوونی ده‌به‌ین له عێراقدا كه چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وپێش نووسراون و داڕێژراون و عێراقییه‌كان بۆ خۆیان گیریان خواردووه به ده‌ستیه‌وه و بابایه‌ك له‌ولاوه قیت بێته‌وه شه‌قی له ده‌ستووری عێراق هه‌ڵداوه و هیچ شتێك له بابه‌ته‌كه‌ش ناگۆڕدرێت، ئه‌مه پاشاگه‌ردانییه، باشه چۆن له‌مه ڕزگارمان بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر درێژه به‌مه بده‌ین، ڕایبگرین باشتره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیوایه‌ك هه‌یه ده‌ستپێكێكی نوی ده‌ست پێ بكه‌ین و ئه‌م پاشاگه‌ردانییه‌ی عێراق تێبپه‌ڕێنین، ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌كرێت كه داڕشتنی ده‌ستوور له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ حزب ڕزگار بكه‌ین، ئه‌گه‌ر وامان كرد سه‌ركه‌وتوو ده‌بین، ئه‌گه‌ر واشمان نه‌كرد به‌دڵنیاییه‌وه شكست دەخۆین.
پرسیار: ده‌كرێ بڵێین له كوردستان فه‌لسه‌فه و فه‌لسه‌فه‌كاری له كوردستان تاڕاده‌یه‌ك ته‌نیا له كتێبدا گیری خورادووه و به‌ر كایه‌كانی ژیان نه‌كه‌وتووه، ئێمه چۆن ده‌توانین دیدی فه‌لسه‌فی له ده‌ستووردا مۆبیلیزه بكه‌ین، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان فه‌لسه‌فه و نووسینی ده‌ستووردا بینا بكه‌ین؟
فاروق ڕه‌فیق: قسه‌كه‌ی به‌ڕێزت تۆزێ بێئینسافیی تیایه، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ى كه كارێكی كردووه فه‌لسفه بدوێ له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی ئینسانی كورد و كوردستان، ئه‌وا منم. مێژووی فه‌لسه‌فه 2500 ساڵه، ئێمه میلله‌تێكین له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه نه‌خوێنده‌وارین، ده‌م له فه‌لسه‌فه ده‌ده‌ین. خۆم نزیكه‌ى هه‌شت ساڵه خه‌ریكی شه‌رحی ئه‌فلاتوونم، ئه‌مانه چییه، ئه‌مانه هه‌مووی هه‌وڵن، ته‌ماشا كه له كۆڕه‌كه‌ى هه‌ولێرم سه‌باره‌ت به ده‌ستوور، به دیالۆگی یاساكان باسی ده‌ستوورم كرد، هه‌ر خۆی داڕشتنی ده‌ستوور به‌شێكه له فه‌لسفه، چونكه ده‌ستوور به مانا ئینگلییزییه‌كه‌ى به مانا یۆنانی و ته‌نانه‌ت فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانییه‌كه‌شی بریتییه له كۆنستیتوشن، كۆنستیتوشن، واته ده‌ستوور، له سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌وه، كۆنستیتوشن، ئیشی فه‌یله‌سووفه‌كان بووه، كۆمه‌ڵێ ده‌قی گه‌وره‌ت هه‌یه له ناو فه‌لسه‌فه‌دا، ئه‌زانی تا سه‌ده‌ى نۆزده، تا هێگڵ، فه‌یله‌سوفه‌كان، قانوونداڕێژه‌ره‌كانی مرۆڤایه‌تیی بوون، ئه‌مه ئیش و ئه‌ركه گه‌وره‌كه‌یه، ئێمه تووشی ماندووبوونێكی زۆر نابینه‌وه، گه‌ر له ناو فه‌لسه‌فه بۆ ڕۆڵی فه‌یله‌سوف له داڕشتنی ده‌ستووردا چی بووه. ماوه‌ته‌وه ئێمه‌ی پێ ئاشنا بین به‌و میراته، به مانایه‌كی دیكه، خۆمان بپارێزین له هه‌ندێ قوتابخانه‌ى فكری، له هه‌ندێ دید كه خۆی وه‌ك فه‌لسه‌فه پیشان ده‌دا كه له ڕاستیدا فه‌لسه‌فه نییه، ساخته‌یه، زانستێكی موزه‌یه‌فه، فه‌لسه‌فه‌ى موزه‌یه‌فیش هه‌یه، ڕێك مه‌به‌ستم پۆست مۆدێرنیزمه، ئه‌مه به‌ره‌و هیچ شوێنێكمان نابات، بۆیه ده‌بێ له فه‌لسه‌فه‌ی قانوون‌دا، خۆمان چڕ بكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر وامانكرد فه‌لسه‌فه كۆمه‌كمان ده‌كات، ڕاستییه‌كی تریش هه‌یه لێره‌دا، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه كه ئێمه ڕه‌نگه پێویستمان به فه‌یله‌سووفێك نه‌بێت كه هه‌موو ئه‌ركه‌كانی مرۆڤایه‌تیی كێشاوه، بیكێشێته‌وه، چونكه له ناو ده‌قه‌كاندا هه‌یه، به‌ڵام ئاشناین پێی، هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی و خستنه‌ڕووی، ئاسانه، به‌س ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی چۆن ده‌یدۆزینه‌وه، دواتر ده‌كرێ بپرسین فه‌لسه‌فه چیمان بۆ ده‌كات؟ ڕاستییه‌كه‌ى من دوو شت شك ده‌به‌م كۆمه‌كی ئێمه و دنیای سێیه‌م ده‌كات ئه‌ویش فه‌لسه‌فه و زانسته، هه‌رچه‌نده هه‌ردووكیانیش له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان. كۆمه‌ڵێ وێناكردن هه‌یه له فه‌لسه‌فه‌دا، ڕۆشنبیر هه‌یه هێنده‌ى سه‌له‌فییه‌ك دژایه‌تی فه‌لسه‌فه ده‌كات، چونكه به كرده‌یی هیچی لێ نازانێ، لێی تێناگات، له‌به‌رئه‌وه په‌لاماری ده‌دات، ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی پێ ئاشنا بكه‌ین، به دڵنیاییه‌وه سوودمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت.
پرسیار: پرسی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور ته‌نیا له ده‌ستی یاساناسه‌كاندایه، به‌ڕای تۆ پێویست ده‌كات كۆمه‌ڵناس و فه‌لسه‌فه‌كارانیش به‌شدارییان تێیدا هه‌بێت؟ كاتێ ته‌ماشای حوکمڕانی فه‌ره‌نسیی ده‌كه‌ین، له كاتی گۆڕینی سه‌رۆككۆماردا، یه‌كه‌مین دانیشتن، سه‌رۆككۆماری تازه له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوف و كۆمه‌ڵناسه‌كاندایه، مه‌سه‌له‌ى نووسینی ده‌ستوور، مه‌سه‌له‌یه‌كی وجودییه، ئێمه به‌دوای ناسنامه‌ى خۆماندا ده‌گه‌رێین، ئه‌گه‌ر وابڕیار بێت ده‌ستوور یه‌كێك له ئامرازه‌كانی دۆزینه‌وه‌ى بوونمان بێت، بۆ ته‌نیا یه‌ك توێژ خه‌ریكی نووسینی بن، به‌ڵكو پێویسته كۆمه‌ڵناس و فه‌لسه‌فه‌كار و توێژه‌كانی تریش له‌م پرۆسه‌یه به‌شدار بن.
فاروق ڕه‌فیق: به‌دڵنیاییه‌وه پێویسته ئه‌وانه بهێنرێنه ناوه‌وه، به‌ڵام پێم وایه بایی ئه‌وه‌نده فه‌لسفه‌كارمان هه‌یه بیانهێنینه ناوەوه، بۆیه نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور ته‌نیا مه‌سه‌له‌یه‌كی قانوونی و ئه‌بسراكت نییه، كه كۆمه‌ڵێ یاساناس بهێنیت و خه‌ریكی نووسینی بن، بێ ئه‌وه‌ی ناوی كه‌س بهێنم، خه‌ڵكانێك هه‌یه ماده‌ی ده‌ستوور له زانكۆ ده‌ڵێته‌وه، به‌ڵام كه دێته سه‌ر نووسینی ده‌ستوور، دۆخی زۆر خراپه، چونكه پاشخانی فكری و فه‌لسه‌فیی نییه. هه‌رچه‌نده پێویسته ئه‌وانیش هه‌بن، به‌ڵام هیشتا به‌س ئه‌وان به‌س نین، ئه‌وان ناتوانن ده‌ستوور بنووسنه‌وه، ئه‌وانه سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یه و به كرده‌یی سه‌لماندوویانه و لێی ده‌زانن ده‌بێت به‌شدار بن له‌و پرسه‌دا، ده‌بێ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى تیا بێت كه شاره‌زای مێژووی دنیان، ده‌بێ زمانناسانی تیا بێ، ده‌ستوور پێش هه‌موو شتێك پێویسته به كوردی بنووسرێت، ئه‌مه لای من له هه‌موو شتێك گرنگتره.
