پیاسەیەک لەگەڵ بادا

رێبوار قه‌ره‌حه‌سه‌نی

له‌به‌ر بیزاری، به‌م ئێواره‌یه‌
ده‌ستی شه‌قام و،رێی نامۆ ده‌گرم
به‌ژێر ره‌هێڵه‌ی، باران و به‌فرا
ده‌چم له‌ ژووانی،جارانا ده‌مرم

***

له‌گه‌ڵ یادگارێك، سه‌ر دەنێمه‌وه‌
له‌ژێر دره‌ختی، ڕەنگ زەردی پایز
سه‌ربرده‌ی عیشقم، ده‌خوێنمه‌وه‌
بۆ په‌پووله‌یه‌، سه‌رمابردووی زیز

***

هه‌ردوو پێكه‌وه‌، له‌سای پایزدا
سه‌ر ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر، گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریو
به‌ده‌م هه‌نسكی، یادگاره‌وه‌
تا ڕووحمان ده‌بێ، به‌خونچه‌ی ته‌زیو

***

ئاسمان هه‌ورێكه‌، وه‌كو خه‌می دڵ
نمه‌ی بارانیش، ئه‌سرینی گه‌شمه‌
ته‌رمی ئه‌م عیشقه‌، له‌كوێ بنێژم
وه‌ك كۆرپه‌ی ئازیز، هه‌ر له‌باوه‌شمه‌

ھەواڵی زیاتر