پرسیار: یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه‌ى لێره‌دا هه‌یه كه كۆمه‌ڵێ خه‌ڵك پێیان وایه زمانی كوردی ناتوانرێ یاسای پێ بنووسرێته‌وه و پێ دابڕێژرێت، له كاتێكدا زمانی كوردی یه‌كێكه له زمانه ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ وشه‌كان، به‌ڕای تۆ ئه‌م دیده له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
فاروق ڕه‌فیق: كێشه‌ى زمانی كوردی ئه‌وه‌یه بیری پێ نه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌گینا وه‌ك هه‌ر زمانێكی تری دنیایه، چونكه زمانێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و ده‌توانرێ ده‌قه قانوونییه‌كانی پێ گوزارشت بكرێت. زمانی كوردی ده‌توانێ گوزارشت له فه‌لسه‌فه بكات. من له 2014ه‌وه خه‌ریكی شیكردنه‌وه‌ى دایه‌لۆگه‌كانی ئه‌فلاتوونم، ئه‌مه‌م به چی كردووه به زمانی كوردی كردووه، كه‌واته ئه‌م زمانه ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه ئه‌م كاره بكات، تۆ ته‌ماشا بكه، بزانه كه قسه ده‌كه‌ین زمانمان ته‌ته‌ڵه ناكاتـ له كاتێكدا ئازادانه‌ش قسه ده‌كه‌ین، به‌ڵام ڕۆژ به ڕۆژ زمانه‌كه دێت له‌گه‌ڵتدا، بۆیه ناتوانین ته‌مبه‌ڵی خۆمان به‌سه‌ر زمانه‌كه‌دا بسه‌پێنین.
پرسیار: ده‌مه‌وێ دیدت سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی ناسیۆنالیزم و ده‌ستوور بزانم، پێت وایه هه‌بوونی دیدێكی ناسیۆنالیستی له نووسینی ده‌ستوور، خزمه‌ت به شكۆی خه‌ڵكی كورد ده‌كات، له كۆڕه‌كه‌ى هه‌ولێرت سه‌باره‌ت به ده‌ستوور ڕاتگه‌یاند كه هه‌موو دیدێكی ناسیۆنالیستی مه‌رج نییه په‌ڕگیر بێت یان زه‌بروزه‌نگ به‌رهه‌م بهێنێت، ده‌كرێ ئه‌م پرسه زیاتر ڕوون بكه‌یته‌وه؟
فاروق ڕه‌فیق: ئه‌و كه‌سه‌ى پێی وابێت هه‌موو دیدێكی ناسیۆنالیستی په‌ڕگیره، ئه‌مه كێشه‌یه، كۆمه‌ڵێ فۆرمی ناسیۆنالیستیمان هه‌یه كه گفتوگۆمان كرد كام فۆرمیان هه‌لومه‌رجی ئه‌و خه‌ڵكەی پێی ده‌ڵێن كورد له‌پێشچاو ده‌گرێت، میژووه‌كه‌ى له‌پێشچاو ده‌گرێت، هیواكانی له‌پێشچاو ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌مه له‌سه‌ر حیسابی هیچ گرووپ و كیانێكی تر ناكات، ئه‌مه ده‌توانێت قابیلی قبوڵ بێت، به‌ڵام ئێمه ده‌ستوورێك نانووسین هیچ په‌یوه‌ندییەکی به كورده‌وه نه‌بێت، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، نابێت وابێت، چونكه ئێمه ده‌ستوورێكی گه‌ردوونی نانووسین، هه‌ركه‌سێك بێنی بڵێ خۆمی تیا ده‌بینه‌مه‌وه، شتی وا له جیهاندا نییه، ده‌ستووری ئه‌مریكی وا ده‌ستپێ ده‌كات (We the people of united states) ئێمه خه‌ڵكانی ئه‌مریكا، ئه‌م گوزارشته له‌وه‌ى له‌م ده‌ستووره‌دا قسه ده‌كات ئێمه‌ین، من نا. ئه‌م مافه هه‌موومان ده‌كاته ده‌ره‌وه جگه له هاونیشتمانانی ئه‌مریكی، به‌ڵام ئه‌مه كوێی یونیڤێرسالیه؟ كه‌سانی تیا نییه، ته‌نیا هاوڵاتی ئه‌مریكی نه‌بێت، بۆیه نووسینی ده‌ستوور تۆزێك ناسكه، ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ ماف و بوونی كوردا نین، كۆمه‌ڵێ شت دروست ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه كه قسه ده‌كه‌ن كوردبوون و كوردنه‌بوون یه‌ك شته لایان، ئه‌مه‌ش زۆر خراپه.
پرسیار: پرسێكی دیكه كه لای من زۆر گرنگه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا ئێمه ده‌بێت ده‌ستوورێك بنووسینه‌وه ده‌ستووره‌كه سیكۆلار بێت بۆ بیناكردنی كۆمه‌ڵگه، یان ده‌بێ ده‌ستوورێكی دینی بێت؟ پێم خۆشه دیدت له‌م باره‌یه‌وه ڕوون بكه‌یته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ت بۆیه لێ ده‌كه‌م، چونكه ئێمه له سۆسیۆلۆژیادا تیۆر و تێگه‌یشتنێكی ڕوونمان سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگه و جڤاته فره‌كولتوور و فره‌نه‌ته‌وه‌كان هه‌یه، ئاشكرایه كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌دین و فره‌كولتوور و فره‌نه‌ته‌وه‌یه، ئایا ده‌توانین ده‌ستورێكمان هه‌بێت له یه‌ك كاتدا، هه‌م سیكۆلار بێت و هه‌م ڕه‌چاوی تێگه‌یشتنی دینه جیاوازه‌كان بكات، به مانایه‌كی دیكه، هه‌م ئیسلامییه‌ک خۆی تیا ببینێته‌وه، هه‌م جووله‌كه‌یه‌كی كورد، هه‌م كاكه‌یی و ئێزدی و مه‌سیحی و ته‌نانه‌ت بێدینێكیش خۆی تیا ببینێته‌وه؟
فاروق ڕه‌فیق: له ڕاستیدا خۆی ده‌بێ وابێت، ئه‌مه‌یه ناسكبوونی ئه‌م پرۆسه‌یه، گه‌ر وانه‌بێت ده‌ستپێكێكی هه‌ڵه‌یه، ڕه‌وا نییه كۆمه‌ڵێ سه‌ركۆنه بكه‌م بڵێم خه‌تای ئه‌م گروپه‌یه و خه‌تای ئه‌م گرووپه نییه. ڕه‌نگه خه‌تای هه‌موو گرووپه‌كان بێت، له نێویشیاندا ئه‌وانه‌ى پێیان ده‌ڵێن ڕۆشنبیر، ئێستا ده‌توانین ده‌ستپێكێكی دیكه ده‌ست پێ بكه‌ین به‌م چه‌شنه نه‌بێت، بۆیه زۆر گرنگه بزانین ئه‌و ئه‌پرووچ و ئاراسته‌یه‌ى كه ئیستا هه‌یه، ئه‌م ئه‌پرووچ و ئاراسته‌یه له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌ستوورێكی سیكۆلار یان ده‌ستورێك به‌ر مه‌بنای دیدگای دینی، ئه‌مانه ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه، ئه‌م ئاراسته‌یه كه‌م دێنێ و دووباره كۆمه‌ڵگه بۆ كۆمه‌ڵێ به‌ش پۆلینبه‌ند ده‌كات، بۆیه ده‌توانین له ڕێگه‌ى ئه‌فلاتوونه‌وه له‌م پۆلینبه‌ندییه تێبگه‌ین. لای ئه‌فلاتوون شتێ نییه به‌ناوی ده‌ستووری سیكۆلاریستی یان دینی، به‌ڵكو قسه هه‌یه له‌باره‌ى ده‌ستووری چاک، قسه هه‌یه له‌سه‌ر ده‌ستوورێك له‌باره‌ى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و پێكهاتانه‌ى له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌یه، ئه‌فلاتوون له بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك قوتابییه‌كی سوكرات گومانگه‌رایه.
پرسیار: یانی مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه ده‌توانین بڵێین ده‌ستوورێكمان هه‌بێ گوزارشت نه‌بێ له به‌ها سیكۆلار و دینییه‌كان؟
فاروق ڕه‌فیق: به‌دڵنیاییه‌وه وایه، بۆیه كه به‌و شێوه‌یه ده‌ستت پێ كرد، ئه‌وا خه‌ڵك له خۆت ده‌كه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وریاییه‌وه ده‌ستت پێكرد خۆت له‌م ته‌ڵه‌یه ڕزگار ده‌كه‌یت، ئه‌زانی ئه‌مه ته‌ڵه‌یه، مه‌سه‌له‌ی دینیبوون و مه‌سه‌له‌ی سیكۆلاربوونی ده‌ستوور ته‌ڵه‌یه، ئه‌زانی بۆچی؟ چونكه له كوردستان تێگه‌یشتنی زۆر هه‌ڵه بۆ سیكۆلاریزم كراوه، به‌تایبه‌ت له لایه‌نی ئیسلامییه‌كانه‌وه، به مه‌به‌ست شێواندوویانه، من یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ى زۆرم له‌م باره‌یه‌وه قسه كردووه، به‌ڵام تۆ ناتوانی به‌س بڵێی سیكۆلاری، چونكه سیكۆلاریزم شێوازی حوکمڕانییه، مرۆڤێك ناتوانی سیكۆلار بێت، ده‌كرێ ده‌یان ئایینمان هه‌بێ، بۆیه ده‌بێت تێگەیشتمان بۆ سیكۆلاریزم ده‌ستكاری بكه‌ین و بیگۆڕین، به‌ڵام هێزێك هه‌یه ده‌یه‌وێ له ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه سوودی لێ وه‌ربگرێت و وه‌ریشیگرتووه، نایه‌وێ وێناكردنێكی نوێمان بۆ سیكۆلاریزم هه‌بێت، ئه‌وان ده‌ڵێن تۆ ئایین په‌رته‌وازه ده‌كه‌یت، ئایین له‌ناو ده‌به‌یت، له كاتێكدا ئه‌وه نوكته‌یه، له كاتێكدا ئه‌مریکا به فه‌رمی وڵاتێكی سیكۆلاره، به‌ڵام ئایین تیایدا زۆر كاریگه‌ر و به‌رچاوه، كه‌واته ئه‌مه وه‌ڵامه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه پێیان وایه سیكۆلاریزم دژایه‌تییه بۆ ئایین، ئه‌مه پروپاگه‌نده‌یه‌كی زۆر سووكه و خه‌ڵکی پێ چەواشە دەکەن. هەتا ئه‌م پروپاگه‌نده‌یه سه‌ر بگرێت، ئێمه هیچمان پێ ناكرێت، چونكه به‌گوێرەی دیدی ئه‌وان بێت، ده‌بێت حوکمڕانی به‌و جۆره‌ى ئه‌وان ده‌یانه‌وێ بیگرنه به‌ر.
پرسیار: یانی مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه ده‌كرێ ئێمه ده‌ستوورێكمان هه‌بێت، نه دینی بێت و نه سیكۆلار، به‌ڵكو ده‌ستوورێك بێت ڕه‌چاوی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ها مرۆییه‌كان بكات؟
فاروق ڕه‌فیق: به‌دڵنیاییه‌وه وایه. ماوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م ده‌ستووره چۆن ئه‌مه ده‌كات و چۆن ڕه‌چاوی ئه‌و پره‌نسیپانه ده‌كات، چۆن ڕه‌چاوی به‌ها گه‌ردوونی و لۆكاڵییه‌كان ده‌كات. بۆ نموونه له ده‌ستووری ئه‌مریكادا ماده‌یه‌كی تیایه كه كۆنگرێس ناتوانێ هیچ یاسایه‌ك ده‌ربكات له په‌یوه‌ست به ئایینه‌وه، واته ئه‌م حوکمڕانییه قانوون له‌باره‌ى ئایینه‌وه ده‌رناكات، واته سیكۆلاره، به‌ڵام پارێزگاریكردن له هه‌موو وێناكردنێكی ئایینی تاكی ئه‌مریكی ده‌كات، ئێمه‌ش ئه‌مه‌مان ده‌وێت، ئه‌م پرسه لێره به ئه‌نقه‌ست شێێوندراوه به‌تایبەت هه‌نێ هێزی سیاسیی ئایینی هه‌یه كه ئه‌یه‌وێ ئه‌مه بكات وه‌كچۆن ده‌ستووری عێراقیان له‌ناو برد، ئه‌ویش به‌یه‌ك مادده، ده‌ستووری عێراق داغانه، بۆ نموونه مه‌رجی تەعجیزی له ده‌ستووری عێراقدا هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هیچ یاسایه‌ك ده‌رناكرێت پێچەوانەى ئایینی ئیسلام بێت، دواتر هیچ یاسایه‌ك ده‌رناكرێت پێچه‌وانه‌ى مافه‌كانی مرۆڤ بێت. ئه‌مه مه‌رجی تەعجیزیه، بۆ نموونه ئازادیی ئایین له‌م به‌رنامه و مادده‌وه ده‌كه‌وێته كوێوه. چۆن ددان به ئازادیی ئاییندا ده‌نێ، كه‌سێك بیه‌وێ ئایینی خۆی بگۆڕێت، به‌پێی ده‌ستووری عێراق ناتوانێ ئه‌م كاره بكه‌یت.
پرسیار: دوایین پرسیارم ئه‌مه‌یه كه ئێمه له سۆسیۆلۆژیادا هاوكێشه و ئه‌رگومێنتێكمان هه‌یه ئه‌وه‌یه كه قانوون و ده‌ستوور ده‌بێ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى واقعه كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان بن، ئایا ئه‌كرێ ئه‌م دیده له فه‌لسه‌فه‌شدا بدۆزینه‌وه؟
فاروق ڕه‌فیق: ئه‌مه زۆر ناسكه، ئێمه ئه‌گه‌ر وابكه‌ین ئێمه قانوون و ده‌ستوور ده‌به‌ین بۆ لۆكاڵ، قانوون ده‌به‌ین بۆ شتێك كه په‌یوه‌ندی به یونیڤێرساله‌وه نییه، له كاتێكدا قانوون یونیڤێرساله، قانوون گوزارشت نییه له گرووپی بچووك بچووك، له ڕاستیدا ئه‌مه پێچه‌وانه‌ى فه‌لسه‌فه‌شه. ئه‌و دایه‌لۆگه‌ى ئه‌فلاتوون كه له‌پیش دایه‌لۆگی قانوونه‌كان دێت، سوكرات پێی وایه قانوون بریتییه له دۆزینه‌وه‌ى واقع یان بوون، بوون چه‌مكێكی یونیڤێرساله. وجودی كورد نا، وجودی عه‌ره‌ب نا،…هتد، به‌ڵكو وجود به گشتی، قانوون دۆزینه‌وه‌ی بوونه له لایه‌ن ئه‌قڵه‌وه، كه‌واته قانوون یونیڤێرساله، به‌ڵام ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ى كه ڕه‌هه‌ندێكی قانوون هه‌یه كه ڕێك ته‌بایه له‌گه‌ڵ ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو، كه هیشتا هه‌ر گوزارشت نییه له‌وان به ته‌نیا، ئه‌گه‌ر وابوایه هێنده‌ى ژماره‌ى مرۆڤ قانوون داده‌ڕێژرا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌مه كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه. بۆ له سه‌ره‌تادا بۆ پرسی نووسینی ده‌ستوور نه‌توانین ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، كیشه‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه ئه‌م گفتوگۆیانه ناكه‌ین، به‌ڵام خه‌ڵكی یاساییمان هه‌یه، یه‌ك پێناسه‌یان بۆ یاسا نه‌كردووه، بیرمه له گفتوگۆیه‌ك له‌باره‌ى نووسینی ده‌ستوور یاساناسێك وتی قانوون چییه ده‌كرێ هه‌ركات بمانه‌وێ بیگۆڕین و هه‌ڵیوه‌شێنینه‌وه و بینووسینه‌وه، ئه‌مه گه‌مه‌ى منداڵانه نییه، ئه‌مه بۆچوونێكی ترسناكه، چونكه گه‌ر وریا نه‌بین قانوونه‌كان سته‌مكاری به‌رهه‌م ده‌هێنن، ڕسته‌یه‌كی سوكرات هه‌یه له دایه‌لۆگی مینۆسدا ده‌ڵێت قانوونی خراپ بوونی نییه، چونكه قانوونی خراپ خۆی هه‌ر قانوون نییه، كه‌وایه قانوون و ده‌ستوور ده‌بێت چاك و پێویست بێت، ئه‌و قانوونه‌ى سته‌مكاری به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌وه قانوون نییه، شتێكی دیكه‌یه.